Tuesday 14 February 2017

دەوڵەت و دەوڵەتی کوردی: ئامانج یان ئامڕاز؟


نوسینی: د.جەلال حەسەن مستەفا


پێشەکی

لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان شەپۆلێک لە گفتوگۆ لە ئارادایە دەربارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یان دەوڵەتی کوردستانی. هەندێک پێیانوایە کە لە ئەمڕۆدا پرۆژەی دەوڵەتی کوردی، پرۆژەی حیزبێکی دیاریکراوە (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە دەیەوێت دەوڵەتێکی خێڵەکی دروست بکات. هەندێکی تر پێیانوایە کە دەبێت هەموان پشتگیریی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکەین، جا گرنگ نیە کێ ڕابەرایەتی دەکات. بەڵام ئەو پرسیارەی لەم گفتوگۆیانەدا نادیارە، ئەوەیە کە ئایا دروستکردنی دەوڵەت ئامانجە یان ئامڕاز؟ وە ئەگەر ئامانج بێ چی و ئامڕاز بێت چی؟ من لە نوسینەدا، بە کورتی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دەدەمەوە و دەیانبەستمەوە بە دەوڵەتی کوردی یان کوردستانیەوە.