Sunday 2 October 2016

پێکهێنانی هەرێمی سونی و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

نووسینی:

پێشەکی
سونەکان کە نزیکەی لە سەدا ٢٠ی عێراق پێکدەهێنن،  زیاتر لە ٨٠ ساڵ حوکمی عێراقیان کرد، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٣ەوە دەسەڵاتیان لەدەستدا. لەوکاتەوە تا ئێستا بەردەوام ناوچە سونییەکان پشێوی و نائارامی و شەڕ و توندوتیژیی بەخۆیەوە بینیووە. لەساڵی ٢٠١٤ەشەوە زۆرینەی ناوچە سونییەکان کەوتۆتە دەست داعش. لەپاش ٢٠٠٣ ەوە هەندێک لە سونەکان لە شانوی سیاسی عێراق دوورخرانەوە و هەندێکی دیکەیان بەشداری پرۆسەیی سیاسی بوون، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین گرفت بوونەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکیدا. یەکێک لەو چارەسەرانەی کە بەردەوام باسی لێدەکریت بۆ هێنانەدی سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لە عێراق و ڕێگەگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە، بریتی یە لە دابەشکردنی عێراق بۆ سێ هەرێمی کورد و شیعە و سونە. لەگەڵ نزیکبوونەی شەڕی موسڵ و ڕزگارکردنی لە دەستی داعش، ئەم پێشنیارە جارێکی دیکە بووەتە جێی قسەوباسی ناوەندە سیاسی و ئەکادیمی و میدیاییەکان هەم لەناوخۆی عێراق و هەم لە دەرەوە. هەندێک ئەمە بە تاکە چارەسەری ڕاستەقینە دەزانن و هەندێکی دیکە پێیانوایە، لەسەر ئەرزی واقیع، پێکهێنانی هەرێمی سونە،بەتایبەتی لە پاش قۆناغی داعش، کارێکی زۆر زەحمەتە. لەم نووسینەدا، هەوڵەدەین شەنوکەوی ئەم پرسە بکەین و باس لە دەرهاوێشتەکانی بوونی هەرێمی سونە بکەین لەسەر هەرێمی کوردستان.


دۆخی سونە لە پاش کەوتنی ڕژێمی بەعسەوە
قۆناغی یەکەم: ٢٠٠٣ تا ٢٠١٠
کەوتنی رژێمی بەعس بۆ کورد و شیعە، بەدیهێنانی خەونێکی لە مێژینەبوو، بەڵام بۆ سونە سەرەتای دەستپێکردنی خەم و ناسۆرییەکانیان بوو. لە سەرەتاوە سونە ئەم واقیعە نوێیەی عێراقی پێ قەبوڵنەدەکرا، هەربۆیە بەشێوەیەکی گشتی بایکۆتی پرۆسەی سیاسییان کرد و بەشێکیشیان بەهۆی یاسای 'ڕیشەکێشکردنی بەعس'ەوە بۆیان نەبوو بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن. لەسەر ئاستی ئاینییش، لە فەتوایەکیدا حارپ الچاری، سەرۆکی دەستەی زانایانی موسوڵمانی عێراق، داوای بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی و بە گژاچوونەوەی داگیرکاریی ئەمریکای کرد. ئەوەبوو سونەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٥یان کرد و دواتریش زۆرینەی ناوچە سونییەکان بە نەخێر دەنگیان بە دەستوری عێراقیدا. بۆ نموونە، لە شوێنێکی وەکو ئەنباردا، تەنها لە %٢ی دەنگدەران بەشداریی هەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٥یان کرد. (١) بەوشێوەیە، بەپێچەوانەی کورد و شیعەوە، سونەکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو نە لە نووسینەوەی دەستور و نە لە بونیادنانەوەی عێراقی نویدا.
لە پەیوەست بە پرسی فیدراڵیش، سەرەتا سونەکان دژی فیدراڵی بوون و بە هۆکارێکیان دەزانی بۆ دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی عێراق، کەچی شیعەکان بە پەرۆشەوە هەوڵی چەسپاندنی مافی پێکهێنانی هەرێمی فیدراڵییان دەدا لە دەستوردا. وادیاربوو هەم سونەکان هێشتا باوەڕیان بەوە نەبوو کە چیی دیکە دەسەڵاتدارەکەی جارانی عێراق نین و هەم شیعەش دەترسان دەسەڵاتیان بەردەوام نەبێت و سونە و بەعسییەکان بگەڕێنەوە سەر حوکم. بەڵام پاش ١٣ ساڵ لە کەوتنی بەعس، ئێستا هاوکێشەکان ئاوەژووبوونەتەوە، ئەمجارە سونە پێداگری لەسەر هەرێمی فیدراڵی دەکات، کەچی حکومەتی فیدراڵی کە شیعەکان تیایدا باڵادەستن، ڕێگر و دوودڵن لە بەرانبەر ئەو خواستەی سونەکاندا.
لە پاش ٢٠٠٦ەوە، وردە وردە سونەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە گرنگە چالاکانە بەشداری پرۆسەی سیاسیی بکەن لە عێراقدا و ئەو واقیعە نوێیە قەبوڵکەن. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٠، بەهاوکاری ئەمریکییەکان و حکومەتی عێراقی، هێزەکانی سەحوە لە ناوچە سونییەکاندا دروستکرا بۆ بەگژاچوونەوە و دەرکردنی قاعیدە لە ناوچە سونە نشینەکان. ئەو هێزانە سەرکەوتووبوون لە لاوازکردن و وەدەرنانی قاعیدە لەو ناوچانەدا. لەسەر ئاستی سیاسیش، سونەکان توانیان لە هەردوو هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی ٢٠١٠ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتنی گەورە تۆماربکەن. لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٠دا، زۆرینەی سونەکان لە ژێر چەتری لیستی 'العراقیه‌'دا کۆبوونەوە کە ئەیاد عەلاویی سەرکردایەتی دەکرد، لیستی 'العراقیه‌' توانی ٩١ کورسی بەدەستبهێنێت و لە لیستی 'دەوڵەتی یاسا'ی مالیکی بباتەەوە کە ٨٩ کورسی بەدەستهێنا.

قۆناغی دووەم: ٢٠١٠-٢٠١٤
ئەم قۆناغە سەردەمی ویلایەتی دووەمی دەسەڵاتی مالیکییە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەم قۆناغەدا، سەرکردەکانی عەرەبی سونە ڕووبەڕووی سیاسەتی تەنگپێهەڵچنین و دەرکردن و ڕاوەدونان و پەراوێزخستن و سەرکوتکردن بوونەوە لەلایەن مالیکییەوە. لە سەردەمی ویلایەتی دووەمیدا، بەپێچەوانەی خواستەکانی کورد و سونەوە، مالیکی دەیویست جارێکی دیکە عێراق بەرەو مەرکەزیبوون ببات. لەم قۆناغەدا مالیکی بە توندی ڕووبەڕووی سەرکردە سونەکان بوویەو ە، هەندێکیانی لە بەغداد وەدەرنا و هەندێکی دیکەی زیندانی کرد. ساڵی ٢٠١١، گارق الهاشمی جێگری سەرۆککۆمار بەناچاری عێراقی جێهێشت و دواتریش رافع العیساوی وەزیری دارایی ناچارکرا کە دەستلەکاربکشێنێتەوە.  مالیکی توانی لە ڕێگەی سیاسەتی سەرکوتکردنی هەندێک لە سونەکان و بەخشینی پلە و پۆست بە هەندێکی دیکەیان، لیستی 'العراقیه‌'  هەڵوەشێنێت. سیاسەتەکانی مالیکی ڕق و بێ ئومێدی سونەکانی لێکەوتەوە.
هەربۆیە، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١دا، ناڕەزایەتی لە ناوچە سونەکانی عێراقیشدا دژ بە دەسەڵاتی مالیکی بەررزبوویەوە. بەڵام مالیکی زۆر بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوویە وە و  بە بەعسی و تیرۆریست تۆمەتباریکردن و دواتریش بە زەبری هێز کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێنا. بەمجۆرە، سونەکان هەم لەسەر ئاستی سیاسی و هەم لەسەر ئاستی جەماوەریش، سەرکوتکران. لەماوەی دەسەڵاتیدا، مالیکی زۆرینەی دامودەزگاکانی عێراقی خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و ئەو دەزگایانەی بۆ دژایەتیکردن و ترساندنی نەیارەکانی، بەتایبەتی سونەکان، بەکاری دەهێنا. یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعسیش، یەکێک بوو لە چەکە کاریگەرەکان لە دژی سونە و بەربەستێکی سەرەکی بوو لە بەردەم ئاشتەوایی نێوان سونە و حکومەتی ناوەند. جگەلەوەش، مالیکی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەستایەوە لە سەلاحەدین کە دەیانویست هەرێمێکی فیدراڵی پێکبهێنن. بە کورتی، پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی سونەکان، سیمای دیاری ئەم قۆناغە بوو.

قۆناغی سێیەم: ٢٠١٤ تا ئێستا
لە ساڵی ٢٠١٤دا، داعش دەستی بەسەر موسڵ و زۆرینەی ناوچە سونە نشینەکاندا گرت. مالیکی و سیاسەتەکانی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکانی سوپای عێراق لە بەرانبەر داعش دانرا. دواتر مالیکی ناچارکرا کە پۆستەکەی بەجێبهێڵێت. حەیدەر عەبادی جێگەی گرتەوە. پاش گرتنە دەستی دەسەڵات، عەبادی چەند بڕیارێکی دەرکرد بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە دامودەزگا حکومەییەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی مالیکی. ئەگەرچی لەسەرەتاوە عەبادی هەندێک هەنگاوینا بە ئاراستەی دڵنیاکردنەو ئاشتەوایی لەگەڵ سونە، بەڵام شەڕی داعش و دانپێدانانی عەبادی بە  هێزەکانی حەشدی شەعبی و تەرخانکردنی بودجە بۆیان، ڕێگربوو لەبەردەم کرانەوەی زیاتر بەڕووی پێکهاتەی عەرەبی سونە. جگە لەوەش، دەرکەوتنی قاسم سولەیمانی لە بەرەکانی شەڕ و بوونی چەندین میلیشیای شیعی نزیک لە ئێران بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی سونە بەرامبەر نیەتی حکومەتی ناوەندی.
لە قۆناغی دوای مالیکییشدا، دۆخی دژواری سونە هەر بەردەوامبوو. بۆ نموونە، لەساڵی٢٠١٥دا، دادگا حوکمی ٧ ساڵ زیندانی بۆ رافع العیساوی، وەزیری پێشووی دارایی و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی سونە دەرکرد. زۆرێک لە زیندانییەکانی ناو گرتووخانەکانی عێراق لە پێکهاتەی سونەن. لە دوای هاتنی داعشیشەوە هەزاران هاوڵاتی سونە ئاوارە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار سونەکان بە هاوکاری لەگەڵ داعش تۆمەتباردەکرێن. ئێستا کە هەندێک لە ناوچە سونییەکان ڕزگارکراون، ئاژانسەکانی هەواڵ باس لە مامەڵەی خراپی چەکدارانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعییەکان دەکەن لەگەڵ ئاوارەکاندا و باس لە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی سونە دەکەن لە چەند هەفتەی ڕابردوودا. (٢).

قۆناغی دوای داعش: سونە و هەرێمی فیدراڵی
وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی دۆخی سونە بریتیە لە پەیوەندی نێوان ناوچە سونییەکان و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد. ڕەنگە لە پاش قۆناغی داعش، سوننەکان جگە لە چارەسەری بەهەرێمبون بە هیچ چارەسەرێکی دیکە ڕازی نەبن. بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هەروا ئاسان نیە، بەتایبەتی لە حاڵەتێکدا کە سوپای عێراقی و میلیشیا شیعەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبێت لە رزگارکردنی ناوچە سونییەکان و هێزە سونییەکانیش بەشێوەیەکی لاواز بەشداربن لە رزگارکردنی ناوچەکانیان. لەوەها حاڵێکدا، ڕەنگە دەسەڵاتدارانی شیعە پێیانوابێت کە سونە شایانی پاداشتکردنەوە نیە. بەڵام لە حالەتی ڕێگەچارەی بەهەرێمبوندا، سێ بژاردە لە بەردەم سونەکاندایە. یەکەم، بە هەرێمبونی هەریەک لە پارێزگاکانی ئەنبار و موسڵ و سەلاحەدین کە تیایندا سونەى عەرەب زۆرینە پێکدەهێنن. دووەم، پێکێهێنانی یەک هەرێم بۆ هەموو ناوچە سونییەکان، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان. سێهەم، بەهەرێموبنی دوان لەو پارێزگایانە (لە خوارەوە بە درێژتر باسی هەریەک لەم ئەگەرانە و بەهێزیان دەکەین).  هەریەکە لەم بژارانە مافێکی دەستوورییە لە ڕووی تیۆرییەوە، هەرچەندە وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، لە رووی عەمەلییەوە سونە لەو مافە بێبەش بوو لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا.
لەمانگی نیسانی ٢٠١٦ەشەوە، هەریەکە لە ئەسیل نوجەیفی و رافع العیساوی وەزیری پیشووی دارایی لە حکومەتی عێراقی، لە واشنتۆن نووسیگەیەکیان دامەزراندووە بۆ نوێنەرایەتییکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سونە و بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی تا سونە بتوانن مافە دەستورییەکانی خۆیان لە عێراقدا بەدەستهبێنن. ئەمەش وەکو هەنگاوێکی ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سونە دادەنرێت.(٣).

ناتەبایی نێوماڵی سونە
سەرکردەکانی سونەش لەناو خۆیاندا کۆک وهاورا نین لەسەر چارەسەرێکی هاوبەش. سەرکردە سیاسییەکانی وەکو ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی موسڵ باس لە پێکهێنانی هەرێمێک دەکات بۆ هەموو سونەکان.  بەڵام تەنها نوجەیفی داوای هەرێمێکی فیدراڵی دەکات بۆ هەموو سونەکان، سەرکردەکانی دیکە داوای ئەوە دەکەن کە لە قۆناغی پاش داعشدا لەناو پارێزگا سونییەکانی ئیستادا یان ئەو پارێزگایانەی کە رەنگە لە ئایندەدا دروستبکرێن، خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن. (٤)  هەندێک لە سەرکردەکانی سونە پێیان وایە کە دامەزراندنی هەرێمێک بۆ سونە، یەکپارچەیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و وڵات بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات. پێشتریش لیستی 'العراقیه‌' کە گەورەترین لیست بوو زۆرینەی سونەکانی لە خۆی گرتبوو، دژی پێکهێنانی هەرێمی سونە بوون. جگە لەوەش ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناچە سونەنشینەکان لە پاش هاتنی داعش و کێشەی سنوری نێوخۆیی و ناوچە جێناکۆکان و هەژاری ناوچە سونییەکان لەڕووی سامانی سروشتیەوە تەحەدییەکی گەورەن لەبەردەم دروستبوونی هەرێمێکی سونەدا.
جگە لەوە، هەندێ سەرکردەی عەشایەری ئەنبار داوایان لە عەبادی کردووە کە پارێزگاکەیان بکاتە دوو بەشەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە فەلوجە دابڕن کە شارۆچکەیەکی پڕکێشەیە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەنبارەوە. له هەمان کاتدا، دەسەڵاتی سونە لە پارێزگای دیالە زۆر لاوازبووە، لەکاتێکدا پێشتر بە پارێزگایەکی زۆرینە-سونی دادەنرا، ئەمەش پاش ئەوەی کە میلیشیا شیعەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥دا ڕزگارکردنی پارێزگاکەیان ڕاگەیاند و پارێزگارە سونییەکی دیالە گۆڕا بە پارێزگارێکی شیعە. (٥)
تا ئێستا چەند دەستپێشخەرییەک بۆ یەکخستنی نێوماڵی سونی و ئاشتەوایی لە نێوان عەرەبی سونە و حکومەت شکستی هێناوە.  لێرەدا ئاماژە بە شکستی سێ کۆبوونەوە و کۆنفرانسی سونەکانی عێراق دەکەین وەکو نموونە. یەکەم، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر و لەمانگی ئابی ٢٠١٤دا، ١٥٠ نوێنەری سونە کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژەیان لە شاری عەمانی پایتەختی ئوردن سازدا کە نوێنەرایەتی خێڵە سونییەکان و گرووپە ئیسلامییەکان و حیزبی بەعسیان دەکرد. بەشداربووان هاوپەیمانیەتێکی سونەیان ڕاگەیاند کە مەبەستی سەرەکی تیایدا بریتی بوو لە لابردنی مالیکی لەسەر حوکم لەو کاتەدا. (٦) دووەم، لە مانگی سێپتێمبەری ٢٠١٥دا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو بەمەبەستی ئاشتەواییکردن لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی ناو پێکهاتەی سونەداکە تیایدا هەم بەعسییەکان و هەم ئەو سونانەی کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەشداربوون، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان یەکێک بوو لە بەشداربوانی ئەو کۆبوونەوەیە. سێیەم، کۆنفراسی بەشێک لە سونەکان لە پاریس لە مانگی نیسانی ٢٠١٦.  سونەکان لە تورکیا و هەولیریش چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەیان سازداوە، بەڵام ئەو کۆنفرانس و کۆبوونەوانە هیچ ڕێکەوتنێکی ئەوتۆیان لێنەکەوتۆتەوە بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزە سونییەکان. نەک هەرئەوە، بەڵکو هەندێ لەو کۆبوونەوانە ئەوەندەی هۆکارێک بوون بۆ زیاتر پەرتەوازەبوونی سونە، ئەوەندە هۆکارێک نەبوون بۆ نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن، چونکە هەریەکە لە سونیەکانی بەشداربوو لە پرۆسەی سیاسی و ئەوانەی کە بەشدارنین هەوڵی پەراوێزخستنی یەکتر دەدەن ، بەمەش متمانەی نێوانیان هێندەی دیکە لاواز دەبێت. ئەوەشمان لە یادنەچێت کە تەنانەت لە حاڵەتی هاوهەڵوێستی و یەک دەنگیشدا، هێشتا گرووپە سونەکان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستدەبنەوە لە بەغداد، چونکە ئێران و هەندێ گرووپ و کەسایەتی توندڕەوی شیعە پێناچێت هەروا بە ئاسانی ڕازیبن بەوەی کە سونە لە بەغداد شەریکی راستەقینە بێت لە حکومرانیدا.

پرسی بەهەرێمبون لە  ڕووی یاساییەوە
لە ڕوی یاساییەوە، لە دەستوری  عێراقدا بە هەرێمبونی پارێزگاکان یەکلاییکراوەتەوە (مادەی ١١٧/دووەم). هەر پارێزگایەک کە بەشێک نیە لە هەرێمێک (مەبەست پێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە) دەتوانن بە تەنیا یان لەگەڵ پارێزگایەک یان چەند پارێزگایەکی تردا هەرێم پێکبهێنن، تەنها پایتەختی عێراق نەبێت کە ناتوانێت نە بە تەنها نە لەگەڵ پارێزگایەکی تردا هەرێم پێکبهێنێت. شێوازی پێکهێنانی هەر هەرێمێکیش لە دەستوری عێراق و لە یاسای ٢٣ ساڵی ٢٠٠٨ دا بە وردی باسکراوە. بە پێی دەستور (مادەی ١١٩) دەکرێت هەر پارێزگایەک لە دوو ڕێگاوە داواکاریی بون بەهەرێم پێشکەش بکات، یان لە ڕێگای داواکاریەک کە لەلایەن ١/٣ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە بەرز بکرێتەوە یان هەمان داواکاری ئیمزا کرابێت لەلایەن ١/١٠ دەنگدەرانی  هەر پارێزگایەک کە دەیەوێت بەجیا یان لەگەڵ پارێزگایەکی تر ببنە هەرێم. بەپێی مادەی ٢ بڕگەی ٣ یاسای پێکهێنانی هەرێمەکانی ساڵی ٢٠٠٨ دەکرێت پارێزگایەک داواکاری پێشکەش بکات تا بچێتە سەر هەرێمێکی تر بە مەرجێک داواکاریەکە لەلایەن ١/٣ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە بەرزبکرێتەوە و پێشتریش ڕەزامەندی ١/٣ی ئەندمامی پەرلەمانی هەرێمەکەیان بەدەستهێنابێت.

 
ئەگەرەکانی بە هەرێمبونی ناوچە سونیەکان
سێ ئەگەری سەرەکی هەیە لە پرسی بە هەرێمبونی ناوچە سونیەکاندا
یەکەم: هەمو ئەو پارێزگایانەی سونەی عەرەب زۆرینەی پێکدەهێنێت ببنە یەک هەرێم. (٧) ئەو پارێزگایانەش بریتین لە موسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین. کەرکوک و دیالاش ڕێژەیەکی بەرچاوی عەرەبی سونی تێدایە.  ئەو پارێزگا و ناوچانەی سونەی عەرەب نزیکەی نیوەی خاکی عێراق پێکدەهێنن لە ڕوی ڕوبەرەوە. لە ڕووی دانیشتوانەوە لە نێوان ٪٢٠ بۆ ٪ ٢٥ کۆی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن. هەرچەندە هەندێک لە سونە عەرەبیە قەومیەکان ئەم جۆرە لە هەرێم بۆ سونەکان بە مەترسی دەزانن بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق، بەڵام ئەم ئەگەرە گەلێک بەهێزە، بە تایبەت کە لە ئێستادا بە پێی چەند سەرچاوەیەک کۆبونەوەی نهێنی لە نیوان سونەکاندا لە چەند وڵاتێک بەڕێوە دەچێت بۆ دیاریکردن و قسەکردن لەسەر ئەو بنەمایانەی دەبێت ئەو هەرێمەی لەسەر بونیاد بنرێت. لە ڕووی پراکتیکیەوە زۆر زەحمەتە هەرێمێک دروست بکرێت کە سەرتاپای عەرەبی سونە لە خۆ بگرێت چونکە سونەکان لە چەند پارێزگایەک زۆرینە نین وەک کەرکوک و دیالا و لە هەندێک پارێزگای تریش بە کەمی هەن وەک پارێزگای بەسرە.
دووەم: هەریەک لە پارێزگاکان بە جیا ببنە هەرێمی سەربەخۆ (٨). لە ئێستادا هەوڵی جدی چەند لایەنێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی بە تەنها موسڵ بکەنە هەرێمێکی سەربەخۆ. هەوڵەکانی بە هەرێمکردنی پارێزگای سەلاحەدینیش هەر لە ساڵانی ٢٠١١ ەوە دەستیان پێکردووە. سیاسیەکانی پارێزگای ئەنباریش باسیان لە بەهەرێمکردنی پارێزگاکەیان کردوە. ئەم ئەگەرەش بەهێزە چونکە پشتگیریی نوخبە لۆکاڵیەکانی هەیە و بە ئاسانتریش دەتوانێت پشتگیریی نوخبە نیشتمانیە ناسونەکان بەدەست بهێنێت. بەڵام بە نیسبەت پارێزگای دیالا و کەرکوکەوە، زەحمەتە عەرەبە سونەکان بتوانن هەرێم دروست بکەن چونکە هەر یەک لەو پارێزگایانە ڕێژەیەکی بەرچاو کورد و تورکمانیان تێدایە.
سێهەم: پارێزگاکان دوو دوو یان زیاتر هەرێم دروست بکەن. دەکرێت دوو لەو پارێزگایانە بەیەکەوە هەرێم دروست بکەن وەک موسڵ و ئەنبار یان ئەنبارو سەلاحەدین یان ئەنبار و موسڵ.  دەکرێت سیان لەم پارێزگایانە بەیەکەوە هەرێمێک دروست بکەن وەک موسڵ سەلاحەدین و ئەنبار. ڕەنگە ئەم ئیحتیمالە هێندەی ئەو دوانەی سەرەوە بەهێز نەبێت چونکە کەمتر عەرەبە سونەکان باسیان لێکردووە. لە لایەکی تریشەوە ئەگەر دوو یان سێ لە پارێزگا سونی نشینەکان یەکبگرن ئەوە تەنها پاڕێزگایەی یان دوانیان لە دەرەوەی هەرێمەکە دەبن  و بەمەش دەنگی سونەی عەرەب بە یەکگرتویی نامێنێتەوە.
هەرچەندە یەکەم و دوهەم زیاتر ڕێیان تێدەچێت، بەڵام هەریەک لەم ئەگەرانە پێشبینیکراون و ئەکرێت ڕووبدەن.

کاریگەریەکانی هەرێمی سونی بۆ سەر هەرێمی کوردستان
لە باسکردن و لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا کاریگەری هەر یەک لەو ئەگەرانەی سەرەوە لەسەر هەرێمی کوردستان چیە، دەبێت هەر یەکێکیان بەجیا لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت. ئێمە لەم نوسینەدا تەنها باس لە کاریگەریەکانی دروستکردنی یەک هەرێمی سونە دەکەین لەسەر هەرێمی کوردستان.
بە گشتی دەکرێت هەرێمی سونە ئەم کاریگەریانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت

یەکەم: لاوازکردنی حکومەتی مەرکەزیی
دروستکردنی هەرێمێکی سونەنشین دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی مەرکەزیی لەبری مامەڵە لەگەڵ یەک هەرێمدا، سەرقاڵ بێت بە مامەڵە لەگەڵ دوو هەرێمدا. بونی دوو هەرێم لە عێراقدا، هەرێمەکان بەهێزتر و و حکومەتی فیدڕالیش لە ئاست ئەو هەرێمانە لاوازتر دەکات. بەهێزیی هەردوو هەرێمەکەش لەوەوە دەست پێئەکات کە هەریەکەیان پێکهاتەیەکی ئیسنی تیایدا باڵادەست و کاربەدەستە (لە هەرێمی کوردستاندا کوردەکان باڵادەستن و لە هەرێمەکەی تریش عەرەبی سونە). خاڵێکی تری بەهێزی ئەم دوو هەرێمە ئەوە دەبێت کە هەردوو پێکهاتە ئیسنیەکە لەهەمبەر حکومەتی مەرکەز و لە ناو پەرلەمان و وەزارەتەکانیدا بۆ بەرژەوەندیەکانیان دەنگیان یەکدەبێت و بەیەک ئاواز کاردەکەن. ئەوەتا بۆ نمونە هەرچەند حیزبە کوردیەکان لە ناوخۆدا لە جەنگێکی ساردان لەگەڵ یەکتری، بەڵام لە بەغداد و لە بابەتە گرنگەکاندا هەڵوێستیان یەکە. خاڵێکی تری بەهێزی ئەم دوو هەرێمە و لاوازبونی حکومەتی فیدڕاڵ ئەوەیە کە هەردوو هەرێمەکە خاوەنی دەستور و پەرلەمان حکومەت و دەزگای قەزایی و پاسەوانی سنور و هێزی پۆلیسی خۆیان دەبن و ئەوکات دامەزراوەکانی هەردوو هەرێمەکە لە هێزی مەرکەز کەمدەنەوە و دەسەڵاتی زیاتری لەدەست دەردەهێنن.

دووەم: لاوازکردنی چانسی گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت بۆ عێراق
 دیکتاتۆریەت لەبەرەنجامی چڕبونەوەی دەسەڵاتەکانەوە دروست دەبێت لە دەستی حیزبێک یان گروپێک یان تاکەکەسێک یان نەتەوەیەک. زیادبونی ژمارەی هەرێمەکان پێچەوانەیە لەگەڵ دروستبونی دیکتاتۆریەتدا. واتە هەرچەندە ژمارەی هەرێمەکان زۆرتر بن دەنگی دیکتاتۆریەت کزتر دەبێت و دەسەڵات دەچێتە دەستی چەند لایەنێکەوە نەک یەک لایەن و بەمەش فرەڕەنگی و دیموکراسی بەهێزتر دەبێت. ئەگەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقدا تەبەنی سیستەمی فیدڕاڵی بکرایە زۆر زەحمەت بوو دیکتاتۆریەت شوێن پێی خۆی داکوتێت و نەتەوەکانی عێراقدا بچەوسێنێتەوە و جینوسایدی کورد بکات. بەلاوازبونی دیکتاتۆریەت و بەهێزبونی دیموکراتیەت لە عێراقدا هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیەکانی زیاتر دەبێت.
هەرچەندە دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە مادام عەرەبی سونە لە عێراقدا قەڵغانی پاراستنی دیکتاتۆریەت بون ئەوا زەحمەتە بتوانن هەرێمەکەشیان بکەنە دیموکراسی و ئەو کاتیش کوردستان دراوسێێەکی دیکتاتۆری دەبێت. ئەم ئارگومێنتە کەمتر ڕێی تێدەچێت چونکە بەپێی دەستوری عێراق دەبێت هەرێمەکان کار بە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر بکەن و ئەوکاتیش دیکتاتۆریەت جێگەی نابێتەوە. سەرەڕای ئەمەش عەرەبی سونە لە ٢٠٠٣ ەوە تێکەڵ بە پرۆسەی دیموکراسی بون لە عێراقدا و لە ٢٠١٠ ەشەوە پابەندبون بە پاراستنی بنەما دەستوریەکان. بۆیەش ئەگەری بەرەو دیکتاتۆریەت چونی هەرێمی عەرەبی سونە زۆر کەمە.
تەنها حاڵەتێک کە مەترسی جدی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست بکات ئەوەیە کە حیزبی بەعس لەو هەرێمەدا باڵادەست ببێت و ئینقیلاب بەسەر دامەزراوەکانیدا بکات و ببێتە خاوەنی هەرێمەکە. لەم حاڵەتەدا، دەبێت هەرێمی کوردستان پلانی تایبەتی هەبێت بۆ ڕێگرتن لە سەرکەوتنی بەعسیەکان. یەکێک لەو ڕێگایانە ئەوەیە کە پێداگربێت لەسەر ئەو یاسایانەی لەلایەن حکومەتی فیدڕالەوە دەرچون بۆ بنەبڕکردنی بەعس و فیکر و ئایدۆلۆجیاکەی.

سێهەم: دروستکردنی ناوچەیەکی بێلایەن ‘Buffer Zone‌ بۆ هەرێم
 لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ درواسێی ئەو پارێزگایانەیە کە بە توندی بە حکومەتی مەرکەزەوە بەستراونەتەوە. هەرچەندە یاسایەک لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە دەرکراوە بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاکانی سەر بە حکومەتی بەغداد، بەڵام تا ئێستا دوو جار یاساکە تەعدیلی تێداکراوە (٢٠١٠ و ٢٠١٣) بەڵام تا ئێستاش ناواخنی یاساکە جێبەجێنەکراوە. کەمدەسەڵاتی ئەو پارێزگایانە وایکردوە کە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕالیان تێدا زۆر بەهێز بێت و ڕاستەوخۆش سنوری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت. بەڵام هەرکات پارێزگا سونەکان بونە هەرێم، ئەوا ئەوکات دەبنە خاوەنی دامەزراوەی قەزای و تەشریعی و تەنفیزی خۆیان و ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان باشە. باشیەکەی لەوەدایە کە ئەم هەرێمە دەبێتە بەربەستێک لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرالیدا. حکومەتی فیدڕال ناتوانێت لە ڕوی جوگرافیەوە ڕاستەوخۆ قەیران بۆ هەرێم دروست بکات، تەنها مەگەر ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی هەرێمی سونەوە کێشە بۆ هەرێم دروست بکات. بەڵام ئەو کات کاریگەریەکەشی سنوردار دەبێت چونکە دەبێت ڕەزامەندی سیاسیەکانی هەرێمی سونە وەرگرێت.

چوارەم: بەهێزکردنی هەرێمەکان لە ڕوی دەسەڵات و پێگەیانەوە
هەر پارێزگایەک ببێتە هەرێم دەبێتە خاوەنی چەندین دەسەڵاتی بەرفراوان لە ڕووی سیاسی و ئابوری و یاساییەوە. بەدەر لەوەی هەر هەرێمێک لە ناوخۆدا پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەی قەزایی خۆی هەیە و لە ڕووی ئابوریشەوە خاوەنی بودجەیەکی سەربەخۆی خۆیەتی و پێگەی یاسایشی بەهێزتر دەبێت، لە ناو حکومەتی فیدرالیشدا دەبێتە خاوەنی دەنگی خۆی. واتە هەرێمەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و حکومەتی فیدڕالیش نوێنەرایەتی دەکرێن و دەنگیان بەهێزتر دەبێت. ئەوەی کە گرنگە لێرەدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمەکان لە دامەزراوەیەکدا کە پێی دەڵێن "ئەنجومەنی فیدڕاڵی" دەبنە ئەندام و دەنگیان دەبێت. هەرچەندە ئەم دامەزراوەیە تا ئێستا دانەمەزراوە بەڵام یاساکەی لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ دا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. خۆ ئەگەر ئەم ئەنجومەنە دابمەزرێت ئەوا دەتوانێت هاوشان لەگەڵ پەرلەلمانی عێراقدا ببنە هۆی بەهێز بونی دەنگی هەرێمەکان لە بەرامبەر پاوانخوازی دامەزراوەی تەنفیزیدا.

پێنجەم: یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێراوەکانی وەک مادەی١٤٠ لە نێوان هەولێر و بەغداد
 لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالدا چەندین کێشەی هەڵپەسێردراو هەن کە تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە کە گرینگترینیان مادەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکانە. ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ هەوڵی یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە دەدەن بەپێی دەستوری عێراقی  بەڵام تا ئێستا تەنها لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی مادەکەدان. دەبێت کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بە قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە و ئامار و ڕیفراندۆمدا تێبپەڕێت بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت. بەڵام تا ئێستا لە ئاسایکردنەوەشدا کە قۆناغی یەکەمە پێشکەوتنی دیار بەدەست نەهاتوە. زۆربەی ئەو ناوچانەی کە جێناکۆک بون بە تایبەت لە کەرکوک و دیالا ئێستا بەهۆی جەنگی داعشەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە. ئێستا ئەم ناوچانە بە دیفاکتۆ de facto لە ژێر سایەی هەرێمدان بەڵام ئاسان نیە بە یاساییش de jure بێنە ژێر سایەی هەرێم. هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ بە یاساییکردنی بونی خۆی لەو ناوچانە دانوستان دەست پێبکات لەگەڵ لایەنەکانی تری عێراقدا بە تایبەت دەسەڵاتدارانی هەرێمە سونیەکە. دەکرێت دانوستانەکان بۆ حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەم هەرێمە سونیەدا تا ڕادەیەک ئاسانتر بێت وەک لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالدا کە عەرەبی شیعە هەیمەنەی هەیە بەسەریدا. دەکرێت زۆر بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هەرێمی سونە بەیەکەوە ببەستێتەوە بەیەکەوە کە وا بکات دانوستانەکان بە ئاسانتر ڕێکەوتنتی لەسەر دروست بێت. بەڵام دەشکرێت عەرەبی سونە چارەنوسی ئەو ناوچانە ئاڵۆزتر بکەن بەهۆی ئەوە پاشخانە قەومیەی کە هەیانە. هەندێکیان پێیانوایە بونی حکومەتی هەرێم لەو سنورەدا شەرعیە کە حکومەتی بەعس لە ڕێکەوتنامەی ئازاری ١٩٧٠ دا بۆی دیاریکردبون. هەندێکی تریشیان وای دەبینن کە ئەم فراوانخوازیەی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق. هەر بۆیە دەکرێت هەرێمی سونە هاندەر بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد و دەکرێت ڕێگریش بێت. بەڵام کام لەم دوو ئەگەر بەهێزتر دەبێت ئەوە دەکەوێتە سەر هێزی سیاسی و سەربازی و نێودەوڵەتی و یەکبونی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا.

شەشەم: زاڵبونی شوناسی سونی بون بەسەر قەومیەتی عەرەبی
دروستکردنی هەرێمێکی سونی دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو شوناسە قەومیەی چەندین ساڵە بە زۆر بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنرا، کە ئەویش شوناسی قەومی عەرەبە. عێراق لە مێژویدا زۆر ناڵاندوێتی بەدەست ئەو نوخبە سیاسیە دەسەڵاتدارەی کە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و عەرەبی بونەکەیدا، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ سەپاندانی ئەو شوناسە بەسەریدا. لەم پێناوەدا هاوڵاتیانی کوردستانیان توشی چەندین هەڵمەتی جینۆساید و قڕکردن و سڕینەوەی شوناس کردوە. بەڵام ڕوداوەکانی دوای ٢٠٠٣ ی نێوان عەرەبی شیعە و عەرەبی سونە ئەوەی سەلماند کە شوناسی عەرەبی قەومی تەنها بانگەشەیەک بوە لە ناخی زۆرینەی عەرەبە عێراقیەکاندا ڕەگی دانەکوتابو، بۆیەش لەگەڵ ئازادبون و دیموکراسیدا عەرەبەکان گەڕانەوە شوناسە مەزهەبیەکەیان. ئەگەر بێتو هەرێمێک دروست ببێت کەهەڵگری شوناسی سونی عەرەبی ئەوا بە دیفاکتۆ فیدڕاڵیەکەی عێراق دەبێتە فیدڕاڵیەکی دامەزارو لەسەر بنەمای ئیسنی. هەندێک لە سکۆلەرانی بواری لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی پێیانوایە کە تا چەند ئەو هەرێمانەی دروست دەبن بنەمایەکی ئیسنیان هەبێت ئەوا لێکهەڵوەشانی ئەو دەوڵەتە نزیکترە. هەرچەندە ئەم ئارگومێنتە ڕەنگە بەهێز بێت بەڵام لەبەرامبەر هەرێمی سونەی عەرەب و هەرێمی کوردستاندا هێشتا نزیکەی ٪٥٥ بۆ لە ٪٦٠ دانیشتوانی عێراق لە هەرێمی ئیسنیدا ناژین و ئەمەش دەکرێت ببێتە ئارگومێنتێک بۆ مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق. ئەوەشمان لە بیرنەچێت کە شوناسی سونی بونی ئەو هەرێمەی دراوسێی هەرێمی کوردستان دەبێت گرنگی خۆی هەیە لە بەرقەراربونی ئارامی لە نێوان هەردو هەرێمەدکەدا چونکە مسوڵمانانی هەرێمی کوردستانیش زۆربەیان سونی مەزهەبن.

ئەنجام
لەدوای٢٠٠٣ەوە عەرەبی سونە لە عێراقدا ڕووبەڕووی چەندین جۆری چەوسانەوە بوونەتەوە. بەشێک لە مەینەتیەکانیان بەهۆی ئەوەوە بوە کە لە سەرەتاکانی بونیادنانی عێراقی نوێوە بایکۆتی پرۆسەی سیاسییان کردبوو. سونەکان لەگەڵ دروستکردنی هەرێمدا نەبون لە عێراقدا، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ و  دوای ئەوەی هەستیان بەوەکرد کە بوونی هەرێم دەیانپارێزێت لە چەوسانەوە، وردە وردە گۆڕانکاریی بەسەر تێڕوانینەکانیاندا هات.  لە ئێستادا ئەگەری دروستکردنی هەرێمی سونی لە هەمو کات زیاترە بە تایبەت لە دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ. ئەوەی لەم نوسینەدا گرنگە، کاریگەریی دروستکردنی هەرێمە بۆ عەرەبی سونە لەسەر هەرێمی کوردستان. ئێمە لەم نوسینەدا ئاماژەمان بە چەند خاڵێک کردووە کە دەکرێت بەرچاوڕوونییەک بداتە بڕیاربەدەستان و بەرپرسانی هەرێم سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەرێمە سونەی کە ڕەنگە لە ئایندەدا دروستبکرێت.

سەرچاوەکان
(1)Mansour, R. (2016) The Sunni predicament in Iraq. Available at: http://carnegieendowment.org/2016/03/03/sunni-predicament-in-iraq-pub-62924
(2) بڕوانە: 
A- http://uk.reuters.com/article/uk-iraq-massacres-falluja-specialreport-idUKKCN10Y1VB
B- http://www.independent.co.uk/voices/iraq-sunni-shia-nasiriyah-prison-hangman-excutions-back-and-they-re-becoming-more-efficient-a7208816.html
(3)Al-ali, D. (2013) Dividing Iraq: Now is the time to split the country. Available at: http://www.niqash.org/en/articles/politics/5245/Sunni-Politicians-In-Washington-Promote-Idea-of-Sunni-Region-A-Divided-Iraq.htm
(4)Natali, D. (2016) The myth of a tripartite Iraq. Available at:  http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2016/06/iraq-myth-tripartite-sunni-shia-kurd-stability-isis.html#ixzz4IGVCvDsV
(5)Al-nidawi, O. (2016) The state of Sunni discord. Available at: http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/the-state-of-sunni-discord-in-iraq
(6)Abuqudairi, A. (2014) Relations sour between Iraq and Jordan. Available at: http://www.aljazeera.com/news/middleeast/2014/08/relations-sour-between-jordan-iraq-2014831245054736.html
(7)بڕوانە:
A- http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2016/08/iraq-sunni-region-after-is-sectarianism.html
B- http://www.middleeasteye.net/news/iraqi-sunnis-plan-use-law-create-autonomous-regions-1074892889
C- http://rudaw.net/english/interview/21012016
(8)بڕوانە:
A-http://www.faceiraq.com/inews.php?id=4997966
B-http://almasalah.com/ar/NewsDetails.aspx?NewsID=32237
C-http://www.alrashead.net/index.php?prevn&id=7930&typen=2
D-http://www.ara.shafaaq.com/701


No comments:

Post a Comment