Sunday 7 August 2016

بۆچی چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان کارێکی زەحمەتە؟

بۆچی چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان کارێکی زەحمەتە؟
نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
پێشەکی

هەوڵەکانی چاکسازیی لە سیستەمی ئیداری و سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەرەنجامێکی بەرچاوی پۆزەتیڤی نەبووە بە شێوەیەک کە ئومێد بگێڕێتەوە بۆ هەموو تاکێکی دانیشتوی هەرێم. ئەم هەوڵ و پلانەی هەردوو بارزانی بۆ چاکسازی لە دامەزراوەکانی هەرێمدا تاکە هەوڵ نەبوون،  بەڵکو چەندین هەوڵی تری حکومی و حیزبی دراون لەم پێناوەدا بەڵام ڕێگرەکانی بەردەم چاکسازیی هێندە کاریگەر بوون کە گەندەڵیەکان و گەندەڵەکان براوە بوون لە هەندێک باردا زیاتریش پێیانداکوتاوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی و چ فاکتەرێک وایکردووە کە چاکسازیی، هەرچەندە خواستێکی جەماوەریە، سەرنەگرێت و شکست بهێنێت؟ من لەم نوسینەدا هەوڵ دەدەم بە پشت بەستن بە بیردۆزەی Path Dependency (“ڕێگەی پشت پێبەستراو”) باس لەو ڕێگریانە بکەم کە وایانکردووە کە ئەگەر چاکسازی ئەستەمیش نەبێت، زەحمەت بێت؟ پەیکەری نوسینەکەم بەم شێوەیە دادەڕێژم. سەرەتا پێناسە باسێکی تیۆری “ڕێگەی پشت پێبەستراو” دەکەم و پاشان هەندێک لەو ڕوداو و مێژوانە شەنوکەو دەکەم کە گرنگن لە لێکۆڵینەوە دەربارەی پرسی گەندەڵی. دوای ئەوە بە کورتی ئەو بەرەنجامانە باسدەکەم کە وایکردووە چاکسازی زەحمەت بێت.

کورتەیەک دەربارەی Path Dependency

ئەم بیردۆزەیە هەڵدەستێت بە گەڕانەوە بۆ مێژوو بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە بۆچی دیاردەیەکی تایبەتی لە ئێستادا بوونی هەیە و بەهێزە و دەستلێهەڵگرتنی ئاسان نیە. ئەگەر ئەو دیاردەیەی ئێمە لێکۆڵینەوەی دەربارە دەکەین شکست و لاوازی چاکسازی بێت، ئەوا ئەم بیردۆزەیە ڕێمان بۆ خۆشدەکات بەوەی کە پێمان دەڵێت کە بە شوێن پێی ئەم دیاردەیەدا بچینەوە و ئەو ڕووداوانە کەشف بکەین کە ئەم دیاردەیەی بەرهەم هێناوە. سودی ئەم بیردۆزەیە ئەوەیە کە تێماندەگەیەنێت کە ئەگەر بمانەوێت ڕیفۆرم بکەین، ناکرێت مێژوویەکی ووردی پێکهێنەرەکانی ئەو دیاردەیە نەزانین، هەر وەک چۆن پزیشکێک سەرکەوتوو نابێت لە چارەی نەخۆشیەکدا ئەگەر بە ووردی مێژووی نەخۆشیەکە نەپرسێت. هەڵەیە گەر پێمانوابێت دەکرێت لە ڕێی ئەو دەرهاویشتانەی ئەمڕۆ دەیانبینین بکەوینە چآکسازیکردن چونکە، تەنها بۆ نموونە، داری بەڕوو ڕەگی بە ناخی زەویدا داکوتاوە، خۆ ئەگەر پێتوابێت بە بڕینەوەی دارەکە ئیتر سەرهەڵناداتەوە ئەو هەڵەیت.

مارگرێت لێڤی (١) دەنوسێت کە "Path Dependence ، ئەگەر مانایەکی هەبێت دەبێت ئەوە بێت کە هەر کات ووڵاتێک یان هەرێمێک لەسەر ڕێگەیەک کارەکانی خۆی دەستپێکرد، ئەوا تێچوونی گەڕانەوە (دەستهەڵگرتن) لەو ڕێگایە زۆر بەرز دەبێت. ڕەنگە بژاردەی تریش هەبێت لە دواییدا، بەڵام پێداکوتانی ئەو دامەزراوە تایبەتانە ڕێگر دەبن لەوەی بە ئاسانی دەستهەڵگرین لێیان". ئەوەی وا دەکات تێچوونی دەستهەڵگرتن لە دامەزراوەیەکی تایبەت زۆر بەرز بێت ئەو چەمکەیە کە دەناسرێت بە Positive Feedback (فیدباکی ئیجابی). فیدباکی ئیجابی کاتێک بەرهەم دێت کە خەڵک بە ناچاری دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دامەزراوە تایبەتانە بۆ بەڕێکردن و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کاروبارانەی ڕۆژانە توشیان دەبێت. بۆ نمونە، ئەگەر کەسێک بیەوێت خانویەک بکرێت و لەسەر خۆی تاپۆی بکات، ئەو بە ناچاری دەبێت سەردانی تاپۆ بکات.  بۆ ئەم هاوڵاتیە گرنگ نیە کا ئایا لە تاپۆ چەند کاتی لێ بە فیڕۆ دەچێت یان ئایا تاپۆ فەرمانگەیەکی کارایە یان نا، بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕاییبوونی کارەکانیەتی. کاتێک ڕۆژانە چەندین هاوڵاتی دێنە تاپۆ و بە پێی ڕێنوماییەکانی ئەو کڕین و فرۆشتن و تاپۆکردنی خانووبەرە و زەوی دەکەن، ئەوا دەستهەڵگرتن لە فەرمانگەی تاپۆ کارێکی ئاسان نابێت چونکە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان سەردانیان کردووە لە ماوەی چەندین ساڵدا. ئەمە وا دەکات تێچوونی دەستهەڵگرتن لە سیستەمی ئێستای تاپۆ بەرز بێت و مانەوە لەسەر باری ئێستای لەڕووی تێچونەوە هەرزانتر بێت. ئەمە تەنها نمونەیەک بوو و دەکرێت هەر دامەزراوەیەکی تریش هەمان ڕێچکەی هەبێت.

 کرۆکی ئەم بیردۆزەیە ئەوەیە کە کات و زنجیرەی ڕووداوەکان کاریگەریان لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی دامەزراوەکان و ئەو دەرەنجامانەش هەیە کە لێیان دروست دەبن (٢). واتە کاتێک دەمانەوێت تێبگەین لەوەی کە بۆچی دامەزراوەیەکی دیاریکراو شکستی هێناوە یان بۆچی ڕێچکەیەکی دیاریکراوی گرتووە، ئەوا پێویستە لێکۆڵینەوە لە کات و زنجیرەی ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە ڕەوتی ئەو دامەزراوەیەدا زۆر گرنگ بوون، واتە کنەکردنی کۆی ئەو ڕووداوانەیە کە کاریگەریان هەبووە.  ئەگەر نمونەی چێشتلێنەرێکی بەتوانا بهێنینەوە ئەوا ئاسانتر لەم بابەتە تێدەگەین. ئەگەر ڕۆژێک چوویتە چێشتخانەیەک و خواردنێکی خۆشت خوارد بڕۆرە لای چێشلێنەرەکە و پێیبڵێ کە چۆن ئەو خواردنەت لێناوە کەوا خۆش دەرچووە. چێشتلێنەرەکە یەکسەر دەکەوێتە سەر باسی ئەوەی کە یەکەم جار دەبێت فڵانە ڕۆن و فڵانە جۆری برنج بەکار بهێنیت.پاشان دەبێت ئەم هەنگاوە بنێیت و ئەوجا ئەم هەنگاوەش بنێیت و هتد. واتە کۆمەڵێک ڕووداوت بۆ باس دەکات کە بە زنجیرەیی و کاتی یەک لەدوای یەک دێن و بەرەنجامەکەشیان ئەو خواردنە خۆشەیە کە لەبەردەستی تۆدایە. خۆ ئەگەر لێی بپرسی کە ئەگەر هەنگاوێكیان پێش ئەوەی تریان بێت چێشتەکە هەر خۆش دەرئەچێت، ئەوا یەکسەر پێت دەڵێت نەخێر. لە ڕاستیدا، دامەزراوەکانیش لەسەر هەمان ڕێچکە کار دەکەن، هەرچەندە زۆر ئاڵۆزترن لە پرۆسەی خواردن دروستکردن و چەندین گۆڕاوی تر کاریگەرن لەسەریان کە ڕەنگە بە ئاسانی پەیان پێ نەبرێت.

چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان و بیردۆزەی “ڕێگەی پشت پێبەستراو”

مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەریەک پرۆژەیەکیان بۆ چاکسازی لە پەیکەربەندی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چەند مانگێک لەمەوپێش ڕاگەیاند. ئەمە یەکەم پرۆژەی چاکسازی نەبووە و چەند جارێکی تریش پەیمانی چاکسازیی لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دراوە بەڵام شکستیان هێناوە. هەرچەندە ڕوون نیە کە ئایا ئەمجارەش وەک جارانی پێشتر چاکسازی شکست دەهێنێت، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ تێدەپەڕێت بەسەریاندا و تا ئێستاش هەست بە کاریگەیی چاکسازیەکان ناکرێت. پرسیارەکە لەوەدایە کە بۆچی چاکسازیی بەم ستافەی ئێستای ناو حکومەتی هەرێم کارێکی زەحمەتە  ئەگەر ئەستەمیش نەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پەنا دەبەینە بەر مێژوو و لە ڕێی بیردۆزەی “ڕێگەی پشت پێبەستراو” ەوە شیکاری ئەم پرسە ئاڵۆزە دەکەم. بۆ ئەم مەبەستەش دەگەڕێمەوە سەردەمی ڕاپەڕین و گوزەرێک بە کات و ساتی هەندێک ڕووداودا دەکەم کە چاکسازیان کردۆتە کارێکی لە مەحاڵ نزیک لە ئێستادا.

لە ساڵی ١٩٩١ دا ڕاپەڕین لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک دژی حکومەت و دامەزراوەکانی تری بەعس سەریهەڵدا. هەرچەندە ڕاپەڕینەکە لە سەرەتادا شکستی هێنا و هەموو ناوچەکان کەوتنەوە ژێر دەستی بەعس. بەڵام بەهۆی کۆچی بەلێشاوی کوردان بەرەو ئێران و تورکیا و گوێزانەوەی ئەو وێنانە لەلایەن میدیا جیهانیەکان، کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی ناچاربوو دوای چەند مانگێک لە ڕاپەڕین و گەڕانەوەی کوردان لە ئاوارەیی، ناوچەیەکی دژەفڕین لەسەر هێڵی پانی ٣٦ دروست بکات. لەم ناوچە دژەفڕینەدا هیچ جموجوڵێکی سەربازیی بۆ سەرکوتکردنی کوردەکان ڕێگەی پێنەدەدرا بە تایبەت لەلایەن فڕۆکەکانی بەعسەوە. حکومەتی بەعس ناچاربوو لەبەر سێ هۆ دامەزراوە ئیداریەکانی لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی بکێشێتەوە:

یەکەم: بۆ ئەوەی هێزە سەربازیەکانی توشی قەڵاچۆکردن و کوشتن نەبنەوە لەلایەن خەڵکانێکەوە کە بەعس زیانی پێگەیاندبوون.

دوەم: بە کێشانەوەی دامەزراوە ئیداریەکانی حکومەتی بەعس مەسرەفێکی مادی زۆری لەکۆڵ دەبووەوە بە تایبەت کە مووچەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردی نەدەدا.

سێهەم: بەعس دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت بە کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە کوردەکان و بەرەی کوردستانی توانای خۆبەڕێوەبردنیان نیە و بۆیەش لە کۆتاییدا باناچاریی داوادەکرێت کە بەعس بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی.

لە ڕاستیدا ئەمە یەکێک بوو لەو ڕووداوانەی کە دەکرا ببێتە هۆی ئەوەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ناحیزبی و پیشەییانە دابمەزرانایەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەسەر هەمان بنەماکانی پێشوو دامەزراوەکان کەوتنەوە کار. لە مانگی ئایاری ١٩٩٢ دا، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەوەی جێی سەرنجە دوو خاڵ یەکلاکەرەوە بوون لە ئەنجامەکاندا.
یەکەم: بۆ هەر حیزبێک کە بیەوێت پێ بنێتە پەرلەمان دەبوایە لە ٪٧ی دەنگەکانی بەدەست بهێنایە. دانانی ئەم بەرەبەستە کاریگەریەکی زۆی نێگتیڤی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان دروستکرد. هیچ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی بەرەی کوردستانی نەیانتوانی بچنە ناو حکومەتەوە بەدەر لە  یەکێتی و پارتی. پاشان دەنگی بەدەستهاتووی حیزبە بچوکەکان بەسەر یەکێتی و پارتیدا دابەشکران.
دووەم: بۆ یەکەمجار لە مێژووی حیزبە سیاسیەکانی هەرێمدا هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵام هەڵبژاردنێک کە تەزویرێکی زۆری تێدا کرا و لە هەندێک ناوچەدا ڕێژەی دەنگدەران زیاد لە ٪١٠٠ بوو.

لە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەبوو کە کوردستانی دایە دەست دوو حیزب کە مێژووی پەیوەندی شاخیان زۆر خراپ بوو. هەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕابەڕانی پارتی و یەکێتی و پەیوەندی شەخصی و تایبەتیان زۆر خراپ بوو لەگەڵ یەکتریداو هەر لایەکیان تۆمەتی خیانەت و شکستی بۆ ئەوەی تریان هەڵدەبەست. لەم هەڵبژاردنەوە ئیتر لە هەرێمی کوردستان حیزب و حکومەت بوون بەیەک. ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەبوونە ئەندام پەرلەمان و خاوەن پۆستی کاریگەر و حکومەتیش دواتر هەر ئەوان تەشکیلیان کرد. ئەم دوو حیزبە مێژووی پەیوەندیە خراپەکانی خۆیان خزاندە ناو پەرلەمان و حکومەت و دەزگای قەزاوە، بۆ نموونە پۆستەکانیان بە شێوەی نیوبەنیوە (ففتی بە ففتی) دابەشکرد. هەر وەزیرێکی یەکێتی یان پارتی دەبوایە جێگرێکی هەبوایە لە حیزبەکەی تر. بە کورتی بەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دوو خال بوو کە بریتیبون لە تێکەڵبوونی حیزب و حکومەت و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت و حکومەت خۆشی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا.

  لە ساڵی ١٩٩٤ دا شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی هەڵگیرسا. ئەم شەڕە یەکلایکردنەوەی دوژمنایەتیەک بوو کە مێژووەکەی نزیکەی سێ دەیە بوو. هەردوولایان هێندە متمانەی بەخۆی هەبوو کە دەیویست بنەبڕی ئەوی تر بکات. لە بەرەنجامە خراپەکانی ئەو شەڕە ئەوە بوو کە نەک هەر حکومەت دابەشکرا لە نێوان یەکێتی و ، بەڵکو شارەکانی کوردستانیش دابەشکران. لە ساڵی ١٩٩٦ بەدواوە، سلێمانی لەژێر دەستی یەکێتیدا بوو، هەولێر و دهۆکیش لەژێر دەستی پارتیدا. یەکلابونەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم شارانە دەستواڵای کردن بۆ ئەوەی بەیاسایی و بەنایاسایی دەستبدەنە پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت بەکەسانی حیزبی. ئەم کارەی یەکێتی و پارتی لە پێناو بەرفراوانکردنی دەسەڵاتیان بوو. بزوتنەوەی ئیسلامیش دوای بێبەشبونی لە پەرلەمان و کەوتنە ناو شەڕی ناوخۆ، دەستیگرت بەسەر ناوچەی هەڵەبجەدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک. لێرەوە نەک هەر حیزب یەکسانکرا بە حکومەت، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش بۆ سێ ناوچە دابەشکرا کە لەهەر یەکێکیاندا کەلتوری ڕق و یەکتر ڕەتکردنەوە و بە خائینکردنی لایەنەکانی تر پەرەی پێدەدرا. لەو سەردەمەدا، بچوکترین ئیمتیاز پێویستی بە تەزکیە و پشتگیری حیزب هەبوو، هەر لە جێکردنەوەی خوێندکارێکەوە لە بەشی ناوخۆییەوە بیگرە هەتا بەڕێوەبەر و جێگیری بەڕێوەبەری خوێندنگاکان و تەعین بوون و کارە کارگێریەکانی تر. 

ئەوەی پشکی شێری لەم بەناوچەییکردنەی سیاسەت بەرکەوتبوو هەردوو کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بوون. وەرگرتن لە زانکۆ و ماستەر و دکتۆرا بوون بە ئیمتیاز و دەدرانە کەسانی حیزبی. بە کورتی پلانی ئەو حیزبانە ئەوەبوو کە نەک هەر حیزب و حکومەت بکەن بەیەک، یان کوردستان بکەنە چەند ئیدارەیەکی حیزبی، بەڵکو دەیانویست حیزب بئاخننە ناو هەموو مال و دامەزراوە و فەرمانگەیەک. ئەوەی پلانی حیزبەکانی سەرکەوتوو کرد دەستگرتنیان بوو بەسەر ئابوریی ئیدارەکانیاندا. خەڵکی ئاسایی بۆ ژیان و بژێوی منداڵەکانی ناچار دەبوو پەنا بباتە بەر ئەوان. لە ڕاستیدا، کوردستان بووە کۆمەڵگایەکی بە قووڵی دابەشبوو بەسەر ئایدۆلۆجیا و بیرکردنەوەی دوو یان سێ حیزبی جیاوازدا. بەرەنجامی سەرەکی ئەم بەحیزبیکرنەی کۆمەڵگا ئەوەبوو کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکێکی زۆر وابەستەکرد بە حیزبەوە. ئەو حیزبانەش ئەم وابەستەییەیان پێویست بوو لە ڕۆژانی هەڵبژاردنەکاندا. لە ساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوە چەند هەڵبژاردنێک ئەنجامدران کە تیایاندا تۆڕێک لە خەڵکی خاوەن بەرژەوەندی حیزبی ڕۆلی کاریگەریان دەبینی لە یەکلایکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا. کاری ئەم تۆڕە بریتی بوو لەوەی کە بەرژوەندی حیزب بخەنە سەرو هەر بەرژەوەندیەکی تر و لەم پێناوەشدا هەر کارێک پێویستبوایە دەیانکرد. ئەم تۆڕە بووە دامەزراوەیەکی ناڕەسمی کاریگەر لە بەدەستهێنانی دەنگی زیاتری جەماوەر. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە کە ئەم تۆڕە هێندە کاریگەرە کە حیزبەکانیش ناتوانن بە ئاسانی دەستیان لێ هەڵبگرن چونکە توانای یەکلایکردنەوەی چارەنووسی هەڵبژاردنیان هەیە. ئەوەی جێی تێڕامانە، تێچونی ئەم تۆڕەش بە زۆری لە داهاتی حکومەت دەرچووە نەک گیرفانی حیزبەکان. ئەوانەی پێکهێنەری ئەم تۆڕەن تەنها خەڵکانی ئاسایی نین، بەڵکو هەندێک جار سەرۆک عەشرەت و کەسە کۆمەڵایەتیە کاریگەرەکان و هەندێک کەسایەتی تر دەگرێتەوە.

ساڵی ٢٠٠٣ فورسەتێکی گونجاو بوو بۆ پێداچوونەوەی ئەو بارودۆخەی پێشتر دروستکرابوو، بەلام ئەم تۆڕە پڕ بەرژەوەندیانە ببونە دامەزراوەیەکی ناڕەسمی وا کە پەکی یەکخستنەوەی تەواوی هەردوو ئیدراەکانی هەرێم و چاکسازیان خست. بەدەر لەوەی کە لە هەمانکاتدا دوو وەزارەتی ئابووری و وەزارەتی پێشمەرگە لە حکومەتی یەکگرتووی هەرێمدا هەبوون لە دوای ٢٠٠٥، ئەو وەزارەتانەی تریش بەشێوەیەک کارەکانیان ڕێکخرابوو کە دیسانەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی بەحیزبیکردن و دابەشکردنەکەی پێشوو بوو. هەر وەزیرێک جێگرێکی لە حیزبەکەی تر هەبوو کە دەیتوانی بە ئاسانی کاری وەزیر پەک بخات. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش ئابووری و سیاسەت بەدەست یەکێتی و پارتیەوە بوو. سلێمانی وەک موڵکی یەکێتی و هەولێر و دهۆکیش وەک موڵکی پارتی دادەندران. بەرپرسی فەرمانگەکان و بەڕێوەبەری خوێندنگاکان و جێگرەکانیان و بەرپرسانی بەش و کۆلێژ و زانکۆکان و هتد، وەک ئیمتیاز دەدرانە دەست ئەو کەسانەی کە وەلائیان بۆ حیزب بوو، هەرچەندە زۆربەشیان شیاو نەبوون. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم تۆڕە لە خەڵک کە کاریان بردنە ناوەوەی حیزبە بۆ هەموو قوژبنەکان، کاریگەریی بەرچاویان هەبووە و هەیە لەسەر سیاسەتکردن لە کوردستاندا. هەر زیانگەیاندنێک بەم تۆڕە زیانگەیاندانە بە حیزب.

بەرەنجامی سیاسەتەکانی دوای ڕاپەڕین

سیاسەتەکانی دوای ڕاپەڕین کۆمەڵێک بەرەنجامیان لێکەوتەوە کە وایانکردووە چاکسازیی ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، گەلێک زەحمەت بێت.
یەکەم: دامەزراوە و فەرمانگەکان لەسەر هەمان ڕەوتی پێشویان ڕۆشتن کە بەعس داینابوون هیچ چاکسازیەکی بەرچاویان تێدا نەکرا. خەڵکیش بەناچاریی بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان پەنایان بۆ ئەم دامەزراوانە بردووە. لە ناو ئەم دامەزراوانەدا کۆمەڵێک خاوەن بەرژەوەندی دروستبوون کە تا ئێستاش ڕێگرن لەبەردەم هەموو نوێکردنەوە و چاکسازیەک لەم دەزگایانەدا.
دووەم: دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر حیزبەکاندا جۆرێک لە کەلتوری نێگەتیڤی بەجێهێشت کە چاکسازی زۆر زەحمەت کردووە. یەکێک لە بەرەنجامەکانی ئەو دابەشبوونە دروستبونی تۆڕێک بووە لە خەڵک کە پۆست و پلە و موچەکانیان بەهۆی حیزبەوە وەرگرتووە. هەر دەستکاریکردنێکی ئەم تۆڕە و هەوڵدان بۆ چاکسازیکردن، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرژەوەندی ئەو حیزبانە دەخاتە مەترسیەوە. تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کە چاکسازی لەم تۆڕانەدا حیزبەکە کەرت بکات یان جەماوەریەتی پاشەکشە بکات.
سێهەم: تێکەڵکردنی حیزب و حکومەت بەشێوەیەک کە ئەستەمە بتوانرێت لێک جیابکرێنەوە. بەگشتی بەرپرسە حیزبیەکان بەرپرسی ناحیە و قەزاکان دادەنێن. هەربەرپرسێکی یەکە ئیداریەکان دەبێت حیزبێک تەزکیەی بکات بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی. ئەو دەسەڵاتەی بەرپرسێکی حیزبی هەیەتی لە دامەزراندنی فەرمانبەران و گواستنەوە و لابردنیان تا ئێستاش بەشێوەیەکی بەرچاو بوونی هەیە. حیزب سەرچاوەی شەرعیەتدانە بە حکومەت.
چوارەم: بەرپرسە حیزبیەکان کەوتنە کێبڕکێ لەسەر کۆکردنەوەی سەرمایەی زیاتر و ڕابردووی خۆیان لەبەرچاو نەما. سەرەتا بە فرۆشتنی ئامێرەکانی ئاوەدانکردنەوەی فەرمانگەکانی حکومەت دەستیان پێکرد و ئەوجا کەوتنە کاری بازرگانی و پاشانیش هەموو جومگە ئابوریە گرنگەکانی هەرێمیان قۆرخکرد وەک کۆمپانیاکانی ئاودانکردنەوە و پەیوەندیکردن و پزیشکی و هتد. هەر هەوڵێكی چاکسازیی مەترسی دەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی ئەم بەرپرسانە. ئەم بەرپرسانەش بوونە تۆڕێکی تایبەتی و ناکرێت چاکسازی لە یەکێکیانەوە دەست پێبکرێت. چاکسازی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی قۆرخکاریی دەبێت گشتگیر بێت، ئەمەش کارەکەی زۆر زەحمەت کردووە.

پوختەی لێکۆڵینەوە
بەپێی بیردۆزەی "ڕێگەی پشت پێبەستراو"، ئەگەر بمانەوێت لە دامەزراوەیەک یان دیاردەیەک تێبگەین دەبێت بگەڕێینەوە ناو مێژوو و بەدوای ئەو فاکتەرانەدا بگەڕیین کە ئەم ئەنجامەی لێکەوتۆتەوە. ئەم بیردۆزە پێیوایە کە کات و زنجیرەی ڕووداوەکان گرنگن لە تێگەیشتن لە بەرەنجامێکی دیاریکراو. لەم لێکۆڵینەوەیەدا و لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بیردۆزەیەدا هەوڵمدا وەڵامێک بدۆزمەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە بۆچی چاکسازیی کارێکی زەحمەتە لە کوردستان. ئەم لێکۆڵینەوە پێمان دەڵێت کە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم چاکسازی تۆڕێکە لە خەڵک کە سیاسەتی حیزبەکان دروستیکردوون. ئەم تۆڕە (سیاسی و کۆمەڵایەتی) لەهەر هەوڵێکی چاکسازی زیانمەند دەبن و بەرەنجام زیان بە حیزب دەگەیەنن. بۆیەش زۆر زەحمەتە حیزبەکان لەم دۆخەی ئێستادا بتوانن چاکسازیەکی بەرچاو بکەن.

سەرچاوەکان:
1-    Pierson, P. (2004) Politics in Time: History, Institutions, and Social Analysis. Princeton University Press, p 20.

2-    Prado, M. and Trebilcock, M. (2009) ‘Path Dependence, Development, and the Dynamics of Institutional Reform’, The University of Toronto Law Journal, 59(3), pp. 341–379, p 350.

No comments:

Post a Comment