Friday 11 August 2017

هۆکارەکانی پشت ململانێی ئیسنی چین؟ بەشی یەکەم

ئەم وەرگێڕانەم لە گۆڤاری 'جۆرناڵ'ی ژمارە (١٠-١١)ی ساڵی ٢٠١٧، لە لاپەڕە ١٤٩ بۆ ١٥٨ بڵاوبۆتەوە
نوسینی: پرۆفیسۆر ستیفان وڵف
وەرگێڕانی (١): جەلال حەسەن
پێکهاتەیەک لە بیروباوەڕ و چاوچنۆکی و مەینەتی و سەرکردایەتی لاواز و بەرژەوەندیە تایبەتیەکان و دەرهاویشتەکانی شەڕی دراوسێکان، کە بونەتە هۆی جەنگ لە دوورگەکانی بۆگنڤیل (Bougainville) و دورگەکانی سۆلمۆن (Solomon) (٢)، دەکرێت بۆ شوێنەکانی تریش هەر ڕاست بن. جیاکاری و پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و پشتگوێخستنی بە ئەنقەستی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە لایەک و توانای سەرکردەکان بۆ خۆ بونیادنان و گەورەبون لەسەر ئەو مەینەتیانە و سەرکەوتوانە پەنابردنە بەر جیاوازی ئیسنی و تۆخکردنەوەیان، و قەرەبوکردنەوەی هەندێک لەو مەینەتیانە بە پاداشتی مادی ڕاستەقینە و ناڕاست لە لایەکی ترەوە، هەموو ئەمانە بنەڕەتین لە تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ململانێی ئیسنی (٣).

لە نەیجیریا، بۆ نمونە، ململانێی ئیسنی دەربارەی دەستبەسەرداگردتنی ئەو یەدەگە نەوتیە زۆرەیە کە ئەو وڵاتە هەیەتی. لە هەندێک شوێنی تری ئەفریقا، ئەڵماس هۆکاری سەرەکی ململانێ و شەڕی ناوخۆیانە. ئەلبانیا نە نەوتی هەیە نە ئەڵماس.  دانیشتوانی ئەلبانیا تێدەکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنوس، بۆ ئازادی لە سەرکوتی سڕبیەکان، بۆ ئەوەی خاوەنی قوتابخانە و زانکۆی خۆیان بن  کە تیایاندا خوێندکاران بە زمانی ئەلبانی بخوێینن، بەکورتی نەیاندەویست هەست بەوە بکەن کە هاوڵاتی پلە دوون لە خاکی باوپیرانیاندا. لە خاکێکدا کە تەنانەت لە ڕووی ژمارەشە ئەلبانیەکان زۆرینە بوون و لە کۆتایی نەوەدەکاندا ژمارەیان نۆ بە یەک بووە لە بەرامبەر چەوسێنەرەکانیاندا (سربیەکان). لە ململانێی ئیسرائیل-فەلەستیندا، بابەتی سەرەکی ململانێکە بریتیە لە دەوڵەتداریی. فەلەستینیەکان داوای دەوڵەتی خۆیان دەکەن و ئیسرائیلیەکانیش داوای ئەوە دەکەن لە دەوڵەتەکەیاندا بە ئارامی بژین و بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەیان لێنەکرێت لە لایەن توندڕەوە ئصولیەکانەوە. لە ئێرلەندای باکور، کاسۆلیک و پرۆتستانتەکان لە ڕوی ژمارەوە زۆر لەیەکەوە نزیکن و ناوچەکەشیان یەکێکە لە ووڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتوەکانی دنیا و پشکی بنەرەتیشی هەیە لە داهێنان وبەرەوپێشبردنی دیموکراسیدا. ئەگەر بەراورد بکرێت بە زۆر کۆمەڵگای تر کە هەژاری تیایدا بەربڵاوە و شەڕیش دایڕزاندون، ململانێی ئێرلەندای باکور دەبوایە لە مێژە چارەسەر بکرایە و لەسەرو ٣٠٠٠ کەسەوە نەبونایەتە قوربانی لە ماوەی ٣٠ ساڵ بەرەوسەری ململانێکەدا. بەڵام ئەو وێنایانەی هەریەک لەلایەنەکانی ململانێکە هەیانبوو بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانەی ململانێکە زۆر لەیەک جیاوازبون و بە هیچ شێوەیەک یەکیان نەدەگرتەوە، هەردوو لا پێیانوابوو کە ناکرێت هەمان پارچە زەوی و خاک لە هەمان کاتدا بەشێک بێت لە شانشینی یەکگرتوو (The United Kingdom) و بەشێکیش بێت لە کۆماری ئێرلەندا.
ئەم چاوپێخشاندانە کورتە بەم چەند کەیسەدا ئەو دەردەخات کە هەرچەندە هۆکارە مەترسیدارەکانی پشت ئەوەی ناو ئەبرێت بە ململانێی ئیسنی زۆر و جیاوازن، بەڵام ئەوە گروپە ئیسنیە ڕێکخراوەکانن کە ڕوبەروی یەکتر دەبنەوە، جا لە شێوەی زۆرینە و کەمینە بێت و بە پاڵپشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت یان نا، یاخود هێزی دەرەکی پشتگیری بکات یان نا. کەواتە ئەوەی ئەوەی پێویستە [لەم نوسینەدا] ئەنجامی بدەین ئەوەیە کە پەرشوبڵاوی ئەم هۆکار و بەرژەوەندیانە ڕێکبخەین کە باس لە ململانێی ئیسنی دەکەن و ئەو بخەینە بەر باس کە تا چ رادەیەک ئەو ململانێیانە لە جەوهەریاندا ئیسنین و بەدوای ئەوەدا بگەرێین کە تا چ ئاستێک ئیسنیەت ئەو کۆلکە هاوبەشەیە کە بتوانین ئەو ململانێیانەی لە دەور کۆبکەینەوە کە لە بنەڕەتدا دەربارەی دەستگرتنن بەسەر سەرچاوەکان و خاک و هێزدا. بە کورتی، پێویستە بڕیار بدەین کە هۆکارەکانی ململانێی ئیسنی چین.
لە ڕاستیدا، هەر ئەوەندەی خەلکی شوناسێکی ئیسنیان هەبێت و ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیستیش لە ئارادا بێت، بەس نیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی حەتمی ململانێی ئیسنی یان جەنگی ناوخۆیی یان جێنۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی ڕووبدەن. بە پشکنینی وردی زۆرێک لەو ململانێیانەی ناوی ئیسنیان لێنراوە دەگەینە ئەو ئارگومێنتەی کە ئیسنیەت لە زۆریاندا تەنها میکانیزمێکی گونجاو بووە بۆ ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ئەو گروپە یەکڕەنگخوازانەی ئارەزوی شەڕکردنیان هەبووە لەگەڵ یەکتریدا لەسەر ئەو سەرچاوانەی کە تەنها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ئیسنیەتەوە هەیە.
 لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٠٠دا، موناقەشەیەک هەڵگیرسێنرا لە پەرلەمانی ئێرلەندا و لە لیژنەی پەرلەمانیدا دەربارەی ئەوەی کە  ئایا گوڵی زەنبەق (Easter Lilies) و گوڵاڵەسورە (Poppies) وەکیەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت یان نا.  گوڵی زەنبەق یەکێکە لە سیمبولە هەر گرنگەکانی بزاڤە نەتەوەیی (Nationalists) و کۆماریەکانی (Republicans) ئێرلەندا کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە وەک سیمبولی یادکردنەوە ئەو کەسانە بەکارهاتووە کە لە پێناو ئێرلەندایەکی ئازاد و یەکگرتودا گیانیان لە دەستداوە، لە ناویشیاندا تیرۆریستەکانی سوپای ئێرلەندای کۆماریی (IRA). گوڵاڵە سورەش لە لایەن یونیەنیست (Unionist) و لۆیەلیستەکانەوە (Loyalists) وەک سومبوڵێکی گرنگی یادکردنەوەی ئەو سەربازانە داندراوە کە جەنگیان کردوە و مردوون لە پێناو بەرگریکردن  لە شانشینی یەکگرتوو لە هەمان جەنگدا. بۆ ئەمان، گوڵاڵەسورە هێمای خەبات و قوربانیدانە و یادخەرەوەی ئەو پەیوەندیە بەهێزەی نێوان بەریتانیای گەورە و ئێرلەندای باکورە. بەڵام نەک هەر ئەوەندی هەردوو لایان سیمبوڵەکانیان وەک بەشێکی بە بەهاو دانەبڕاو لە شوناسی خۆیان دەزانن، بەڵکو بە چاوی سوکایەتیشەوە سەیری سیمبوڵەکانی یەکتری دەکەن چونکە بە هێمای چەوساندنەوە و کاری توندوتیژی و تیرۆریستی دادەنێن. کاتێکیش هەردوولای ململانێکە گەیشتنە ڕێکەوتنێکی هاوبەش لەم بارەیەوە، یونیەنیستەکان داوای کۆبونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی پەرلەمانیان کرد لەسەر ئەم بابەتە. ئەلبان ماگینێس (پارێزگاری پێشوی بەلفاست) کە ئەندامی حیزبی نەتەوەیی سۆشیال دیموکراتی کرێکارانە بە سەر سوڕمانەوە وتی کە 'چ شێتیەکە هاتوە بەسەرماندا کە پەرلەمان لەسەر چەپکێک گوڵالەسورە پێویست بکات کۆبونەوەی نائاسایی و بەپەلە ئەنجام بدات'.
بەدڵنیاییەوە، زۆرێک لە ململانێکان مەرج نیە بە تەنیا دەربارەی ئەم سیمبوڵانە بن، بەڵکو دەربارەی ئاسایشی جەستەیی ئەندامانی گروپێکی ئیسنی دیاریکراو و دەربارەی مافی ژیانی ئازاد و ئاشتیانەیە لەسەر پارچە خاکێک. زیاتر لەمانەش، هەندێک لە ململانێکان دەربارەی دەستگرتنە بەسەر سەرچاوە بەنرخەکانی وەک نەوت و ئاو و ئەڵماس، هەندێکی تریشیان دەربارەی مافی قسەکردنە بەزمانی دایک و دەربارەی پیادەکردنی دینداریە. بەبێ ئاشکراکردن و کنەکردنی ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی هۆکارەکانی ململانێی ئیسنی، ناتوانین بەتەواوەتی تێبگەین لەو سۆز و عاتیفە چڕ و بە کوڵانەی کە سەردەکێشن بۆ ململانێیەکی ئاڵۆز.
لە دوو دەیەی پێشودا ئەدەبیاتی نوسراو دەربارەی هۆکارەکانی ململانێی ئیسنی لە بەرفراونبونێکی خێرادایە و ژمارەیەکی زۆر بیردۆزە هەن دەربارەی هۆکار و کاریگەریەکانی ئەو ململانێیانە. ئەگەر بمانەوێت بیردۆزەیەکی تەواومان هەبێت دەربارەی ململانێی ئیسنی ئەوا دەبێت ئەو بیردۆزەیە بتوانێت تەفسیری ڕەفتاری نوخبە و جەماوەریش بکات و هەروەها دەبێت لایەنە عاتیفی و سیمبوڵی و پڕترسەکانی ململانێی ئیسنی بەووردیی ڕونبکاتەوە. لەم تێڕوانینەوە، دوو فاکتەر زۆر گرنگن؛ خۆ بەشایستەتر بینین و شەرعیەتی بەراوردکارانەی گروپەکان. بە تێگەیشتن لەم دوانە وەک یەکەیەکی بەیەکەوەگرێدراو، ئەوا دەتوانرێت بوترێت کە 'ململانێی ئیسنی لەوەوە سەرهەڵدەدات کە هەر گروپێکی ئیسنی چەندێک گرنگی و بەها دەداتە جیاوازیە دیارەکانی نێوان خۆی و گروپەکانی تر و پاشانیش چەندێک ئەم گرنگیدانە ڕۆڵ دەبینێت لە دروشمە جەخت لێکراوەکان و دروشمە دژەکاندا'. کەواتە جیاوازی نێوان گروپەکان گرنگیەکی بەرچاوی هەیە لە ڕێبەرایتیکردنی کاروکردەوەی سەرکردە و شوێنکەوتوەکانیاندا. جارێکی تر با لە نمونەی گوڵاڵەسورە و گوڵە زەنبەقەکەی ئێرلەندای باکور وردبینەوە کە چۆن هەردوو جڤاتەکە نەریت و سیمبوڵ و ئەزمونی مێژویی جیاوازیان هەیە و هەریەکەیان بەشێوەیەکی تەواو لەوەی تر جیاواز باس و تەفسیریان دەکات. هەروەک چۆن هەندێک لە ئەندامانی ئەو جڤاتانە ناتوانن ئەوە ببینن کە سیمبوڵەکانی خۆیان مانایەکی تەواو جیاوازیان هەیە لە تێڕوانینی ئەوانی تردا، لەوەش تێناگەن کە چۆن دەبێت سیمبوڵێک کە لە تێڕوانینی ئەمەوە ئەوپەڕێ شەرعیەتی هەبێت کەچی لای ئەوانی تر نەک هەر هیچ شەرعیەتێکی نیە بەڵکو ڕەنگە مانا و ناواخنێکی ئازاربەخش و ناشیرینش بگەیەنێت بۆیان.
کەواتە لێرەوە بابەتی خۆبەشایستەتر بینینی گروپەکان دێتەپێشەوە، ئەگەر تۆ نەتوانیت دان بە بەها و نرخی سیمبوڵەکانی مندا بنێیت، ئەوە کەواتە کەلتورەکەت نزمترە لە کەلتوری من. هەربۆیەش، کاتێک کەلتورت بەنزمتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە بازاڕی کار و لە وەرگرتن لە زانکۆکان و بواری نیشتەجێکردن و هتد، ئەوا گروپی چەوسێندراو گومان دەخاتە سەر تەواوی سیستەمە سیاسیەکە کە ڕێ بەم جیاکارییە دەدات و هەوڵ دەدات سیستەمێکی بەدیل گەشەپێبدات کە بەبۆچونی خۆی شەرعیترە لەم سیستەمە سیاسیە. بە ئەندازەی ئەوەی گروپێک تەحەدای ئەو بارودۆخە بکات کە ئێستا لە ئارادایە و بە ئەندازەی ئەوەی گروپەکەی تر کەمتر ڕێ بە گۆڕانکاریی بدات، بە هێندەی ئەوانە ململانێ خێراتر پەرەدەسێنێت و بەرەو توندوتیژی دەڕوات. لێرەدا دەتوانرێت ئاماژە بە نمونەی کۆسۆڤۆ بکرێت. زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی کۆسۆڤۆ (ئەو کات هەرێمێکی سەر بە سڕبیا بوو) بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە لە مافی هاوڵاتیبون بێبەشکرابون و دەستیان نەدەگەیشت بە بە کار و پەروەردە و تەندروستیەکی باش و شیاو. کۆسۆڤاییەکان لە لایەن ئەو کەمینە سڕبیەوە بێبەشکرابون کە لەلایەن حکومەتی بەلگرادەوە بە سەرۆکایەتی (سلۆبۆدان میلۆسۆڤیج) پشتگیری دەکران. میلۆسۆڤیج دەیویست ئەو جیاوازیە ئیسنیانەی نێوان سڕبی و کۆسۆڤاییەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر و پێداکوتاوتر بکات لە یۆگۆسلاڤیای ئەوکاتدا.
بەڵام ئەم تەفسیرە کۆمەڵایەتی-دەرونیانە تەنها بەشێکی چێرۆکی ململانێ ئیسنیەکانە و بەشێکی تری بریتیە لەوەی ئەو ململانێیانە ئیختیارێکی ئەنقەستانەی (Rational Choice) تاکەکەکانە. لەم تێڕوانینەوە دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان هۆکارە ژێرخانیەکان و هۆکارە نزیکەکانی ململانێی ئیسنی و پاشانیش بەرەنجامی ململانێکان پۆلێن بکەین 'بە پێی ئەوەی کە ئایا ململانێکە بەهۆی ئەو فاکتەرانەوە بووە کە لە ئاستی نوخبەدان یان ئەو فاکتەرانەی لە ئاستی جەماوەردان، پاشانیش ئایا ململانێکان کاریگەریی گەشەسەندنە دەرەکی یان ناوخۆییەکانی لەسەرە یان نا'. هەرچەندە هۆکارە ژێرخانیەکان پێداویستی سەرهەڵدانی ململانێی ئیسنین بەڵام بە تەنها ناتوانن ململانێی توندوتیژی نێوان ئیسنیە جیاوازەکان بن. هۆکارە ژێرخانیەکان چوارن؛ بونیادیی، سیاسیی، ئابوری و کۆمەڵایەتیی، و کەلتوری و ئیدراکی.
فاکتەرە بونیادیەکان چەند حاڵەتێک دەگرنەوە وەک دەوڵەتی لاواز (بۆ نمونە دەوڵەتێک کە نەتوانێت پیادەی دەسەلاتی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بکات)، گرفتی ئاسایشی ناوخۆیی (بۆ نمونە بونی بزاڤی جوداخوازیی بەهێز کە ڕەنگە پشتگیریی دەرەکی دەوڵەتە درواسێکانیشیان هەبێت)، و جوگرافیای ئیسنی (بۆ نمونە بونی ئیسنیەتێک کە لە رووبەرێکی دیاریکراوی سەر سنوردا چڕبونەتەوە یان گروپێکی ئیسنی کە لەودیو سنورەکانیشەوە هاوئیسنی خۆی هەبێت). ئەو فاکتەرە سیاسیانەی کە بونیان پێویستە بۆ سەرهەڵدانی ململانێی ئیسنی  زۆرن لەوانە دامەزراوەی سیاسیی جیاکار (discriminatory) (کە تەبەنی سیاسەتێک دەکەن کە بەدەستی ئەنقەست ئەندامانی گروپێکی ئیسنی لە هەندێک سود و ئیمتیاز بێبەش دەکات)، ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیستیە وەدەرنەرەکان (کە گومان لەسەر یەکسانی هاوڵاتیان دروست دەکەن و مافی هاوڵاتیبون نادەنە گروپێکی ئیسنی دیاریکراو، یان پشتگیریی بەزۆر تواندنەوەی کەلتوریی کەمینەکان دەکەن)،وە  سیاسەتی وروژاندنی جیاوازی نێوان گروپەکان (inter-groups) و ناو گروپەکان (intra-groups) لەسەر ئاستەکانی جەماوەری و نوخبەیی (بە مانایەکی تر، ژینگەیەکەی سیاسیی پێکهاتووە کە تیایدا حیزبە ئیسنیەکان لە مینبەری ئیسنیەتەوە کێبرکێی یەکتر دەکەن). هۆکارە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بەهەمان شێوەی ئەو هۆکارانەی تر ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە ڕێخۆشکردن بۆ سەرهەڵدانی ململانێی ئیسنی توندوتیژ. کێشە ئابوریەکان، سیستەمی ئابوری چەوسێنەر (وەک ئەو سیستەمە کەلتوریە جیاکاریەی کە کار لەسەر بنەمای ئیسنیەت دابەش دەکات)، و گەشەی ئابوری نایەکسان و نادادنە، هەمو ئەمانە بەشدارن لە خۆکۆکردنەوەی گروپێکی ئیسنی دیاریکراو و ئامادەبونیان بۆ شەڕکردن لە پێناو یەکسانی فورسەتە ئابوریەکان و دووبارە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان. فاکتەرە کەلتوری و ئیدراکیەکانیش نابێت بەکەم سەیر بکرێن، لەوانەش شێوازی جیاوازی جیاکاریی کەلتوریی ( وەک سەپاندنی زمانێکی فەرمی بەسەر هەمو ئیسنیەکانی دەوڵەتێکدا، بەبەرنامە خاپورکردن و وێرانکردنی سەرچاوە کەلتوریەکان و مۆنۆمێنتە مێژوییەکان، بەنایاساییکردنی هەندێک ڕێوڕەسمی کەلتوری و هەندێک تەقالید)، وە مێژوی پەیوەندی پڕگرفتی ئیسنیەکان (کە ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا پاکتاوی ڕەگەزی ئەنجامداربێت بەرامبەریان یان هەوڵی جێنۆسایدیان درابێت)، ئەمانە هەموی فاکتەری گرنگ و کاریگەرن لە گەشەسەندنی ململانێی ئیسنیدا.
لەم سیاقەدا با سەیرێکی نمونەی سریلانکا بکەین. بونیادە سیاسیە باوەکان لەم دورگەیەدا (سریلانکا) لە دوای ساڵی ١٨١٥ وە لەلایەن بەریتانیەکانەوە دروستکران، بەڵام زۆر پێش ئەم بەروارە تامیل (Tamil)ەکان مێژویەکیان لە ئۆتۆنۆمی سیاسی هەبو کە لە ژێر سایەی پورتوگالی و هۆڵەندیەکاندا وەریانگرتبوو. هەردوو پێکهاتە سەرەکیەکی ئەم دورگەیە (تامیل و سینهالیەکان) تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو بۆ شەرعیەتی دەوڵەتی سریلانکا و بۆ ئەو ڕۆڵەشی کە دەبوو بیانبینیایە و بۆ ئەو مافانەش کە دەبوایە پێیان شادبونایە. بەڵام سەرنجڕاکێشانە تامیلەکان لە بری ئەوەی توندوتیژانە دژی بەریتانیەکان و دژی یەکگرتنی دوورگەکە بوەستنەوە کە بە ڕوونی ببوە مەترسی بۆسەریان وەک کەمینەیەک، سودیان بینی لە فورسەتەکانی خوێندن و پرۆژە بازرگانیەکان و لەم دوو بوارەدا بونە زۆرینە و لە کۆتایشدا هەیمەنەیان کرد بەسەر بازرگانی و خزمەتگوزاریە مەدەنیەکاندا. بەڵام سینهالیەکان (Sinhalese) کە زۆرینە بوون ترسیان لێ نیشت لەوەی کە زمان و ئاینەکەیان (کە دوو پێکهێنەرە سەرەکیەکەی ئیسنیەتی سینهالیەکانە) لەباربچێت بەهۆی هەیمەنەی تامیلەکان بەسەر کۆمەڵگاکەیانەوە. ژیاندنەوەی بوزیەت لە نێو سینهالیەکاندا لە سەدەی نۆزدەهەمەدا شەقاری نێوان هەردوو کۆمەڵگاکەی زیاتر کرد و ڕەهەندێکی ئیسنی بەخشیە ئەو پلەبەندیەی کە ئەو کات لە ئارادا بوو. سینهالیەکان هەمیشە وا لە خۆیان دەڕوانی کە ئەوان خاوەن پەیامێکی خوایین کە لەلایەن بوزاوە پێیان بەخشراوە. ئەمە نەک هەر دژ بە ئەو واقیعە بوو کە لەژێر سایەی حوکمی بەریتانیەکان لە سیلۆن (Ceylon)(سریلانکا) لە ئارادا بوو، بەڵکو دژ دەوەستا لەگەڵ تێڕوانینی تامیلەکان بۆ مێژو و کەلتوری سیلۆن.

لە کاتی بونیادنانی سەربەخۆیی سریلانکادا، حاکمە کۆلۆنیالیەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣١ دا دەنگدانی گشتیان پەیڕەوکرد لە سریلانکادا کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو بە باڵادەستبونی زۆرینەی سینهالی لە ڕوی کاریگەریی سیاسیەوە. لە ترسی ئەوەی کە ئەو دەوڵەتە یەکئاستە (Unitary)ی لە سایەی زۆرینەیەکی سینهالیدا پێکدێت سەربکێشێت بۆ پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاکارانە دژیان و بێزاریان لەوەی وەک کەمینە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت لە کاتێکدا ساڵانێک بوو ئیمتیازاتی تایبەتیان هەبوو، تامیلەکان داوای ئەوەیان کرد کە لە ڕووی دەستوریەوە مافەکانیان بپارێزرێت. لەگەڵ ئەوەی کە دەکرا لە ژێر سایەی کاریگەریی بەریتانیەکان سیستەمێک دابمەزرایە کە مافی کەمینەی بپاراستایە و ئۆتۆنۆمی بە تامیلەکان ببەخشرایە، کەچی لە دوای سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٤٨ دا دیموکراسیەتی زۆرینە دامەزرێندرا کە تیایدا سیستەمێکی پەرلەمانی هاتەکایەوە کە حیزبە سینهالیەکان هەیمەنەیان بەسەرداکرد و ئەمەش وایکرد کە هەر تەعدیلێکی دەستور نەک هەر زۆر قورس بێت، بەڵکو تا ڕادەیەک موستەحیل بوو. لەگەڵ بەرپابونی شەپۆلێکی تری ژیانەوەی بودیزم لە ١٩٥٠ کاندا،  تامیلەکان نەک هەر گۆرانکاریان لە بەشەهێز و کاریگەریی خۆیاندا بینی بەڵکو بەشێوەکی ڕوولەزیاد توشی سیاسەتی جیاکاری کەلتوریی بون. لە نمونەکانی ئەم جیاکاریە وەک ئەو مادە دەستوریەی کە لە ساڵی ١٩٥٦دا لەبری ئینگلیزی، زمانی سینهالی کردە زمانی رەسمی دەوڵەت و بازرگانی، پاشانیش لە سالانی ١٩٧٠کاندا حکومەت سیستەمێکی کۆتا (Quota)ی تەبەنیکرد بۆ وەرگیران لە زانکۆکان کە ئەمەش جیاکاریی بوو دژی تامیلەکان. لە ساڵی ١٩٧٢دا کە دەستوری نوێ، ناوی دەوڵەتەکەی لە (سیلۆن)ەوە کرد بە سریلانکا، داواکاری تامیلەکانی بۆ ئۆتۆنۆمی و مافی چارەنوس ڕەتکردەوە و جێگەیەکی باڵاشی بەخشیە دینی بوزی لە ژیانی خەڵکدا. بە تێپەڕبونی کات، ئەم سیاسەتە جیاکاریانە فورسەتی کار و خوێندنی تامیلەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە. لە کاتێکدا تەنانەت ووردە ئومێدێکیش نەمابوو بۆ بەرەو فیدڕاڵی چوونی سریلانکا، تامیلیەکانیش بەرەو ڕادیکاڵ بون هەنگاویان دەنا، بەڵام دەستیان بۆ توندوتیژی نەبرد تا ئەوکاتەی حکومەتێکی زبرڕۆ (Hardliner) لە کۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانکادا پەنای بردە بەر بەکارهێنانی توندتیژی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکەی تامیلەکان لە نیوەدورگەی (جافنا) کە تیایدا زۆرینەی دانیشتوانیان پێکدەهێنا. ئەمە گرژیەکانی نێوان زۆرینەی سینهالی و جوداخوازە تامیلەکانی بەرەو ململانێی توند برد کە تیایدا لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کاندا هەزاران کەسی تێدا کوژرا. 
لینکی بەشی دووەم

No comments:

Post a Comment