عێراقی پێش ٢٠٠٣: کێشەی نەبوونی بارجێگیریی سیاسی
نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
پێشەکی
عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەک دەوڵەتێکی پادشایی و دواتریش لە ژێر حوکمی کۆماریەکاندا، تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی بەعس، بەوە دەناسرێتەوە کە بارجێگیری سیاسی تیایدا زۆر لاواز بووە یان هەر نەبووە. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە لێکۆڵەڕانی بواری زانستە سیاسیەکان کەمتر لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیەیان کۆڵیوەتەوە. لەم لێکۆڵینەوە کورتەدا هەوڵ دەدەم بە پوختی هۆکارە سەرەکیەکانی پشت لاوازی بارجێگیریی سیاسی بخەمە ڕوو. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ لە عێراقی پێش ٢٠٠٣ دا بارجێگیری سیاسی کرچوکاڵ بووە؟ بەڵام پێش چوونە ناو بابەتەکەوە دەبێت پێناسەیەکی بارجێگیری سیاسی بکەم و لە ڕێی ئەمەشەوە لە دیاردەی نەبوونی یان لاوازیی بارجێگیری سیاسی بکۆڵمەوە.
بارجێگیریی سیاسی
لە ئەکەدیمیادا چەندین پێناسەی جیاواز بۆ بارجێگیریی سیاسی کراوە. هەندێک لە سکۆڵەران وا پێناسەی دەکەن کە نەبوونی یان کەمیی ئاستی توندوتیژیە، هەندێکی تر وای دەبینن کە بارجێگیریی سیاسی بریتی بێت لە ڕێکوپێکی مانەوەی کابینە حکومیەکان لە دەسەڵاتدا (واتە تا ئەو ڕادەیەی گۆڕانکاریی بە شێوەیەکی ئاسایی و لە کاتی ئاسایی خۆیدا ڕووبدات، ئەوا بارجێگیریی سیاسی زیاترە). لای هەندێک سکۆلاری تر،شەرعیەتی حکومەت و حوکمی دەستوور نیشانەی بوونی بارجێگیریی سیاسیە. بەڵام لای هەندێکی تر، نەبوون و ڕوونەدانی گۆڕانکاریی لە بونیاد و سترەکچەری فەرمی دەوڵەت و دامەزراوەکاندا پێوەریی بوونی بارجێگیریی سیاسیە. سەرەڕای هەموو ئەم پێناسانە، لەم لێکۆڵینەوەیەدا، پێناسەکەی مارگۆلیس (١) بۆ بارجێگیریی سیاسی دەکەمە بناغە و بۆچونەکانی خۆمی دەربارەی نەبوونی یان لاوازیی بارجێگیریی سیاسی لە عێراقی پێش ٢٠٠٣ دا لەسەر بونیاد دەنێم.
مارگۆلیس پێناسەی بارجێگیریی سیاسی دەکات بەوەی کە بریتیە لە پلەی یەکانگیریی نێوان ڕۆڵ و بونیادە فەرمی و نافەرمیەکان. لای مارگۆلیس ڕۆل و بونیادە فەرمیەکان بریتین لەو دەسەڵات و یاسایانەی کە کۆدکراون و لە لایەن دەسەڵاتێکەوە پیادە دەکرێن، رۆڵ و بونیادە نافەرمیەکانیش ئەو عورف و دامەزراوانەن کە بەهۆی کارلێکی کۆمەڵایەتیەوە پیادە دەکرێن. بۆ ئەوەی ئەم پێناسەیە بۆ خوێنەران سادە بکەمەوە، لای من ڕۆل بونیادە فەرمیەکان بریتین لە حکومەت و دەسەڵات و دامەزراوەکان و ڕۆڵ و بونیادە نافەرمیەکانیش بریتین لە خەڵک و پێکهاتە ئیسنیەکان (قەومی و ئاینیەکان)ی وەک کورد و عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە و تورکمانەکان...هتد. بە پێی بۆچونی مارگۆلیس چەندێک بۆشایی لە پەیوەندی نێوان ڕۆل و بونیادە فەرمیەکان لەگەڵ بونیاد و ڕۆڵە نافەرمیەکان بەرفراوانتر بێت ئەوا زیاتر بارجێگیریی سیاسی لاواز دەبێت و بە پێچەوانەشەوە چەندێک بۆشاییەکە بەرتەسکتر بێت، ئەوا بارجێگیریی سیاسی زیاترە. بە کورتی، چەندێک بۆشایی نێوان دەسەڵات و پێکهاتە ئیسنیەکان زیاتر بێت ئەوا بارجێگیریی سیاسی کەمترە.
لاوازی بارجێگیریی سیاسی لە عێراقی پێش ٢٠٠٣دا
سێ هۆکاری سەرەکی (٢) وایانکرد کە بارجێگیری لە عێراقی پێش ٢٠٠٣دا زۆر لاواز بێت بۆشایی بکەوێتە نێوان دەسەڵات و پێکهاتە ئیسنیەکانەوە (بە تایبەت کورد).
یەکەم: عێراق دەوڵەتێکی مەرکەزی و نادیموکراسی بوو
لە دەوڵەتی مەرکەزیدا دەسەڵاتە سیاسی و ئیداری و ئابووریەکان لە دەستی حکومەتێکدا چڕبۆتەوە. یەکە پێکهێنەرەکانی وەک ویلایەت و پارێزگاکان دەسەڵاتێکی دیاریکراویان هەیە لە ڕاپەڕاندنی کاروبارە سیاسی و ئیداری و ئابووریەکان و دەبێت پەنابەرنە بەر مەرکەز و بەبێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانن پلانی ستراتیجی تایبەت بەخۆیان جێبەجێبکەن. سروشتی عێراق وایە کە بە گشتی پێکهاتە ئیسنیە سەرەکیەکان هەریەک دابەشبوون بەسەر چەند پارێزگایەکدا. کوردەکان کە زۆرینە بوون لە چەند لیوایەک یان پارێزگایەکی باکوری عێراقدا، بەردەوام لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی سیستەمی مەرکەزیەت لاواز ببێت و لامەرکەزیەتێک شوێنی بگرێتەوە کە تیایدا خۆیان حوکمی کاروبارە سیاسی ئیداری و ئابووریەکانیان بکەن و بتوانن پەیڕەوی مافە کەلتوریەکانیشیان بکەن. لە ساڵی ١٩٢٩ دا شەش ئەندام پەرلەمانی کورد داواکاریەک بەرز دەکەنەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق. ئەو ئەندام پەرلەمانانە دوو داواکاریان هەبوو (٣):
أ- زیادکردنی بودجەی کەرتی خوێندن لە لیوا کوردیەکاندا.
ب- دامەزراندنی ئیدارەیەکی یەکگرتو بۆ کوردەکان کە لە لیواکانی سلێمانی و ئەربیل و کەرکوک پێک بێت. ئەم ئیدارەیەش دەبێت تاکە دامەزراوەی فەرمی بێت کە کوردەکان بە حکومەتی عێراقەوە ببەستێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەندوبی سامیی بەریتانی داواکاری دووهەمیان بە مەترسیدار دانابوو لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و داوکاریەکانیشیان ڕەتکردبوەوە.
داواکاریەکانی کورد بۆ سیستەمێکی سیاسی کەلەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان بونیادنرابێت لە دوای بەکۆمارییبوونی عێراقیشەوە هەر بەردەوام بوون. مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٦٠ دا داواکاریەکی فەرمی پێشکەش بە عەبدولکەریم قاسم کرد بوو کە تیایدا هاتبوو کە خوێندن دەبێت لە ناوچە کوردیەکاندا بە زمانی کوردی بێت و کورد بەشی لە داهاتی نەوتی عێراقدا هەبێت و جێگری سەرۆکی عێراق کورد بێت و ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و بەشێک لە موسڵ و دیالا دروست بکرێت. هەر لە هەمان ساڵدا وەفدێکی عەشیرەتە کوردیەکان دەچنە لای عەبدولکەریم قاسم و داوای لێدەکەن کە کەرتی پەروەردە لە ناوچە کوردیەکاندا بەرەو پێش ببرێت و زەمالاتی خوێندن کوردەکانیش بگرێتەوە و چەند کارگەیەکیش لە ناوچە کوردیەکاندا بکرێتەوە و مافی هاوڵاتیبونیش بدرێتە کوردە فەیلیەکان.ئەم داوکاریانە و چەندانی تر لە لایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ڕەتکراونەوەتەوە. هەر کاردانەوەیەکیش لە لایەن کوردەکانەوە دژی ڕەتکردنەوەی داوکاریەکانیان، لە زۆربەی جارەکاندا بە زەبری هێز و زبرەهێز وەڵام دراوەتەوە.ئەم کاردانەوە توندانەی حکومەتەکانی عێراق دژی داواکاریە کەلتوری و سیاسیەکانی کورد بۆشایی نێوان کورد (وەک ڕۆڵ و بونیادێکی نافەرمی) و حکومەتی عێراق (وەک ڕۆڵ و بونیادێکی فەرمی) فراوانتر کردووە و بەمەش بەشدار بووە لە لاوازی یان نەبوونی بارجێگیریی سیاسی.
لە ڕووی دیموکراسیشەوە عێراق باردۆخی باش نەبوو. بەریتانیەکان سیستەمی سیاسی عێراقیان وەک کۆپیەکی سیستەمی بەریتانی دیزاین کرد. لە بەریتانیادا حوکم پادشایی بوو و هەڵبژاردن لەسەر بنەمای حوکمی زۆرینە بوو. ئەگەر بەریتانیەکان لەوەدا سەرکەوتوو بووبن کە سیستەمی حوکم لە عێراقدا پادشایی بێت، لەوەدا شکستیان هێنا کە هەڵبژاردن و دیموکراسی ببنە یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی حوکم. بەپێی دەستووری ئەساسی عێراقی ساڵی ١٩٢٤، پادشا دەسەڵاتەکانی زۆر بەرفراوان بوون، بۆ نمونە وەک بڕیارادان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردن و دانانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان و سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکانیش بوو. هەرچەندە چەند هەڵبژاردنێک لە عێراقدا بەڕێوەچوون لە سەردەمی پادشایەتیدا، بەڵام هەر یەکێک لەو هەڵبژاردنانە چەندین ڕەخنەی لێ دەگیرێت و جێی متمانە نین. یەکێک لەو ڕەخنانە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام نەدەدران و هەیمەنەی هێزە ناسیۆنالیستە عەرەبیەکانیشی بەسەردا زاڵ بوو. ئەم لاوازی دیموکراسیەش مەودای نێوان کورد و دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا زۆر فراوان کردبوو.
دووەم: هەیمەنەی عەرەبی سونە بەسەر دەسەڵاتەوە
لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی عێراقیدا، عەرەبی سونە دەستیان بەسەر دەسەڵات و پۆستە بەرزەکانی حکومەتدا گرتووە، ئەمەش لە خۆیدا مانای بێبەشکردنی کورد و عەرەبی شیعە بوو لە دەسەڵات و بڕیاری سیاسیدا. چەند هۆکارێک لە پشت هەیمەنەی عەرەبی سونەوە بوون بەسەر دەسەڵاتدا لە عێراق، لەوانە:
أ- پێشتر دەوڵەتی عوسمانی حوکمی هەر سێ ویلایەتەکانی عێراقیان کردووە. لە ڕووی مەزهەبیەوە عوسمانیەکان سونە بوون. عەرەبە سونەکان سودیان لە سیستەمی خوێندن و قوتابخانە و کۆلێژە عەسکەریەکانی عوسمانیەکان وەرگرت بە شێوەیەک کە کورد و شیعەی عەرەب هێندە نەیانتوانی سودی لێ ببینن. کوردەکان لەبەر دووریان لەم مەڵبەندانەی پەروەردە و شیعەکانیش لەبەر جیاوازی مەزهەبی نەیانتوانی ببنە خاوەن نەوەیەکی خوێندەوار کە پۆستەکانی دەوڵەت وەربگرن.
ب- دەوڵەتی بەریتانیا عێراقی دامەزاراند. بۆ بەڕێوەبردنیشی پشتی بە چەند چینێک بەست کە زۆرینەیان عەرەبی سونە بوون. ئەو چینانە بریتیبون لە ئەفسەرە پێشوەکانی دەوڵەتی عوسمانی، بەرپرسە پێشوەکانی عوسمانی، نەقیبی بەغداد، هەندێک لە خوێندەواران. مەلیک فەیسەڵ بۆ خۆی عەرەبێکی سونی بوو.
هەندێک لە لێکۆڵەران لە ڕێی ژمارەوە هەیمەنەی عەرەبی سونەیان بەسەر دەسەڵاتدا ڕوونکردۆتەوە. ئەماتزیا بارام (٤) دەنوسێت کە لە کۆتا ساڵەکانی حوکمی پاشایەتیدا لە ٪٤٤ ئەفسەرە باڵاکانی دەوڵەت عەرەبی سونە بوون لە کاتێکدا تەنها لە ٪٢٠ دانیشتوانیان پێکهێناوە. گاریس ستانسفیڵد (٥) دەنوسێت کە لە ساڵانی ١٩٢١ تا ساڵانی ١٩٣٦ لە کۆی ٥٧ پۆستی باڵا (سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکان) تەنها ٥ یان کورد و شیعەی عەرەب بوون. سەرۆکی وەزیران و وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و بەرگری و کاروباری دەرەوە تەنها لای سونەی عەرەب بوون. حەنا بەتاتوو (٦) دەنوسێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٥٨ و لە کۆی ٥٥٧ پۆستی وەزاریدا تەنها ١٥٩ی شیعەی عەرەب بوون، واتە لە ٪ ٢٧،٧ لە کاتێکدا کە عەرەبە شیعەکان نزیکەی لە ٪٦٠ ی دانێشتوانیان پێکهێناوە. ئەم بێبەشکردنەی کورد و شیعەی عەرەب لە دەسەڵات بۆشایی نێوان ئەوان و دەسەڵاتی بەرفراوانتر کرد و بەمەش بارجێگیریی سیاسی زۆر لاوازتر بوو.
سێهەم: مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ کورد و عەرەبی شیعە هەندێک پێکهاتەی تردا
وەک لە خاڵی دووەمدا ئاماژەمان پێدا، عەرەبی سونە هەیمەنەیان بەسەر دەسەڵاتدا کردبوو لە عێراقی پێش ٢٠٠٣ دا. مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ کورد و تورکمان و عەرەبی شیعەدا لەسەر دەرکردن و پەراوێزخستنیان لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیارداندا بونیادنرابوو. ئەم پەراوێزخستنە لەوەدا نەدەوەستا کە عەرەبی سونە قۆرخی سیاسەت بکەن، بەڵکو هەندێک جار سەرکوتکردنی توندی پێکهاتە ئیسنیەکانی تری لێکەوتۆتەوە.
ئەو کەسایەتیانەی لە عێراقدا باڵادەستبوون لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریشدا خاوەنی فیکرێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی بوون و زۆرینەشیان سونی مەزهەب بوون. ناسیۆنالیستەکانی سونە خاوەن فیکرێکی پرایمۆردیالی بوون و باوەڕیان بە پیرۆزیی سنورەکانی عێراق هەبوو وە پێیانوابوو کە هەر بزاڤێکی تری ناسیۆنالیستی هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق و دەسەڵاتی ڕەهاش لە دەستی ئەوان دەسەنێتەوە. بۆیەش مامەڵەیان تەنها لە کاتی لاوازیاندا مامەڵەی شەراکەت بوو لەگەڵ بزاڤی ناسیۆنالیستی کوردیدا لە خاوەنداری عێراقدا. لە کاتی بەهێزبوون و پایەداکوتانی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستە عەرەبەکاندا پەنایان بردۆتە بەر سڕینەوەی شوناسی ناعەرەبی بە چەندین میکانیزمی جیاوازی وەک بەعەرەبکردنی کورد وتورکمان، جینۆساید و کۆمەڵکوژی، ڕەتکردنەوەی مافە کەلتوری و زمانیەکان.
لە دوای هاتنی بەریتانیەکان بۆ میزۆپۆتامیا و لە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیشەوە، کوردەکان لە چەند ناوچەیەکی کوردستاندا داوای سەربەخۆییان دەکرد. دوای دروستکردنی عێراقیش ئەم داواکاریانە هەر بەردەوام بوون. کاردانەوەی بەریتانیەکان و حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەم داواکاریانە سەرکوتکردن بوو. تەنها لە دوو ڕۆژی مانگی ئایاری ١٩٢٤دا، هێزی ئاسمانی بەریتانی RAF بیست و هەشت تەن بۆمبیان باراندە سەر سلێمانی و ئەمەش زۆرێک لە بیناکانی شاری ڕووخاند (٧). لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٢دا، عێراق داواکاریەکی پێشکەش بە کۆمەڵەی گەلان کرد کە تیایدا داوای بوون بە ئەندامی کردبوو لە کۆمەڵەی گەلاندا. لە کۆی ١٦ بڕگەی داواکاریەکە، ١٠یان تایبەت بوون بە پەیماندان بە پاراستنی مافە زمانی و کەلتوری و سیاسیەکانی کەمینە ئاینی و قەومیەکانی عێراق (٨). کەچی لە ساڵی ١٩٣٣ دا و چەند مانگێک پێش مەرگی مەلیک فەیسەڵی یەکەم، هێزەکانی سوپای عێراق بەسەرکردایەتی جەنڕاڵ بەکر صدقی، هێرشیان کردە سەر ئاشوریەکان لە ناوچەی سێمێل و چەند ناوچەیەکی تر بە بیانوی ئەوەی کە گوایە ئاشوریەکان جوداخواز بوون. لە ڕاستیدا، ئاشوریەکان داوای هەمان ئەو مافە ئۆتۆنۆمیەیان کردبوو کە لە ژێر سایەی عوسمانیەکاندا هەیانبوو. لە بەرەنجامی ئەم کۆمەڵکوژیەدا، بەپێی داتا فەرمیەکانی حکومەتی عێراق، ٦٠٠ ئاشوری کوژراون، بەڵام بە پێی داتای ئاشوریەکان نزیکەی ٣٠٠٠ کەسیان لێ کوژراوە (٩). ئەم ڕووداوە بەریتانیەکانی بە شێوەیەک شۆک کردبوو، کە کەوتنە پلاندانان بۆ گواستنەوەی ئاشوریەکان بۆ ووڵاتی بەڕازیل بۆ ئەوەی جارێکی تر تووشی کۆمەڵکوژی نەبنەوە (١٠).
لەژێر سایەی کۆماریەکانیشدا، بارودۆخەکە لەمە باشتر نەبوو. لە دوای شکستی گفتوگۆکانی بارزانی و قاسم، لە ساڵی ١٩٦٠ وە تا ساڵی ١٩٧٠ و ڕاگەیاندنی حوکمی زاتی، چەندین جار سوپای عێراق هێرشی هێناوەتە سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان. لە هەندێک لەو هێرشانەدا تەواوی سوپای عێراق بەکارخراوە کە نزیکەی ٤٥٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠٠ سەرباز بووە (١١). تەنها لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦١وە بۆ مانگی ١ی ساڵی ١٩٦٣ نزیکەی ٣٠٠٠ کورد کوژراون و ژمارەیەکی زۆری دێهاتیش وێرانکراون (١٢). ڕووداوەکانی ئەنفالیش بەڵگەی ڕوونی مامەڵەی توندی ناسیۆنالیستانەی دەسەڵاتدارانە لەگەڵ کورد. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ شاڵاوی ئەنفال ٨ قۆناغ بوو کە لە مانگی ٢ی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و لە مانگی ٩ی هەمان ساڵدا کۆتاییدا هات و تیایدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بوونەتە قوربانی (١٣). ئەم مامەڵە ناتەندروستەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ کورد بووەتە فاکتەرێکێ بەهێزی لاوازیی بارجێگیریی سیاسی.
پوختەی لێکۆڵینەوە:
عێراقی پێش ٢٠٠٣ بە بوونی ناسەقامگیریی سیاسیدا دەناسرێتەوە. بۆشایی نێوان پێکهاتە ئیسنیەکان لەگەڵ دەسەڵات بەردەوام لە فراوانبووندا بووە. لەم لێکۆلینەوەیەدا سێ هۆکاری سەرەکی ئەم دیارەدەیەم دیاریکردووە کە ئەوانیش نا دیموکراسیبوون و مەرکەزیبوونی سیستەمی سیاسی ، هەیمەنەی عەرەبی سونە بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و ئابووری، مامەڵەی سەرکوتکەرانەی دەسەڵات بەرامبەر بە کورد و هەندیک لە پێكهاتە قەومی و ئاینیەکانی تر.
سەرچاوەکان
1. Margolis, E. (2010) 'Understanding Political Stability and Instability', Civil Wars, 12(3), pp. 326-345.
2. من تەنها ئەو هۆکارانەم باسکردووە کە بە بۆچوونی خۆم سەرەکین لە نەبوونی یان لاوازیی بارجێگیریی سیاسیدا، ئەگەرنا دەکرێت هەندێک هۆکاری تریش ئاماژەی پێبدرێت.
3. Al-Hasani, A.S. (2008) Tarikh ul Iraq as syasi al hadith (The Modern Political History of Iraq). 7 edn. Lebanon, Beirut: Dar u Rafidayn for Printing, Distribution, and Dissemination.
4. Baram, A. (1991) Culture, history, and ideology in the formation of Ba°thist Iraq, 1968-89. New York: St. Martin's Press.
5. Stansfield, G.R.V. (2007) Iraq : people, history, politics. Cambridge: Polity.
6. Batatu, H. (1978) The old social classes and the revolutionary movements of Iraq: A study of Iraq’s old landed and commercial classes and of its communists, Baʻthists, and free officers. United States: Princeton University Press.
7. Bowyer, C. (1988) RAF operations 1918-38. London: W. Kimber.
8. League of Nations (1932 ) Request of the Kingdom of Iraq for Admission to the League. [Online]. Available at: www.marshimun.com/new/pdfs/ME25.pdf (Accessed: 04.11.2015).
9. Khadduri, M. (1951) Independent Iraq : a study in Iraqi politics since 1932. London ; New York: Oxford University Press.
10. Bennett, J.C.S. (1933) The Assyrian Question.The National Archives. [Online]. Available at: http://filestore.nationalarchives.gov.uk/pdfs/large/cab-24-244.pdf. (Accessed: 04.11.2015).
11. Sluglett, P. (1988) 'The Kurds', in Iraq, C.A.R.a.f.D.R.i. (ed.) Saddam's Iraq: revolution or reaction? 2nd edn. Atlantic Highlands, London; N.J.: Zed Books.
12. O'Ballance, E. (1996) The Kurdish struggle 1920-94. Basingstoke: Macmillan.
13. HRW (Human Rights Watch)(1994) Iraq’s Crime Of Genocide: The Anfal Campaign against the Kurds. New York, Washington, Los Angeles, London. [Online]. Available at: http://www.hrw.org/reports/1993/iraqanfal/ (Accessed: 01.10.2015).
No comments:
Post a Comment