Monday 5 September 2016

حیزبەکان سەرچاوەی سەرەکی نەهامەتیمانن

نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
ئێستا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قوڵدا تێپەڕ دەبێت کە ڕەهەندی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. لە ڕوی ئابوریەوە، حکومەت توانای دابینکردنی بژێوی خەڵکی نیە. نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەزیادکردنی ڕێژەی باج لەسەر خەڵک، باری سەرشانی زیاتر قورسکردون. پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لەو کەرتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەباشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیانەوە لەکارکەوتون. لەم ڕوەوە ئێستا حکومەت زیاتر بارە بەسەرشانی هاوڵاتیانەوە نەک خەمڕەوێن. لە ڕوی شوناسیی سیاسیەوە، کوردستان دابەشکراوە  بەسەر چەند ئایدۆلۆجیایەکی جیاوازدا،  بەمەش جیاوازیەکان قوڵتر بونەتەوە و مامەڵە لەگەڵیاندا قورستر بوە. هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر ئایدۆلۆجیای ئیسلامی و عەلمانیدا و بەسەر گۆڕانخواز و دژەگۆڕاندا و بەسەر چەند حیزبێکدا. ئەمە بەدەر لەو دابەشبونەش کە هەیە لە نێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی تر، یان لە بونی چەند ئاین و ئاینزایەکی تر. لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە، ڕێژەی لێکهەڵوەشانی خێزان و کوشتن و فڕاندن و کپکردنی ئازادیەکان لەچاو پێشودا زیادیکردوە. ئێستا لە جاران زیاتر ترس لەسەر ژیانی دەنگە ناڕەزاکان هەیە.