Sunday 7 August 2016

نەبوونی بارجێگیری سیاسی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا

نەبوونی بارجێگیری سیاسی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا
نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
پێشەکی
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕووداوێکی گرنگ و ناوازە لە مێژووی عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا ڕوویدا  کە بریتی بوو لە چونەناوەوەی خۆپیشاندەرانی سەر بەڕەوتی صەدر بۆ بینای پەرلەمان ڕاکردن و چۆڵکردنی بیناکە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە. ئەم ڕووداوە و چەندین ڕووداوی تریش خوێندنەوەی سیاسی جیاواز هەڵدەگرێت، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە کورتە دەیەوێت ئەو پرسیارە بوروژێنێت کە بۆچی بارجێگیریی سیاسی لە عێراقدا هێندە لاوازە کە بۆشایی نێوان حکومەت و خەڵکی وا بەرفراوانکردووە. لەم لێکۆڵینەوەدا گوزەرێکی خێرا بە مێژووی نزیکی بونیادنانەوەی عێراقدا دەکەمەوە و بەدوای ئەو فاکتەرە سەرەکیانەدا دەگەڕێم کە بنەڕەتی بوون لە گەیاندنی عێراق بەم حاڵەی ئەمڕۆ.

عێراقی نوێ، ئاوڕدانەوەیەکی خێرا
لە دوای کۆتایی هێنان بە مەرکەزیەت و حوکمی تاکەکەسی و تاکە حیزبی لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، خەڵک و پێکهاتەکانی عێراق بەئومێدی ئەوەبوون کە ووڵاتەکەیان ئارامی و بارجێگیری سیاسی بەخۆیەوە ببینێ. ئەوان پێێانوابوو کە لە عێراقی نوێدا لەبری حیزبێک خۆیان دەبنە خاوەنی دەوڵەتێک کە جێگەی هەموانی تێدا ببێتەوە. لەم پێناوەشدا، نوێنەرانی پێکهاتەکانی عێراق دەستورێکیان نوسی کە تیایدا سیستەمی سیاسیەکەی دیموکراسی و فرەحیزبی و فیدڕاڵی بوو.لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ یشدا، دەنگیان لەسەر دەستورەکە دا.  ئەگەر دیموکراسی بریتی بێت لە بیرکردنەوە و دەنگدانی ئازادی خەڵک و فیدڕاڵیش بریتی بێت لە دابەشکردنی دەسەڵات بۆ سەەر چەند ئاستێکی سیاسی و ئیداری جیاواز، ئەوا دەبێت دیموکراسی و فیدڕاڵی ببنە هۆی نزیککرنەوەی دەسەڵات و خەڵک. بە مانایەکی تر، دەبێت دیموکراسی و فیدڕاڵی ببنە سەرچاوەی سەرەکی دروستبونی بارجێگیریی سیاسی. بەڵام لە عێراقدا، سەڕەڕای بوونی دەستورێک کە نوخبەی سیاسی سوێندی پابەنبوونیان پێیەوە خواردووە و سەڕەرای ئەنجامدانی چەند هەڵبژاردنێک بارودۆخی عێراق تا دێت لە ڕووی سەقامگیریەوە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت. لە ئێستادا نەک هەر حکومەت بەڵکو پەرلەمانیش پەکی کەوتوە. لە دوای ٢٠٠٣ ەوە هیچ کات عێراق وەک ئێستا ناسەقامگیر نەبووە. لەم لێکۆلینەوەیەدا هەوڵ ئەدەم فاکتەرە سەرەکیەکانی ئەم ناسەقامگیریەی ئێستای عێراق کنە بکەم.
فاکتەرەکانی لاوازبوونی بارجێگیری سیاسی لە عێراقدا
من وای دەبینم کە چەند فاکتەرێک سەرەکی بوون لە لاوازی بارجێگیریی سیاسی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا، لەوانە میراتی پێشووی حکومەتەکانی عێراق لە مێژودا، هەندێک خەلەلی بنەڕەتی لە دروستکردنەوە و بونیادنانی عێراقدا، هەندێک گرفت لە بونیادی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. هەریەک لەم خاڵە بنەڕەتیانە لە خوارەوە شیکار دەکەم و بەشداریان لە لاوازکردنی بارجێگیری سیاسیدا ڕوون دەکەمەوە. ئەم فاکتەرانەی من باسمکردوون سەرتاپایان فاکتەری ناوخۆیین و هەندێک فاکتەری دەرەکیش هەن کە من لەم لێکؤلینەوەیەدا باسیان ناکەم وەک هاتنەناوەوەی هێزە توندڕەوەکان وەک ئەلقاعیدە و داعش بۆ ناو عێراق و کاریگەری دەوڵەتانی دراوسێ و بوونی هەندێک هاوکێشەی سیاسی نێودەوڵەتی.
 یەکەم: میراتی پێشووی دەوڵەتی عێراق
عێراق لە سەرەتای دروستبونیەوە بە دەست کۆمەڵێک کێشەوە ناڵاندوێتی. ئەم کێشانە بەهۆی شێوازی دروستکردنی دەوڵەتەکە و سیستەمە سیاسیەکەی و تێڕوانینی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان بۆ دەوڵەت و فرەیی و دەسەڵاتی عەسکەرەوە دروستبوون. سەرەتاش لە شێوازی دروسکردنی دەوڵەتەوە دەست پێدەکەم.
هەروەک دیارە کە لە مێژوی ناوچەکەدا، دوو عێراق ناویان هەبووە: عێراقی عەرەبی و عێراقی عەجەمی (١). بەڵام هیچ یەکێک لەم عێراقانە سنوری ئێستای عێراقی نەبووە. بەپێی هەندێک لە نەخشە کۆنەکان عێراقی عەجەمی ناوچە عەرەبیەکانی باشوری خۆرئاوای ئێستای ئێرانی گرتۆتەوە و عێراقی عەرەبیش سنورەکەی تا بەغداد هاتووە. تەنانەت هێزەکانی بەریتانیاش پێش دروستکدنی دەوڵەتی عێراق لە ١٩٢٠ دا هەر بە میزۆپۆتامیا ناویان بردووە لە بەڵگەنامەکانیاندا. بۆیەش دروستبونی دەوڵەتی عێراقی هیچ پێشینەیەکی پتەوی پێشووی نەبووە بەڵکو لێکدانی سێ ویلایەتی (موسڵ و بەغداد و بەسرە) دەوڵەتی عوسمانی بووە کە چارەنوسی ویلایەتێکیان (موسڵ) تەنها ساڵی ١٩٢٥ یەکلایی بۆتەوە (٢). گرفتێکی تر لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراقدا بریتیە لەوەی کە لەسەر ڕاوێژی پێكهاتەکانی نەبووە بە تایبەت کورد و عەرەبی شیعە. هەرچەندە جۆرێک لە پرسوڕا بە هەندێک کەس لە هەموو پێکهاتەکان کراوە لە ساڵی ١٩١٩ دا، بەڵام ڕەخنەی زۆر لە ڕاپرسیەکە گیراوە لەهەمبەر ئەو کەسانەی پرسوڕایان پێکراوە و ئەو پرسیارەی لەپرسوڕاکەدا هەبووە و لە چۆنیەتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیشدا (٣).
ئەو دەوڵەتانەی فرەنەتەوەن و دەیانەوێت دیموکراسیانە ژیانی سیاسی بەرنەسەر، سیستەمی فیدڕاڵی دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر پێکهاتەکان ڕازی بکات چونکە هەموویان خۆیان بە خاوەنی دەوڵەتەکە دەزانن و هیچ یەکێکیان بە تەنها دەستبەسەر جومگە ئیداری و مالی و سیاسیەکانی دەوڵەتدا ناگرێت. بەڵام بەریتانیەکان سیستەمی سیاسی عێراقیان کردە کۆپیەکی سیستەمی سیاسی بەریتانی و هەستان بە دامەزاندنی دەوڵەتێکی پاشایی کە کاری لەسەر سیستەمی مەرکەزیی دەکرد. تەبەنیکردنی سیستەمی مەرکەزیی هەڵەیەکی زەقی بەریتانیەکان بوو لە بەردووخاڵ:
·       بەریتانیا دەوڵەتێکە کە تیایدا سیستەمنی مەرکەزیی گونجاوە بۆی، بەڵام بۆ عێراق ئەمە گونجاو نەبوو چونکە هەم دیموکراسی لە عێراقدا تازەبوو هەم پێکهاتەکانیش هەستیان بە بەشخوراوی دەکرد.
·       لەم سیستەمە مەرکەزیەدا، ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتە دەست کۆمەڵێک ئەفسەری سونەی ناسیۆنالیست بوون کە لەگەڵ مەلیک فەیسەڵی یەکەم کاتی خۆی دژی دەوڵەتی عوسمانی جەنگا بوون. هەندێک لەم ئەفسەرانە هەستێکی نەتەوەیی پەڕگیریان هەبوو بۆ برەوپێدانی فیکری عەرەبچێتی و بەعەرەبیکردنی عێراق.
بەشێک لە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان کە سونە بوون زۆر بە توندی دژی هەر فکرێکی قەومی یان مەزهەبی دەوەستانەوە چونکە پێیانوابوو دەبنە هۆ پارجەپارچەبوونی دەوڵەت. لە ئەدەبیاتیاندا هانی کەلتووی سونی عەرەبیان دەدا و ئیهانەی فیکری مەزهەبی شیعە و قەومی کوردیان دەکرد. لە سەردەمی بەعسدا سیاسەتی فەرمی دەوڵەت لەسەر بنچینەی عەرەبچێتی دامەزرابوو. دروشمی حیزبی بەعس ئەمە بوو (أمة عربیة واحدة، ذات رسالة خالدة)، بەمەش هیچ گرنگیەکیان بۆ وجودی نەتەوەی تری وەک کورد دانەئەنا. ڕێژەی کورد و عەرەبی شیعەش لە پۆستە ڕەسمیەکاندا لە چاو ڕێژەی دانیشتوانیانەوە زۆر کەم بوو. هەموو ئەمانە میراتێکی بەجێهێشت کە بە بێمتمانەیی سیاسی نێوان پێکهاتەکان و نوخبەکانیان دەناسرایەوە. ئەم  بێمتمانەییە کاریگەری لەسەر لاوازی بارجێگیریی هەبوو لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا.
دووەم: گرفتەکانی بونیادنانەوەی دەوڵەتی عیراق لە دوای ٢٠٠٣
ڕووخانی دەوڵەت و دەسەڵاتی بەعس لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە تا ڕادەیەکی زۆر مەحاڵ بوو، هەرچەندە عێراق لە لاوازترین حاڵەتیشدا بوو بە هۆی ئەو ئابڵوقە ئابوریانەی لەسەری داندرابوو. بۆیەش کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی، بە تایبەت ئەمریکا، پلانی ڕووخاندنی دەوڵەتی بەعسی دەستپێکرد و لە ٩/٤/٢٠٠٣ دا بە فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس هێنا. دواتر، بەفەرمی ئەمریکا وەک داگیرکەر ناسێنرا. ناساندنی ئەمریکا وەک داگیرکەری مافی بەڕێەبردنی عێراق دای شەڕ و بونیادناوەی پێ سپارد  بەڵام لە هەمان کاتیشدا گرفتێکی گەورەی بۆ دروستکرد. ئەو نوسەر و سکۆڵەرانەی لە چەمکی داگیرکاریان کۆڵیوەتەوە پێیانوایە گرفتی داگیرکاری ئەوەیە کە بەرگری توندوتیژ بەرهەم دەهێنێت دژی داگیرکەران. ئەم بەرگریە توندوتیژەش پەیوەندی بە کەم و بێچەکی بەرگریکارانەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە داگیرکاری دژە بە بڕیاردانی مافی چارەنوس (٤) و هەستی دینی بۆ خاک. ئەو بەرگریە توندوتیژەش بەهۆی ئەو هەستە دینی و ناسیۆنالیسیانە دروست دەبێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە هەستونەستی خەڵکەوە هەیە. ئەوانەی لە عێراقدا دژ بە ئەمریکیەکان وەستانەوە بە  گشتی عەرەبی سونە بوون کە پێکهاتبوون لە ناسیۆنالیستە بەعسیەکان و ئیسلامیە هاوردەکانی دەرەوە (وەک ئەلقاعیدە) و هەندێک گروپی تری سونی. ئەمەش ئەمریکای ناچارکرد کە لەو ناوچەیەی بە 'سێگۆشەی سونی" ناسرابوو چالاکیەکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی هەر بەرگریەکی چەکدار پەرە پێبدات. ئەم بەرگریەش تا دەهات زیانەکانی بۆ خەڵکانی نیشتەجێیی ئەو ناوچانە زیاتر دەبوو بۆیەش تا دەهات بەرگریی ئەوانیش دژ بە ئەمریکیەکان توندتر دەبوو. ئەو زیان و قوربانیانەی بەو ناوچانە گەیشت وایکرد کە سیاسیە سونەکان نەتوانن درێژە بدەن بە مانەوەیان بە چالاکی لە حکومەت و دامەزراوەکانی دوای ڕووخانی بەعسدا بکەن. ئەمەش تا دەهات مەودای نێوان ئەوان و دەسەڵاتی بەرفراوانتر دەکرد.
گرفتێکی تری سەرەکی  کە مەودای نێوان عەرەبی سونە و دەسەڵاتی لە عێراقدا بەرفراوانکرد بریتی بوو لە کارنەکردنی جدی ئەمریکیەکان بۆ هێنانەناوەوەی عەرەبی سونە بوو بۆ پرۆسەکانی بونیادنانەوەی عێراق بە تایبەت نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق. ئەو بێبەشکران و ستەمەی عەرەبی سونە هەستیان پێدەکرد بەرامبەر بە خۆیان وایلێکردن کە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی مانگی یەکی ٢٠٠٥ یان دا. ئامانج لەم بایکۆتە بریتی بوو لە سەلماندنی ئەوەی بەبێ سونەی عەرەب پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق ڕادەوەستێ. لانی کەم ئەگەر پرۆسەکەش ڕانەوەستێت، ئەوا بەرەنجامەکەی شەرعیەتی نابێت. بەڵام لە ڕاستیدا پرۆسەکە پەکینەکەوت و بەرەنجامەکانیش سەرکەوتنی گەورەی بۆ عەرەبی شیعە و کورد تێدابوو بەڵام شکستێکی گەورە بوو بۆ سونەی عەرەب. پرۆسەی سیاسیش بەردەوام بوو، پەرلەمان هەڵبژێردرا  بەبێ بەشداری کاریگەری سونەی عەرەب. مانگی ئایاری ٢٠٠٥ یش لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق پێکهێندرا. دانیشتنەکانی لیژنەکە بەبێ ئامادەبونی شیاوی عەرەبی سونە دەستیان پێکرد و بناغەگرنگەکانی دەوڵەتیش گفتوگۆی لەسەر کرا. دوای زیاتر لە مانگێک لە دامەزراندنی لیژنەکە، ئەمریکیەکان چەند کەسایەتیەکی سونەیان دیاریکرد بۆ لیژنەکە، بەڵام تەنانەت ئەوانیش تەواو جێی ڕەزمەندی عەرەبە سونەکان نەبوون. مجبل شێج عیسا (یەکێک لەو ئەندامانە)، چەند کاتژمێرێک پێش تیرۆرکردنی، گلەیی دەکات و دەڵێت کە عەرەبی شیعە و کوردیش دەیانەوێت تەنها پرسمان پێبکەن لە نوسینەوەی دەستوردا و دەیانەوێت داواکاریەکانی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن (٥). پێش ڕیفراندۆم لەسەر دەستور، چەند جارێک عەرەبە سونەکانی ناو لیژنەکە بایکۆتی دانیشتنەکانیان دەکرد و پاشانیش بە هۆی پەستانی ئەمریکیەکەکانەوە دەگەڕانەوە. لەناو نوخبەی سیاسی عەرەبی سونەدا تەنها حیزبی ئیسلامی عێراقی بە فەرمی ڕەزامەندی خۆی لەسەر ڕەشنوسی دەستور نیشاندا. زۆرینەی ڕەهای عەرەبی سونە دژی دەستور دەنگیاندا بەڵام دەستورەکە هەر پەسەند کراو کرایە بناغەی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراقی. دەنگدان بە دەستور، سەڕەرای ناڕەزایی بەرچاوی سونەکان و دەنگدانیان دژی، بووە هۆی فراوانبوونی مەودای نێوان ئەوان و دەسەڵات و بەمەش بارجێگریی سیاسی لاوازتر بوو.
سێهەم: خەلەلە بونیادیەکان لە دامەزراوە نوێکاندا
فاکتەرێکی تری کاریگەر لەسەر لاوازبوونی بارجێگیریی سیاسی لە دوای ٢٠٠٣ دا بریتی بو لەو خەلەلانەی لە بونیادی دامەزراوە نوێکانی دەوڵەتدا هەبون. من تەنها هەندێک لەو خەلەلانە ئاماژە  پێدەدەم کە ئەمانەن: دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم، ڕیشەکێشکردنی بەعس، و -خەلەلە دەستوریەکان.
دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم هەنگاوێکی ئەمریکیەکان بوو بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە هەبوو بۆ تەسلیمکردنی دەسەڵات بە عێراقیەکان. ئەم فشارانە کە بەهۆی داگیرکاریی عێراقەوە دروستببوو هەم دەرەکی بوون (لەلایەن هێزە هەرێمی و عەرەبیەکانەوە) و هەم ناوخۆیی بوون. ئەنجومەنی حوکم دەسەڵاتێکی دیاریکراوی کەمی هەبوو، تەنها لە ڕیشەکێشکردنی بەعسدا نەبێت. شێوازی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم عەرەبی شیعەی کردبووە زۆرینە بە ١٢ کورسی لە کۆی ٢٥. لێرەوە عەرەبی سونە بەدەر لەوەی کە ئەنجومەنی حوکمیان بە داردەستێکی ئەمریکیەکان دەزانی بۆ شەرعیەتدان بە داگیرکاریی، بێزاربوون بەوەی بەبێ هیچ ئامار و سەرژمێریەکی باوەڕپێکراو شیعەکان کراون بە زۆرینە و ئەمانیش تەنها خاوەنی ٥ کورسی بوون. دابەشکردنی کورسیەکان کاریگەریی خۆی لەسەر دامەزراوەکانی دوای خۆی بەجێهێشت و بووە عورفێک کە حکومەتە کاتیەکەی دوای خۆی لەسەر دروستکرا.
بۆ ئەوەی عێراق لە قۆناغی دیکتاتۆریەوە بگوازێتەوە بۆ سەردەمی دیموکراسی و خەڵکی جارێکی تر متمانەی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ دروست ببێتەوە، پرۆسەکانی دادوەری ڕاگوزەری (Transitional Justice) بەڕێوەچوون. گرنگترین دەزگای ئەم دامەزراوەیەش 'ڕیشەکێشێ بەعس – De-Baathification' بوو کە تیایدا ئەندامانی کۆتا چوار ئاستی بەرزی بەعس لە ژیانی گشتی دووربخرێنەوە و لە دەوڵەتدا کاریان پێنەدرێت. پێشتریش سوپای عێراقی و میلیشیا تایبەتەکانی سەرۆک کۆمار و و هێزە نیمچە عەسکەریەکان هەڵوەشێندرابونەوە. ئەمانە بەیەکەوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی بێکار کرد کە زۆرینەیان عەرەبی سونە بوون. ئەم بێکارانە، هەندێکیان بۆ پەیداکردنی بژێوی خانەوادەکانیان و هەندێکی تریشیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکیەکان، پەنایان بردە بەر گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان و گروپە بەعسی و قەومیەکانی تر. ئەم گروپانە ڕووبەڕووی حکومەتی عێراقی و هێزە ئەمریکیەکانیش بوونەوە. یەکێک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی تری ڕیشەکێشی بەعس بریتی بوو لە شێوازی جێبەجێکردنەکەی. لە چاوپێکەوتنمدا لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی عەرەبی سونەدا زۆربەیان ئەوەیان دووپات دەکردەوە کە ڕیشەکێش زۆر بە نادادانە و وەک تۆڵە سەندنەوە جێبەجێکراوە. ئەو ئەفسەر و کەسایەتیە بەعسیانەی کە سونە بوون ڕیشەکێش کراون سزادروان بەڵام بەعسیە شیعەکان بە پاداشتکراون و پلەیان بەرزکراوەتەوە. بۆیەش ڕیشەکێشێ بەعس کاریگەریەکی بەرچآوی هەبوو لە ساردکرنەوەی عەرەبی سونەدا لە بەشداری چالاکانە لە بونیادنانەوەی عێراقدا و بارجێگیری سیاسیشی زۆر لاوازکرد.
کۆتا هۆکار کە مەودای نێوان پێکهاتەکان و دەسەڵاتی فەرمی فراوان کردووە ئەو خەلەلانەن کە لە دەستوری عێراقدا هەن. دوو خەلەل سەرەکین لە دەستوری عێراقدا: هەڵگری فرەتەفسیری و بەجێهێشتنی هەندێک بابەتی بە ناڕوونی. من تەنها نمونەی مادەی ١٤٠ دەهێنمەوە کە جێبەجێنەکردنی مەودای نێوان کورد و حکومەتی عێراقی زۆر فراوانکردووە. بونیادی مادەی ١٤٠ کۆمەڵێک خەلەلی تێدایە، لەوانە وادەی جێبەجێکردنەکەی کەوا داندرابوو ٣١/١٢/٢٠٠٧ بێت. جێبەجێکردنی ئەم مادەیە لەو وادەیەدا کارێکی مەحاڵ بوو چونکە دەبوایە میراتێکی ٣٥ ساڵەی ئەو گۆڕانکاریە دیموگرافی و جوگرافیانەی بەعس بۆ تەعریب کردبوونی، لە ماوەی دوو ساڵدا یەکلایی بکرێنەوە هەموو پرۆسەکانی تەواو ببن. خەلەلێکی تر ئەوەیە کە ئەم مادەیە چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانی لە سێ هەنگاودا کورت کردۆتەوە: ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە، ئەنجامدانی سەرژمێریی، و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. ئەم هەنگاوانە تەنها ناویان هێنراوە و میکانیزم و ووردەکاریەکانیان بە هیچ جۆرێک ئاماژەی پێنەکراوە. ئەمەش لە ووڵاتێکی پڕ لە کێشەی ئیسنی و سیاسیدا ململانێی توند بەرهەم دەهێنێت. بۆ نمونە ئەکرێت بپرسین ئایا دوای ئاساییبونەوە و سەرژمێریی، ڕیفراندۆم چۆن و لەسەر چ ئاستێکی ئیداری ئەنجام دەدرێت؟ ئایا هەمو ناوچە کێشە لەسەرەکان یەک بازنە دەبن یان هەر شار و قەزا و ناحیە و گوندێک بازنەیەکی سەربەخۆ دەبن؟ ئایا لە سەدا چەندی دەنگەکان کەرکوک دەهێنێتە سەر کوردستان یان حاڵەتی وەک ئێستا دەهێڵێتەوە؟ وەڵامدانەوەی هەر یەک لەم پرسیارانە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی توند لە نێوان کورد و عەرەب و تورکماندا. جێبەجێنەکردنی ئەم مادەیە لەوادەی خۆیدا متمانەی سیاسی نێوان کورد و حکومەتی عێراقی بە شێوەیەک لاواز کرد کە ئیتر لەوە بەدوا ناوبەناو کورد هەڕەشەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی لە عەرەب کردووە. بەم شێوەیە ئەم مادەیە بارجێگیریی لە عێراقدا خستۆتە مەترسیەکی گەورەوە.
کۆتایی
عێراقی دوای ٢٠٠٣ بەوە دەناسرێتەوە کە بارجێگیریی سیاسی تیایدا زۆر لاوازە و لە ئێستاشدا ڕەنگە لە هەموو کاتەکانی پێشتر خراپتر بێت. کۆمەڵێک فاکتەر بناغەی ئەم باردۆخەی ئێستا بوون کە تیایدا مەودای نێوان خەڵک و حکومەت لە ئاستێکی بەرچاوی بەرفرانبوندایە. ئەم فاکتەراەن کۆمەڵیک ڕووداویان بەدوای خۆیاندا هێنا کە ئەم حاڵەی ئێستای بەرهەم هێناوە. سیان لەو فاکتەرە سەرەکیانە بریتین لە میراتی مێژویی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و خەلەلی پرۆسەکانی بونیادنانەوەی عێراق و ئەو خەلەلە بونیادیانەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا هەبوون لە دوای ٢٠٠٣. دەتوانین بڵێین کۆی ئەم فاکتەرانە بەیەکەوە بەرهەمهێنەری ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆیە.
سەرچاوەکان
1.       تکایە سەیری ئەم نەخشەیە بکەن بۆ زانیاری زیاتر https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/5/5b/Osmanli_Ortadogu.jpg
2.       League of Nations (1925  ) The Question of the Frontier between Turkey and Iraq. Report submitted to the Council by the Commission instituted by the Council Resolution of September 30th, 1924. [Online]. Available at: http://www.solami.com/1925.pdf (Accessed: 04.11.2015).
3.       Dundar, Fuat (2011) ‘Statisquo: British Use of Statistics in the Iraqi Kurdish Question (1919–1932)’, Crown Paper 7, Crown Center for Middle East Studies, Brandeis University.
4.       Hechter, M. (2009a) 'Legitimacy in the Modern World', American Behavioral Scientist, 53(3), pp. 279 -288.


5.       Radio Free Europe. (2007 ) Sunnis May Return To Iraqi Constitutional Process. Available at: http://www.rferl.org/content/article/1060126.htm  (Accessed: 04.11.2015)

No comments:

Post a Comment