Sunday 7 August 2016

لامەرکەزیەتی پارێزگاکان:هاندەر و ترسەکان


نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا


ماوەیەکە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لە بەلامەرکەزیکردنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەن. لە هەمان کاتدا، بڕگەیەکی ڕێکەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی (١) بریتی بوو لە بە لامەرکەزیکردنی پارێزگاکان. پشتگیریکردنی لامەرکەزیەتیش لە نێو خەڵکیدا لە پارێزگای سلێمانی بە شێوازی جیاواز دەردەکەوێت. حیزبەکانیش لە ڕێی ئەندامانیانەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم پرسە دەربڕیوە (٢)، بەدەر لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ڕێی ئەندامێکی سەرکردایەتیان (٣) و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیانەوە (٤) دژایەتی خۆیان بۆ ئەم پرسە دەربڕیوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا پرسی بە لامەرکەزیکردنی پارێزگاکان زۆر بە کەمی بووەتە جێی گرنگیپێدانی ئەکادیمیەکان و دەزگا زانستیەکانی وەک زانکۆکان. لەم لێکۆڵینەوەدا، لە ڕێی چەند پرسیارێکەوە لە سروشتی لامەرکەزیەت دەکۆڵینەوە. ئایا لامەرکەزیەت چیە؟ لامەرکەزیەت لە چ بوارێکدا؟ ئایا لامەرکەزیەت جیاکردنەوەی سلێمانیە لە هەرێمی کوردستان؟ ئایا ترس لە لامەرکەزیەت واقیعیە؟

لامەرکەزیەت چیە؟

لامەرکەزیەت (Decentralisation) وەک هەر چەمکێکی تری سیاسی کۆمەڵیک پێناسەی بۆ کراوە و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە کۆک نین لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو. وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، لامەرکەزیەت هەر کارێکە کە ببێتە هۆی دەرهێنانی دەسەڵات لە دەستی مەرکەز و دابەزاندنی بۆ ئاستەکانی تری خوار مەرکەز. لێرەوە دەردەکەوێت کە لامەرکەزیەت چەمکێکی ڕێژەییە و زیاد و کەم دەکات و لە کەیسێکەوە بۆ کەیسێکی تر دەگۆڕێت. دەتوانین پێناسەی لامەرکەزیەت بەم شێوەیە بکەین کە بریتیە لە دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەکان لە ناوەندەوە بۆ ئاستە سیاسی و ئیداریەکانی تری وەک هەرێمەکان، پارێزگاکان، یان ویلایەت و کانتۆنەکان. لێرەوە دەتوانین بڵێین کە:

یەکەم: لامەرکەزیەت تەنها گواستنەوەی دەسەڵاتەکان نیە، بەڵکو گواستنەوەی بەرپرسیارێتیەکانیشە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە لەوەدا کە بەو لایەن و کەسانە دەلێت کە لامەرکەزی بە خراپ دەزانن و ترسیان لێی هەیە کە لامەرکەزیەت هەر ئەوە نیە کە لە دەسەڵاتەکانی ئێوە کەم بکاتەوە، بەڵکو بەرپرسیارتیەکانیشتان لەسەرشان ناهێڵێت. بۆیە ئەگەر گەندەڵیەک لە ئاستی پارێزگاکاندا ڕووبدات ئەوە بەرپرسانی پارێزگا لێی بەرپرسن نەک حکومەت. دواتریش بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێمەوە.

دووەم: دەوڵەت چەند ئاستێکی ئیداریی هەیە. لە عێراقدا ئاستەکان بەم شێوەیەیە حکومەتی ناوەندهەرێم (ەکان)پارێزگاکان (ویلایەتەکان) قەزاناحیە گوند. ئەگەر ئاستی ئیداری "هەرێم" لەم دابەشکردنەی یەکە ئیداریەکان دەربهێندرێت، ئەوا هەمان دابەشکردنی سەردەمی تەنزیماتی دەوڵەتی عوسمانیە کە لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا بونیادیان نابوو بە ئامانجی بەمەرکەزیکردنەوەی بڕیار و چڕکردنەوەی لە دەستی سوڵتانەکانی عوسمانیدا. چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە دەستی بەرپرسانی یەکەمی وڵاتدا مەترسی زۆریی هەیە، لەوانە بەکارهێنانی سامان بۆ بەرەژەوەندیی تایبەتیی کۆمەڵێک یان حیزبێک، تەشەنەسەندنی گەندەڵی، و لاوازکردنی پرۆسەی بە دیموکراسیبوونی کۆمەڵگا.

سێیەم: داواکردنی لامەرکەزیەت لەلایەن  ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کەیسێکی تایبەتە. ئەو کەیسانەی لە جیهاندا دەگوزەرێن بریتین لە داواکردنی دابەزاندنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی مەرکەزیی بۆ هەرێمێک یان هەر یەکەیەکی تری ئیداریی، بەڵام لە کوردستاندا پارێزگاکان داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن دەسەڵاتەکانیان بۆ داببەزێنێت لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم وەک ئاستی ئیداریی سەر بە دەوڵەتی عێراقە. لە هەمانکاتدا، لە ڕووی ئیداریەوە حکومەتی هەرێم ئاستێک لە خوار حکومەتی مەرکەزیەوەیە لە بەغداد. داواکردنی لامەرکەزیی لە جیهاندا لە ئاستی یەکەم دەکرێت (حکومەتی مەرکەزیی) بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکرێت کە ئاستی دووەمی ئیداریە لە عێراقدا. هەر بۆیەش کەیسی لامەرکەزیی پارێزگاکانی هەرێم کەیسیکی تایبەتە و دەبێت لێکۆلینەوەی تایبەتی لەسەر بکرێت.

چوارەم: لامەرکەزیەت چەمکێکی ڕێژەییە، واتە هیچ دەوڵەتێک یان هەرێمێک بەتەواوەتی مەرکەزیی یان لامەرکەزیی نیە. ئێمە ناتوانین بڵێین کە پرۆسەی بریاردان و جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستاندا و لە هەمبەر پارێزگاکاندا بەتەواویی و بەڕەهایی مەرکەزیە، بەڵکو تەنها دەتوانین بڵێین هێندە لامەرکەزیی نیە کە کاروبارەکانی پارێزگاکە بە ڕێکوپێکتر بەڕێوەبڕوات. هۆکاری ئەم ڕێژەییەش ئەوەیە کە پارێزگاکانی هەرێم بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەگەر زۆریش کاریگەر نەبێت، بەشدارن لە دروستکردنی بڕیار و کۆکردنەوەی داهات و سەرفکردنەوەی لەو پرۆژانەی کە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە بڕیاریی لەسەر دەدرێت.

لامەرکەزیەت: چۆن؟ لە چیدا؟

وەک ئاماژەم پێدا، لامەرکەزیەت چەمکێکی ڕێژەییە و کەم و زیاد دەکات. کەواتە دەکرێت بپرسین چۆن و لە چیدا لامەرکەزیەت زیاتر بکەین و دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەکان بۆ ئاستی خوارتری ئیداری دابەزێندرێت. لامەرکەزیەت دەکرێت بە پلەبەندی و لەهەندێک بواری تایبەتدا بێت. کاتێک باسی ئەم چەمکە دەکرێت، نابێت پێمانوابێت کە حکومەت دەبێت تەواویی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەکان دابەزێنێتە خوارەوە و کارەکانی خۆی توشی پەککەوتەیی بکات. پلەبەندی لە پرۆسەی لامەرکەزیکردندا گرنگە. بۆ نمونە لە ماوەی پێشودا نرخی بەنزین لە ١١٠٠ دینارەوە بۆ نیوەی ئەو نرخەی دابەزیی و هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە حکومەت دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هێنانی بەنزینی دایە دەست پارێزگاکان. تەنها بەم پرۆسە بچوکەی لامەرکەزیکردن، باری سەرشانی هاوڵاتیانی هەرێم ئاسانتر بوو. دەکرێت ئەم هەنگاوە وەک پلەبەندی دابندرێت و لێرەشەوە کاربکرێت بۆ بەلامەرکەزیکردنی هەندێک بواری تریش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە.

دەکرێت لامەرکزیەت بە کەمکردنەوە و سنوردارکردنی (لە داهاتوشدا ڕەنگە نەهێشتن و ئیلغاکردنەوەی) دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەکانی هەندێک وەزارەت دەستپێبکات. لە گرنگترین ئەم وەزارەتانە وه‌زارەتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و وه‌زارەتی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزارن. گرفتی هەندێک لەم وەزارەتانەی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە تەنها بۆ ڕازیکردنی هەندێک لایەنی سیاسی و بەڕێکردنی کارەکان بە تەوافوقی سیاسی نێوان حیزبەکان دامەزراون، ئەگینا لە ڕاستیدا هیچ پێویست ناکات کارەکانی ئەم کەرتانە لەلایەن وەزارەتێکی تایبەتمەندەوە بەڕێوە ببرێن. ئەگەر کەرتەکانی گەشتوگوزار و شارەوانی و نیشتەجێکردن بدرێنە دەست پارێزگاکان، ئەوا دەتوانرێت بەشێوەیەکی باشتر لە ئێستا کاروبارەکانییان بەڕێبکرێن و داهاتەکانیشیان بۆ خزمەتی پارێزگاکان خۆی بگەڕێتەوە. هەر بۆ نمونە لە کەرتی گەشتوگوزاردا، هەر پارێزگایەک خاوەنی چەندین شوێنی حەوانەوە و شوێنی مێژوویی و ئاینیە کە دەکرێت خزمەت بکرێن تاکو ببنە سەرچاوەیەکی داهات بۆ پارێزگاکان. ئەو کات هەم پارێزگاکە ئاوەدانتر دەبێتەوە و هەم ناووشۆرەتی ناوچە گەشتوگوزاریەکانی هەرێمیش دەبێتە فاکتەری سەرنجڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران. بەڵام ناکرێت، کەرتەکانی گەشتوگوزار و شارەوانی و نیشتەجێکردن بەبێ تەنسیق و چاودێری وەزارەتی پلاندانان و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا کاروبارەکانی بەڕیوەبەرێت. بۆیەش هەرگیز بەمەرکەزیکردنی دامەزراوەیەک بە مانای تەواو سەربەخۆکردنی نایەت بەڵکو دەبێت کارەکانیان چاودێری بکرێت و تا ڕادەیەکیش ڕاوێژو تەنسیق بە وەزارەتی پلاندانان بکەن.

لامەرکەزیەت دوو ڕووی سەرەکی هەیە: ئیداری و دارایی. لامەرکەزیەتی ئیداریی ئەوەیە کە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەندێک لە وەزارەتەکانی حکومەت بدرێتە پارێزگا و قەزا و ناحیەکان. وەک لەسەرەوە باسکرا، دەکرێت ئیدارەی ناوچە گەشتیاریەکان و نیشتەجێکردن و گەلێک بواری تر ڕاستەوخۆ لەلایەن پارێزگاکانەوە بەڕیوە ببرێت بە چاودێری ئەنجومەنی پارێزگا و وەزارەتی پلاندانان و لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان. بەڵام ئەوەی ترسی بۆ حکومەتی هەرێم دروستکردووە لامەرکەزیەتی داراییە. لامەرکەزیەتی دارایی ئەوەیە کە پارێزگاکان سەرپشک بن لە کۆکردنەوە و سەرفکردنەوەی داهاتی گومرگ و باجە ناوخۆییەکانی وەک باجی خانوبەرەوە و ڕێگاوبان و باجی سەر کۆمپانیاکان ...هتد لە سنوریی پارێزگاکانی خۆیاندا. بەڵام هەڵەیە گەر پێمانوابێت کە لامەرکەزیەت مانای ئەوە بێت کە هەرچی داهاتی نەوت و خاڵی گومرگی و باج ...هتد هەیە دەبێت پارێزگا کۆیبکاتەوە و هەرخۆشی سەربەخۆیانە سەرفی بکات و دابەشی بکاتەوە. هەندێک سەرچاوەی دارایی هەن کە دەبێت حکومەت کۆیانبکاتەوە، وەک داهاتی نەوت و سەرچاوە کانزاییە بەنرخەکان، بەڵام دەبێت پشکێکی تایبەت لە داهاتی ئەم سەرچاوانە بدرێتە ئەو پارێزگایەیەی سەرچاوەکانی تێدایە. رێژەی ئەو پشکەش دەکرێت بە یاسا لە لایەن پەرلەمان کوردستانەوە ڕێکبخرێت.

لامەرکەزیەت بۆ؟

پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە کە ئایا لامەرکەزیەت بۆ؟ لە ڕاستیدا، لامەرکەزیەت لە زۆر ڕوەوە دەکرێت سودی زیاتر بە دانیشتوان بگەیەنێت لەوانە،

یەکەم: کەمکردنەوەی  ڕۆتیناتی ناو هەندێک لە فەرمانگە حکومیەکان. ئەو دەسەڵاتانەی لە وەزارتەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاکان وا دەکات کە هاوڵاتیان لە ڕووی جوگرافی و پراکتیکیەوە نزیکتر بن لە فەرمانگەکان. واتە لە ڕووی جوگرافیەوە، پێویست ناکات هاوڵاتیان و فەرمانبەران ئەرک و زەحمەتی چونە وەزارەت بکێشن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و دەتوانن لە شارەکەی خۆیاندا کاروبارەکانیان بۆ ڕاییبکرێت. لە ڕووی پراکتیکیشەوە، بەهۆی دابەزاندنی دەسەڵاتەوە بۆ پارێزگاکان ژمارەی ئەو لایەن و بەرپرسانە کەمدەبێتەوە کە هاوڵاتی یان فەرمانبەر پێویستە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی سەردانیان بکات.

دووەم: بەهێزبوونی بارجێگیری سیاسی. دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بۆ پارێزگاکان، ئەو بۆشاییە تەسک دەکاتەوە کە لە نێوان هاوڵاتی و دامەزراوە فەرمیەکاندا بونی هەیە و بەمەش بارجێگیریی سیاسی بەهێزتر دەبێت.

سێهەم: پرۆسەی دیموکراسی پێداکوتاوتر دەبێت چونکە دەنگی خەڵک بەهێزتر دەبێت. کێبرکێی حیزبەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر دەبێت چونکە دەسەڵاتەکانی زۆرترن و ئەمەش وا دەکات کە حیزبەکان زیاتر خۆیان لە خەڵک نزیکبکەنەوە و هەوڵی ئەوە بدەن هەر یەک لەلای خۆیەوە نمونەیەکی جوانتر پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگەکانی خۆی زیاتر بکات. بەمەش بەهای خەڵک زیاتر دەبێت و خەڵکی دەستکراوەتر دەبن و دەنگەکانیان ڕێزی زیاتر پەیدا دەکات.

چوارەم: گەشە دەداتە کەرتە گشتیەکانی وەک گەشتوگوازر و نیشتەجێکردن و پەرەپێدانی خاڵە سنوریەکان و ..هتد. هۆکاریی ئەم گەشەپێدانەش ئەوەیە کە کاتێک دەسەڵات و بەرپرسیارێتی دەدرێتە پارێزگا، ئەوا ناچار دەبێت گەشە بەو کەرتانە بدات بە ئامانجی پەیداکردنی داهاتی زیاتر لێیان، بەڵام لە ئێستادا و لەژێر سایەی مەرکەزیەتی حکومەتی هەرێمدا و بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتیە بەرفراوانەی هەیەتی، بەوەگەڕخستنی ئەو کەرتانە ڕاناگات بە تایبەت لەم قەیرانە داراییەی ئێستادا.

پێنجەم: لامەرکەزیەت دۆزینەوە و بەرەو دادگابردنی گەندەڵکاران ئاسانتر دەکات. بۆ باشتر تێگەیشتن لەم خاڵە نمونەیەک دەهێنمەوە. لە دێهاتەکاندا و لەبەر کەمی ماڵەکان و کەمی ڕووبەری جوگرافی هەموو دانێشتوانی دێ یەکتری دەناسن. خۆ ئەگەر پیاوخراپێک لە ناویاندا هەبێت ئەوا هەموویان دەیناسن و خۆیانی لێ دەپارێزن. بەڵام لە شاردا بەهۆی گەورەیی بەرفراوانیەوە زەحمەتە هەموو خەڵکی شار پیاوخراپەکان بناسن. بە کورتی لە ڕووی ناسینەوە و بەرەو دادگابردنی گەندەڵکارانەوە، بەرتەسکی ناوچەی جوگرافی ڕۆلی خۆی دەبینێت. ئەگەر دەسەڵات و بەرپرسیارێتی دابەزێتە پارێزگاکان، ئەوا گەندەڵکاران ئاسانتر دەردەکەون و ئەو کاتیش حیزبەکانیان یان حکومەتی خۆجێی شار ناچار دەبن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن. گەندەڵکاریی بە تەنها کەسێک بەڕێوە ناچێت بەڵکو تۆڕێکی بەشەریە و بە دابەزاندنی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان ئەو تۆڕە گرگنتر و بێدەسەڵاتتر دەبێت و ئەو کاتیش گەندەڵی کەمتر دەبێتەوە.

شەشەم: لامەرکەزیەت کێبرکێی نێوان پارێزگاکان بۆ خزمەتی باشتری دانیشتوانی خۆیان پەرەپێدەدات و بەمەش خزمەتگوزاریەکان بۆ هاوڵاتیی بەرەوپێشدەبات.

ترسەکان لە لامەرکەزیەتی پارێزگاکان

ڕەنگە هەندێک لە حیزبەکان، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەندێک ترسیان لە پرۆسەی بە لامەرکەزیەتکردنی پارێزگاکان هەبێت. من لەم بەشەدا هەندێک لەو ترسانە ئاماژە پێدەکەم وگفتوگۆیان دەربارە دەکەم

یەکەم: هەندێک پێیانوایە کە ئەو لامەرکەزیەتەی سلێمانی داوای دەکات جیاکردنەوەی ئەم شارەیە لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت یەکێک لە میدیاکان پێیوایە کە حکومەتەکەی عەبادی لە پشت ئەم هەوڵانەی سلێمانیەوە بێت (٥) بە ئامانجی دابەشکردنی کوردستان و پارچەپارچەکردنی. هەرچەندە من وای دەبینم کە ئەوانەی ئەم ترسەیان هەیە بەشێکیان دەزانن کە ترسەکەیان بنەمایەکی پتەویی نیە و تەنها هەڵوێستێکی سیاسیە بۆ پەراوێزخستنی پرۆژەی لامەرکەزیەت، بەڵام من لێرەدا شیکارێک بۆ ئەم خاڵە دەکەم. لامەرکەزیەت نەک نابێتە هۆی جیاکردنەوە و دابڕینی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڵکو پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە زۆر بەهێز دەکات. لە راستیدا، ئەوەی بەپراکتیکی خەریکە سلێمانی لە هەرێم دادەبڕێت، ئەو مەرکەزیەت و ململانێ حیزبیەیە کە ئێستا حکومەتی هەرێم و حیزبەکان پەیڕەویی دەکەن. دانیشتوانی سلێمانی هەستدەکەن کە شارەکەیان بەبەروارد بە هەولێر و دهۆک لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریەوە پشتگوێخراوە و بێزارن لەوەی کە هەندێک جار بۆ ئیمزایەکی وەزیر یان فەرمانگەی پەیوەندیدار دەبێت چەند جارێك سەردانی هەولێر بکەن و مەسرەفێکی زۆریش بکەن. ئەمانە و چەندین گرفتی تریش وێنەی مەرکەزیەتی لای دانێشتوانی سلێمانی قێزەون کردووە و بۆیەش بە لامەرکەزیەتبونی پارێزگاکان جۆرێک لە ئارامی و متمانە بە حکومەت لای خەلک دروست دەبێتەوە.

دووەم: یەکێکی تر لە ترسەکان ئەوەیە کە لامەرکەزیەت دەبێتە هۆی لاوازبوونی حکومەتی هەرێم و بێ دەسەڵاتبونی. لە ڕاستیدا ئەم ترسەیان وەهمێکی گەورەی تێدایە و ئەمەش بە دوو خاڵ ڕوندەکەمەوە
·      لامەرکەزیەت تەنها گواستنەوەی دەسەڵات نیە بۆ پارێزگاکان، بەڵکو گواستنەوەی بەرپرسیارێتیشە. واتە لامەرکەزیەت لە ڕاستیدا سوککردنی باری حکومەتە بەوەی بەشێک لە بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر بە هاوڵاتیان لەسەر شان لا دەچێت و ئەرکەکانی کەمتر دەبێتەوە و بەمەش دەتوانێت باشتر و خێراتر بە کاروبارەکانی ڕابگات و خۆی تەرخان بکات بۆ هەندێک کاری تر کە وەزیفەی سەرەکی حکومەتە وەک پلاندانان و بەهێزکردنی پەیوەندیە دەرەکیەکان و بەهێزکردن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هتد.
·      لە ڕێی لامەرکەزیەتەوە حکومەت دەتوانێت شەرعیەتی خۆی بەهێزتر بکات بەوەی کە خۆی قوتار دەکات لە هەڵگرتنی هەندێک لەو بەرپرسیارێتیانە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەژیانی خەڵکەوە هەیە. ئەوەی تا ڕادەیەک شەرعیەتی حکومەتی هەرێمی لاوازکردوە ئەوەی کەخۆی کردۆتە بەرپرسی هەموو ئەو کایانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەژیانی خەڵکیەوە هەیە.

سێهەم: هەندێک پێیانوایە کە لامەرکەزیەت دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەستی ئینتمای نیشتمانی و بەهێزبوونی هەستی ئیتتیمایە بۆ پارێزگا و ئەمەش زیانی بۆ یەکپارچەیی کوردستان هەیە. لە ڕاستیدا، گرفتی ئەم ئارگومێنتە لەوەدایە کە پێیوایە لە هەرێمی کوردستاندا، ئینتیما بۆ هەرێم و ئینتیما بۆ پارێزگا دوو بابەتی دژ بەیەک و جیاواز و سەربەخۆن لە یەکتری. ئەمان پێیانوایە کە بەهێزبوونی یەکێک لەم ئیتیمایانە لاوازبوونی ئەوەی تری لێدەکەوێتەوە. بەڵام من وای دەبینم کە لە هەرێمی کوردستان ئەم دوو ئینتیمایە ڕاستەوانە لەگەڵ یەک بەرز یان نزم دەبنەوە و بەهێزی یەکێکیان بەهێزیی ئەوەی تریانە و بە پێچەوانەشەوە. ئەم دوو ئیتنتیمایە تەواوکەری یەکترن. ڕەنگە لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا کە ململانێی ئیسنی هەیە، ئەم ئارگومێنتە بەشێک لە ڕاستی تێدا بێت کە ئینتیما بۆ ناوچەیەک لاوازکردنی ئینتیما بێت بۆ تەواویی ووڵات، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان ئەم ئارگومێنتە تەواو نیە.

پوختە

لەم لێکۆڵینەوە کورتەدا بابەتی لامەرکەزیەتم شیتەڵکردووە و وەڵامی ئەو پرسیارەم داوەتەوە کە ئایا لامەرکەزیەت چیە و لە چ بوارێکدا دەکرێت پەرەی پێبدرێت. ئەو پرسیارەشم وەڵامداوەتەوە کە ئایا لامەرکەزی پارێزگاکان چ سودێکی هەیە لە ڕوی نەمانی ڕۆتین و لەیەک نزیکبونەوەی هاوڵاتی و حکومەت و پەرەپێدانی خزمەتگوزاریەکان. هەر لەم لێکۆڵینەوەیەدا باسێکی ئەو ترسەم کردوە کە هەندێک لایەن لە پرۆسەی بەلامەرکەزیکردن هەیانە کە گوایە دەبێتە هۆی دابەشکردنی کوردستان و دابڕینی سلێمانی لێی و لاوازبونی هەستی ئینتیما بۆ هەرێم. لە کۆتاییدا گەیشتومە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم ترسانە بناغەیەکی پتەویان نیە و تا ڕادەیەکی زۆر ترسی وەهمین. 
سەرچاوەکان

1.     بەشی دووەم-مادەی چواری ڕێکەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕانی مانگی ئایاری ٢٠١٦.
2.     چاوپێکەوتنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لایەنەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو لە کەناڵی کوردسات نیوز لە ٢٠/١/٢٠١٦ دا. چاوپێکەوتنەکە لەسەر ئەم لینکە فەراهەمە https://vimeo.com/152391620
3.     چاوپێکەوتنی فازڵ بەشارەتی –ئەندامی سەرکردایەتی پارتی- لەگەڵ کەناڵی NRT  لە ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠١٦. چاوپێکەوتنەکە لەسەر ئەم لینکە فەراهەمە http://nrtvideos.com/NRTHD/DwJarBirbkereawa/dw23-05-16.mp4
4.     لێدوانی زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ١٦/١/٢٠١٦. لێدوانەکە فەراهەمە لەسەر ئەم لینکە http://netewe.net/item.php?id=4053
5.     بڕوانە باسنیوز لەسەر ئەم لینکە http://www.basnews.com/index.php/so/news/kurdistan/253086


No comments:

Post a Comment