نوسینی: د.جەلال حەسەن مستەفا
پێشەکیەکی
پێویست
لە ئێستادا
هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و حەشدی عەشائیری و نیشتمانی بۆ سەر داعش
و بە مەبەستی ڕزگارکردنی موسڵ دەستیپێکردووە. داعش لە مانگی شەشی ٢٠١٤ وە
دەستیگرتووە بەسەر شاری موسڵدا، کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە لە ڕووی
دانیشتوانەوە لە دوای بەغدادی پایتەخت. دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکن لە مەزهەب و دین
و زمانی جیاواز. لە کۆی پارێزگاکەدا عەرەبی سونە و کورد زۆرینەن. هەرچەند
تێکشکاندنی داعش لە موسڵدا ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت بەهۆی ئەوەی ئەم شارە یەکێکە
لە بنکە سەرەکیەکانی داعش و زیاتر لە ٣٠٠٠ (یان دەوترێت نزیکەی ٦٠٠٠) چەکداری تێدایە کە
زۆربەیان تا مردن شەڕدەکەن، بەڵام گرنگە چارەنوسی شاری موسڵ لە دوای ڕزگارکردنی
باسوخواس و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، مەسعود بارزانی، لە پرێس کۆنفڕانسەکەی ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٦ دا کە
دەربارەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بوو ڕایگەیاند کە لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە
ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری سیاسی بۆ پارێزگای موسڵ لە دوای دەرکردنی داعش لێی. ئەم
ڕێکنەکەوتنە بەرەنجامێکی نێگەتیڤ بەجێدەهێڵێت لەسەر داهاتوی موسڵ لە دوای داعش و
دوورنیە ململانێی مەزهەبی و نەتەوەیی لەم شارەدا سەرهەڵبدات. لێرەدا دەپرسین دەبێت
چی بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی لە موسڵی دوای داعشدا بێتەکایەوە؟ لە وەڵامی
ئەم پرسیارەدا ئەم بابەتەم دەکەمە دوو بەش. لە بەشی یەکەمدا باس لەو هۆکارانە
دەکەم کەوایکرد موسڵ بەئاسانی خۆی تەسلیمی داعش بکات و داگیر بکرێت؟ لەبەشی
دووەمدا باس لەوە دەکەم کە بۆ هێنانەکایەی سەقامگیریی لە موسڵی دوای داعشدا
پێویستە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتیەکان لە رووی ئیداری و
سیاسی و ئەمنی و ئاوەدانی و ئیقلیمیەوە پرۆژەی خێرا و دوورمەودایان هەبێت.