Thursday 20 October 2016

موسڵی دوای داعش: چۆن سەقامگیریی دروست بکرێت



پێشەکیەکی پێویست

لە ئێستادا هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و حەشدی عەشائیری و نیشتمانی بۆ سەر داعش و بە مەبەستی ڕزگارکردنی موسڵ دەستیپێکردووە. داعش لە مانگی شەشی ٢٠١٤ وە دەستیگرتووە بەسەر شاری موسڵدا، کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە لە ڕووی دانیشتوانەوە لە دوای بەغدادی پایتەخت. دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکن لە مەزهەب و دین و زمانی جیاواز. لە کۆی پارێزگاکەدا عەرەبی سونە و کورد زۆرینەن. هەرچەند تێکشکاندنی داعش لە موسڵدا ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت بەهۆی ئەوەی ئەم شارە یەکێکە لە بنکە سەرەکیەکانی داعش و زیاتر لە ٣٠٠٠  (یان دەوترێت نزیکەی ٦٠٠٠) چەکداری تێدایە کە زۆربەیان تا مردن شەڕدەکەن، بەڵام گرنگە چارەنوسی شاری موسڵ لە دوای ڕزگارکردنی باسوخواس و لێکۆڵینەوەی لەسەر  بکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە، مەسعود بارزانی، لە پرێس کۆنفڕانسەکەی ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٦ دا کە دەربارەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بوو ڕایگەیاند کە لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری سیاسی بۆ پارێزگای موسڵ لە دوای دەرکردنی داعش لێی. ئەم ڕێکنەکەوتنە بەرەنجامێکی نێگەتیڤ بەجێدەهێڵێت لەسەر داهاتوی موسڵ لە دوای داعش و دوورنیە ململانێی مەزهەبی و نەتەوەیی لەم شارەدا سەرهەڵبدات. لێرەدا دەپرسین دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی لە موسڵی دوای داعشدا بێتەکایەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئەم بابەتەم دەکەمە دوو بەش. لە بەشی یەکەمدا باس لەو هۆکارانە دەکەم کەوایکرد موسڵ بەئاسانی خۆی تەسلیمی داعش بکات و داگیر بکرێت؟ لەبەشی دووەمدا باس لەوە دەکەم کە بۆ هێنانەکایەی سەقامگیریی لە موسڵی دوای داعشدا پێویستە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتیەکان لە رووی ئیداری و سیاسی و ئەمنی و ئاوەدانی و ئیقلیمیەوە پرۆژەی خێرا و دوورمەودایان هەبێت.

بەشی یەکەم: بۆچی موسڵ بەئاسانی کەوتە دەست داعش
ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە چونکە هەر کات ئەو فاکتەرانەمان دیاریکرد کەبونە هۆی ئاسان خۆبەدەستەوەدانی موسڵ بۆ داعش دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە هەوڵبدرێت ئەو فاکتەرانە بکرێنە وانەیەک کە لە بونیادنانەوەی موسڵی دوای داعش. من تەنها ئاماژە بەو هۆکارە سەرەکیانە دەکەم کە بە بۆچوونی من هۆکاری کەوتنی موسڵ بون.
هۆکاری یەکەمی کەوتنی موسڵ پەراوێزخستنی سونەی عەرەب بوو لەسەر دەستی حکومەتی زۆرینەی عەرەبی شیعە لەدوای ٢٠٠٣وە. سونەی عەرەب دەسەڵاتداری یەکەمی عێراق بون لە ڕابردوودا. هەر لەسەردەمی مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە، ئامارەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە عەرەبی سونە قۆرغی دەسەڵاتە باڵاکانیان کردووە. بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ ەوە لە ئەنجومەنی حوکمدا لە کۆی (٢٥)  کورسی، تەنها (٥) کورسیان هەبوو، واتە ٪٢٠ی دەسەڵاتی ئەنجومەنی حوکم. لێرەوە سونەکان هەستیانکرد کە چی تر ناتوانن هەیمەنە بکەن بەسەر دەسەڵاتدا لە عێراق و ناکرێت لە بەڕەکەی خۆیان زیاتر پێ ڕابکێشن بەڵام نەیاندەویست بەئاسانی باوەڕ بەم واقیعە بکەن. بۆیەش عەرەبی سونە کەوتنە فشار دروستکردن لەسەر ئیدارەی ئەمریکی لە ڕێی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیەوە. سونەکان وا تێدەگەیشتن کە ئەم فشارانە کەمێک لە هەیمەنەی ڕابردویان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام ووردە ووردە بێبەشتری کردن و پەراوێزخران. ئەم پەراوێزخستنە بێزاریەکی زۆری لای عەرەبی سونە دروستکرد. ئەو دابەشکردنەی مەجلیسی حوکم و کردنە زۆرینەی عەرەبی شیعە و بێزاربونی سونە و تەهمیشکردنیان کاردانەوەی لەسەر کۆی پرۆسەکانی تر دروستکرد،  هەر لە هەڵبژاردنەکان و نوسینەوەی دەستور و ڕیفراندۆم و ...هتد.

هۆکارێکی تر کە بەرنجامی هۆکاری یەکەم بوو ئەو ستەم و سەرکوتکردنە بوو کە عەرەبی سونە لە ناوچەکانی خۆیاندا و لە رووی سیاسیەوە ڕوبەڕوی بونەوە. بەهۆی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیەوە، سونەکان بەشداریی هەڵبژاردنەکانی مانگی یەکی ٢٠٠٥یان نەکرد و پەرلەمان بەبێ وجودی کاریگەری سونە لیژنە و کارەکانی خۆی دەستپێکرد. یەکێک لەو لیژنە گرنگانەی کە لە پەرلەمانی کاتیدا دروستکرا لیژنەی نوسینی دەستور بوو کە (٥٥) ئەندامی بۆ دیاریکرا. لە ناو لیژنەکەدا نوێنەرانی عەرەبی سونەی تێدا نەبوو. لیژنەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٠٥ دا دەستی بەکارەکانی کرد و چەندین دانیشتنی گرنگی بەبێ ئامادەیی ئەوان ئەنجامدا. لە مانگی تەموزی هەمان ساڵدا ئەمریکیەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی بەشداریی پێکردنی عەرەبی سونە زەرورە. بۆ ئەم مەبەستە (١٥) کەسیان لەدەرەوەی پەرلەمانی کاتی و لە نێو کەسایەتیەکانی عەرەبی سونەدا دیاریکرد، کە بەشێکیان کۆنە بەعسی بون. نوێنەرانی عەرەبی سونە لە لیژنەکەدا چەند جارێک بایکۆتی دانیشتنەکانی لیژنەی نوسینی دەستوریان کرد بە هۆکاری ئەوەی سێ ئەندامیان تیرۆرکرا کە یەكێکیان 'مجبل شیخ عیسی' بوو (١). هۆکارێکی تریش بۆ بایکۆتەکەیان ئەوەبوو کە وەک طارق الهاشمي دەڵێت کە ئەوان لە (عەرەبی سونە) وەک ڕاوێژکار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە لە لیژنەی نوسینی دەستوردا نەک وەک بەشدار و هاوبەش (٢). هەمو ئەم هەنگاوانە لای عەرەبی سونە وەک ستەم لێکدانەوەی بۆ دەکرا. ئەوان پێیانوابو کە ئەوان تۆڵەی ئەو مێژوەیان لێدەکرێتەوە کە تیایدا سەرکردایەتی عێراقیان کردووە. تەنانەت عەرەبی سونە بەشداری ڕیفراندۆمیشیان نەکرد لەسەر دەستور. دەستور بەبێ ڕەزامەندی پارێزگا سونیەکان پەسەندکرا. ئەمریکیەکان و کورد و عەرەبی شیعە پێیانوابوو کە ئەوە زۆرینەی خەڵکی عێراقە کە زیاد لە ٪٧٥ ە دەنگیانداوە بە دەستور. بەڵام جێی سەرنجە کە لە ڕاستیدا کاروباری سیاسی لە عێراقدا لەسەر بنەمای زۆرینە بەڕێوەنەچوە و تا ئێستاش هەروایە. ناکرێت بوترێت زۆرینە پەسەندی دەستوری کردووە لە کاتێکدا کە عێراق سێ پێکهاتەی سەرەکی هەیە یەکێکیان بە ڕەهایی دەستوری ڕەتکردۆتەوە. ناکرێت دەستور بسەپێنرێت بەسەر یەکێک لە پێکهاتەکاندا. دەستور کاتێک بەهای هەیە کە هەموو پێکهاتەکان پەسەندی بکەن.

هۆکارێکی تری بێزاریی سونەکان لە سیاسەتی دوای ٢٠٠٣ی عێراق بریتی بوو لەو توندوتیژیەی لەناوچەکانیان دژیان بەکاردەهات لەلایەن ئەمریکیەکان و لەلایەن حکومەتەکەی مالیکیشەوە. ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بە سەرۆکایەتی بن لادن لەناوچە سونیەکان چالاک بوو، ئەمە بێ لە چالاکیەکانی پاشماوەکانی بەعس و هەندێک ڕێکخراوی تر کە کەسایەتی عەرەبی سونی بەڕێوەیان دەبردن. بونی ئەم ڕێکخراوانە بەهانەیەکی گونجاوی دابوە دەست ئەمریکیەکان و حکومەتی عێراقی کە ئەوپەڕی هێزی خۆیان بەکار بهێنن بۆ لەناوبردنیان، بەڵام لەم نێوەندەدا ئەوانەی دەبونە قوربانی خەڵکانێک بوون کە عەرەبی سونە بون. ئەوان لایان وابوو کە ئەمریکیەکان و حکومەتی زۆرینە شیعە بەمەبەست هێرش دەهێننە سەرناوچەکانی ئەوان و دەیانکەنە قوربانی، ئەگینا گروپە چەکدارەکان دەکرێت لە ڕێگای ترەوە لەناو ببرێن. لە ساڵای ٢٠١١ داو و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک ناوچە سونیەکان دژ بە مالیکی و سیاسەتە توندەکانی خۆپێشاندانیان دەست پێکرد و داوایان دەکرد کە ئەو ستەمەیان لەسەر هەڵبگیرێت بەڵام مالیکی بە توندی وەڵامیدانەوە و هێرشێ کردە سەریان  سەرکردەکانیانی ڕاوەدونا وەک طارق الهاشمي و رافع العیساوي. ئەمە ڕەفتارەی حکومەتی زۆرینە شیعە، عەرەبی سونەی تەواو بێزارکرد و چاوەڕێی فورسەتێک بون کە تۆڵە بکەنەوە.

هۆکارێکی تری بنەڕەتی کە عەرەبی سونەی زۆر بێزار کردبوو ڕێشەکێشی بەعس بوو. ڕیشەکێشی بەعس De-Baathification ئەو دامەزراوەیە بوو کە لە ڕێیەوە ئەندامانی حیزبی بەعس ڕوبەڕوی لێپرسینەوە دەکران لە دادگایەکی تایبەتدا و ئەگەر بسەلمێنرایە کەسێک ئەندامی حیزبی بەعس بووە بە پلەیەکی باڵا ئەوا سزا دەدرا بەوەی لە کارەکەی دەردەکرا یان ئەگەر تاوانی گەورەی هەبوایە ئەوا ڕەنگە توشی سزای لە سێدارەدان ببوایەتەوە. تا ئێرە جێی نیگەرانی نەبوو بۆ عەرەبی سونە بە گشتی، بەڵام ئەوەی بێزاریکردن و بە تۆڵەی تێدەگەیشتن ئەوەبوو کە پێیانوابوو ئەم دەزگای ڕیشەکێشە تایبەتە بە پاکتاوکردنی عەرەبی سونە. بە بۆچونی ئەوان حکومەتی زۆرینە شیعە هەر سونیەکی بەدڵ نەبێت ئەوا زۆر بە ئاسانی فایلێکی بەعسی بونی بۆ دروست دەکەن لە کارەکەی دوریدەخەنەوە. لە چاوپێکەوتنم لەگەڵ هەندێک ئەندام پەرلەمانی عەرەبی سونیدا لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەوەم بۆ سەلما کە هەمویان بێزارن لە ڕیشەکێش و ناویان نابوو De-Sunnification، واتە ڕیشەکێشی سونە. نەک هەر خەڵکانی ئاسایی بەڵکو چەندین ئەندام پەرلەمانی عەرەبی سونە تۆمەتی بەعسی بونیان بەسەردا دەدرا، هەر بۆ نمونە ژمارەی ئەو کاندیدانەی عەرەبی سونە کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ دوورخرانەوە نزیکەی ٤٥٠ کاندید بوو.

کۆی ئەم هۆکارانە، هەر لە پەراویزخستن و ستەملێکردن و بەشداری پێنەکردن و ریشەکێش، وایکرد کە عەرەبی سونە بە گشتی، بە دانیشتوانی پارێزگای موسڵیشەوە  هەوڵی ڕزگاربون بدەن لە لە دەست حکومەتی زۆرینە شیعە. هەربۆیەش لەگەڵ یەکەم سەرهەڵدانی داعش وەک تۆلەسەندنەوەیەک لەحکومەت ئەم پارێزگایە بەرگری نەکرد لە هاتنە ناوەوە و داگیرکردن. بەڵکو چەند ڕۆژێک دوای کەوتنی موسڵ بەشێک لە دانیشتوانەکەی خۆپیشاندانیان کرد بۆ پشتگیریی و بەخێر هێنانی داعش.

بەشی دووهەم: سەقامگیریی لە موسڵی دوای داعشدا

زەحمەتە سەقامگیریی لە موسڵدا بێتە ئاراوە ئەگەر پلانێکی هاوبەشی هەمەلایەنە نەبێت لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و هێزەکانی حەشدی عەشائیری و نیشتمانی و شەعبی و نوێنەرانی خەڵکی موسڵدا. بەڵام وا دەردەکەوێت کە پلانەکان بەم شێوەیە نەبن، وەک بارزانی لە پرێس کۆنفرانسەکەشدا ئاماژەی پێدا. من وەک پسپۆڕێکی بواری ململانێ و چارەسەریەکانی، چەند خاڵێک دەخەمە روو کە بنەڕەتین بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە موسڵی دوای داعشدا، بەو هیوایەی ببێتە کارنامەیەک و کاری لەسەر بکرێت. بۆ هێنانەدی سەقامگیریی سیاسی دەبێت پلانێکی هەمەلایەنەی ئیداری و ئەمنی و فیکری و ئاوەدانی و دەروونی و ئابوریی دابرێژرێت. من بە کورتی شیکارێکی هەر یەک لەم لایەنانە دەکەم و پێشنیاری خۆم دەربارەیان دەخەمە ڕوو.

یەکەم: لە ڕووی ئیداریەوە
لەم ڕووەوە دەکرێت کار لەسەر دوو ئاست بکرێت. ئاستی یەکەم  بریتیە لە بە هەرێمکردنی موسڵ و ئاستی دووەم بریتیە لە دابەشکردنی موسڵ بۆ چەند پارێزگایەک کە هەمویان سەر بە هەرێمی موسڵ بن. هەر یەک لەم ئاستانە گرنگی خۆی هەیە بەڵام هەردوو ئاستە بەیەکەوە دەکرێت وەک ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو بەرامبەر بە عەرەبی سونە دابندرێت. وەک ئاماژەمان پێدا لە بەشی یەکەمەدا، عەرەبی سونە توشی ستەم و پەراوێزخستن و بێبەشکردن بون لە بڕیاری سیاسیدا، بۆیەش بەهەرێمکردنی موسڵ دەکرێت ببێتە پارسەنگێکی کاریگەر بۆ ئەو مەینەتیەی بەسەریاندا هات. بەڵام ئەمە چۆن؟ بە هەرێمکردنی موسڵ دەسەڵاتێکی بەرفراوان دەداتە خەڵکی موسڵ لە ڕووی ئیداری و سیاسی و داهاتەوە و دەیانکاتە بڕیاربەدەستی پارێزگاکەکەی خۆیان. ئەمە ئەو نهێنیەیە کە فیدڕالیزم لە ناواخنی خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەوەی لە ئینگلیزیدا ناو دەبرێت بە self-rule and shared-rule واتە حوکمی خۆکردن و حوکمکردنی هاوبەش. حوکمی خۆکردن لەسەر ئاستی هەرێمی موسڵ و حوکمکردنی هاوبەشیش لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق. خۆحوکمکردن ئەو هەستە دەداتە موسڵیەکان و عەرەبی سونە کە ئەوان خاوەنی بڕیاری خۆیانن و حکومەتی زۆرینەی شیعە لە عێراق ناتوانێت بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت لە دەرەوەی دەستوری عێراقی. تەنها خۆحوکمکردن دەتوانێت پارسەنگی مەینەتی و بێبەشیەکانی پێشوی عەرەبی سونە بداتەوە لە موسڵ. بەهەرێمکردنی موسڵ، هەرێمەکە دەکاتە خاوەن پەرلەمان و دەسەڵاتی قەزایی و و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تایبەت بەخۆی وەک ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەندێک لە موحەلیلە سیاسیەکان پێیانوایە کە پێش هاتنی داعش بۆ ناو موسڵ چەندین تەقینەوە دەکرا لە موسڵدا بەڵام لەوەتەی داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرتووە تەقینەوە نەکراوە. بە بۆچونی ئەوان ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە توندڕەوکانی ناو موسڵ کە عەرەبی سونەن ئەم تەقینەوانەیان ئەنجامداوە. بەڵام لە ئەگەری بە هەرێمبونی موسڵدا ئەوا دابینکردنی ئاسایشی ناو هەرێمەکە دێتە دەستی هێزەکانی ئاسایشی موسڵ بەمەش موسڵیەکان دڵسۆزانەتر کاردەکەن بۆ بنەبڕکردنی هەرکارێکی تیرۆریستی لە  شارەکەیاندا.

ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت کە لەگەڵ بەهەرێمبونی موسڵدا، کورد و عەرەبی سونە دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن و کەمینە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکانی تری وەک تورکمان و مەسیحی و شیعە و شەبەک و ئەوانی تر دەخەنە دەرەوەی دەسەڵات. هەرچەندە ئەم ئارگومێنتە کەمتر ڕێی تێدەچێت، بەڵام دەکرێت لە بونی ئەگەرێکی لەو شێوەیەدا هەرێمی موسڵ بکرێتە چەند پارێزگایەک. ئەسیل نوجەیفی، سەرۆکی ئێستا حەشدی نیشتمانی و پارێزگاری پێشوی موسڵ، پرۆژەیەکی هاوشێوەی هەیە بۆ دابەشکردنی موسڵ بۆ سەر چەند پارێزگایەک بە شێوەیەک کە کەمینەکان لە پارێزگاکانی خۆیاندا دەنگ و ڕەنگیان لە بڕیارداندا دیاربێت و خاوەنی پرۆژەی خوێندن و کەلتوری تایبەت بەخۆیان بن. دەکرێت پارێزگاکان بەپێی چڕی دانیشتوان و نەتەوە و ئاینی جیاواز دابمەزرێن، بەڵام هەمویان سەربە هەرێمی موسڵ بن، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە خاوەنی پێنچ پارێزگایە.

دووەم: لە ڕووی فیکریەوە
 ئەرکی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و مامۆستایانی ئاینی و نوخبەی ڕۆشنبیر و دامەزراوە ڕۆشنبیریە ڕەسمیەکانە کە لە ڕووی فیکریەوە هەوڵی لە ڕەگدەرهێنان و هەڵوەشاندنەوە و بنکۆڵکردنی فیکری توندڕەوی ئاینی و مەزهەبی بن. ئەانەی بونەتە سەربازی داعش و ئامادەن خۆیان بتەقێننەوە لە پێناو مەبدەئەکانیاندا ناکرێت پێمانوابێت لەبەر پاڵنەرێکی مادیە، بەڵکو پاڵنەری سەرەکی بریتیە لە قەناعەتکردن بە فیکری داعش و  باوەڕهێنان و یەقین بەوەی کە داعش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیسلام و ڕێبازی پێغەمبەر دەکەن. شوێنکەوتوانی داعش پێیانوایە کە حەقیقەت ئەوەیە کە لە فیکری داعشدایە و ئەوەی دەوترێت لە دەرەوەی داعش درۆیە و دژی حەقیقەتە. بۆیەش لای ئەوان کوشتن و سەرپەڕاندن و ئاوارەکردن و و سزاکانی تریش لە پێناوی چەسپاندنی شەریعەتی خوادایە و بە پەرستشی دەزانن. لای ئەوان هەرکات بەرامبەرەکانیان بە مورتەد لێکدایەوە ئەوە شیاوی کوشتن و سەربڕینن. ئەم کوشتن و سەربڕینە لای ئەوان شەرعی خوایە و  جێبەجێکردنی واجبە و گوێڕایەڵبونە بۆ خوا و پاداشتی بەهەشتیشی لەسەر وەردەگرن. لە ڕاستیدا، ئەم قەناعەتە فیکریانەیە کە دەبێت لە ڕیشە دەربهێندرێن لە ڕێی دیبەیت و موناقەشاتی فیکریەوە. جێی باسە، ئەم شەڕی فیکرە تەنها بە فیکرێکی بەهێزتر و موقنیعتر دەکرێت و بنەبڕ دەبێت نەک لەڕێی چەک و تفەنگ و توندوتیژیەوە.

سێهەم: لە ڕووی دەرونیەوە
دانیشتوانی موسڵ ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ ٤ مانگە لەژێر سایە و دەسەڵاتی داعشدا ژیان دەبەنەسەر. ئەوان ڕۆژانە شاهێدحاڵی ڕاوەدونان و کوشتن و سەربڕینی خەڵک بون. سزاکانی داعش بە ئاشکرا لە ناو خەڵکیدا جێبەجێدەکران و خەڵکی ناوچەکە بەزۆر ڕاپێچ دەکرێن بۆ بینینی سزادراوان بۆ ئەوەی ئەوانیش نەوێرن هەمان کاری سزادرەوەکان ئەنجام بدەن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە ڕەفتارانەی داعش کاریگەریەکی خراپی دەرونی بەجێدەهێڵێت لەسەر ئەوانەی ئەو سزایانەیان نیشاندراوە. بەشێک لەوانەی ئەو سزایانەیان بینیوە تەمەنیان کەمە یان منداڵن و کاریگەریە خراپەکانی لەسەر دەروونی ئەوان زیاتر بووە. بۆیەش ئەرکی دامەزاروە تەندروستیەکان و ڕیکخراوە نێوەدەوڵەتیەکانە کە پرۆژەی تایبەت و تیمی چارەسەریی دەرونی ڕەوانەی موسڵ بکەن لە دەزگا ڕاگەیاندنەکایشەوە گرنگی تەواو بەباشترکردنی باری دەرونی دانێشتوان ئەو ناوچەیە بدرێت.

چوارەم: لە ڕووی ئاوەدانیەوە
موسڵ لە ژێر سایەی داعشدا و بەهۆی ئەو شەڕەی دەکرێت بۆ دەرکردنیان توشی وێرانکردنێکی زۆر دەبێت. تا ئێستا چەندین شوێنەواری کۆنی چەند هەزار ساڵە لەلایەن داعشەوە بەبیانوی حەرامبونی هەیکەل و پەیکەر و قەبری ناو مزگەوت وێرانکراون. ئەمانە ڕووی ژیاریی موسڵیان دەردەخست و شوێنی ڕاکێشانی شەپۆلی گەشتیاران بوون. خەڵکی موسڵ یادگاری بەردەوامیان لەگەڵ شوێنەوارێکی کۆنی وەک گؤڕی پێغەمبەر یونس و شوێنەوارە کۆنەکانی تردا هەبووە. موسڵ پێویستی بە بوجەیەکی تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی شوێنەوارەکانی و ئەو داڕوخانەش  کە لە ئەنجامی دەرکردنی داعشدا لە  ژێرخان و سەرخانی ئەو شارە دەکەوێت. دەبێت خەڵکی ناو موسڵ هەست بکەن کە گەڕانەوەی هێزە نیشتمانیەکان و دەرکردنی داعش لە موسڵ دەبیتە هۆی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان، نەک دوای ماوەیەک ئەو هەستەیان بۆ دروست ببێت کە ژیانی ژێر دەستی داعش باشتر بووە بۆ ئەوان.

پێنجەم: لە ڕووی ئەمنیەوە
داعش لە ماوەی مانەوەیدا لە موسڵ بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ کاریکردووە بۆ دروستکردنی چەند شانەیەکی نوستوو بۆ ئەوەی لە کاتی دەرکردنیان لە موسڵ بەکاریان بهێنێت بۆ دروستکردنی قەیرانی ئەمنی و تێکدانی سەقامگیریی لە موسڵدا. هەندێک لە ئەندامانی ئەو شانە نوستوانە لە تەمەنی هەرزەکاریدان و بەکارهێنانیان زۆر ئاسانە لە لایەن داعشەوە. هەندێکی تریان لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا و بۆ پارە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە و لە کاتی دەرکردنی داعشیشدا ئەوان لەو شارە دەمێننەوە و ڕەنگە خۆیان بە یەکێک لە لایەنە سیاسیەکانەوە هەڵبواسن، بەڵام مەترسی ئەمانە زۆر گەورەیە. دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم و حکومەتی عێراقی پێویستیان بە تەنسیقی پتەو و بەردەوامە بۆ ڕێگرتن لەو شانە نوستوو و تاونکارانەی داعش. دەبێت موسڵ لە سەرەتای ئازادکردنیەوە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت تا خەلکی دانیشتوی موسڵ بزانن کە ئازادکردنی شارەکەیان ئارامی بەدوای خۆیدا دەهینێت، ئەم سەقامگیریە هێندە ئاسان نیە و پیێویستی بە هەوڵ و ماندوبونی زۆری هێزە ئەمنیەکان و پۆلیس هەیە.

بەرەنجام
ئەم لیکۆڵینەوەیە دەربارەی داهاتوی موسڵ پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت ئەو هەڵانە دوبارە بکرێنەوە کە پێش داعش بەرامبەر بە عەرەبی سونە کرابون لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. بۆ ئەم مەبەستەش و لە پێناو هێنانەکایەی سەقامگیریی لە موسڵ پێشنیاری دانانی پلانێکی تۆکمە و فرەلایەن دەکات. پێنج لایەن پێویستە بە ووردی کاریان لەسەر بکرێت بۆ سەقامگیرکردنی موسڵی دوای داعش. دەبیت لە لایەنی ئیداری و دەرونی و ئابوری و ئەمنی و ئاوەدانیەوە کاربکرێت بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە موسڵدا. ئەم پێنج خاڵە سەرەکین بۆ ئەوەی داهاتوی موسڵ سەقامگیر بێت و پێکهاتەکانی بە ئاسودەیی بەیەکەوە بژین. بەڵام هەندێک خاڵی تری گرنگیش هەیە کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت لە دەرەوەی ئەو پێنج خاڵە وەک چۆنیەتی و ئالیەتی گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێن و جێگا و ماڵەکانیان لە موسڵ.  
سەرچاوەکان
1.      مراسيم تشييع جثامين اثنين من اعضاء لجنة صياغة الدستور العراقي في بغداد (2005) Available at: http://www.iraqhurr.org/a/1651373.html
2.      International Crisis Group Report. (2005) Unmaking Iraq: A Constitutional Process Gone Awry. Middle East Briefing N°19 [Online]. Available at: https://d2071andvip0wj.cloudfront.net/b19-unmaking-iraq-a-constitutional-process-gone-awry.pdf 


No comments:

Post a Comment