Friday 11 August 2017

هۆکارەکانی پشت ململانێی ئیسنی چین؟ بەشی دووەم

نوسینی: پرۆفیسۆر ستێفان وڵف
وەرگێڕانی: جەلال حەسەن

ئەو باسە کورتە دەربارەی سریلانکا ڕەهەندێکی تری گرنگی هۆکارەکانی پشت ململانێ نیشاندەدات. سەرەڕای مەرجە بنەڕەتیەکانی ململانێ کە سیاسی و ئابوری و جیاکاری کەلتورین، کۆمەڵێک هۆکاری تر پێویستن بۆ هەلگیرسانی ململانێ ئیسنیە توندوتیژەکان. ئەمانە ناوئەبرێن بە 'هۆکارە دەستبەجێکان' و ئەو فاکتەرانەن کە ئەگەری ملمکلانێکان زیاد دەکەن لە کاتێکدا هەموو یان هەندێک لە هۆکارە بنەڕەتیەکان ئامادەیان هەبێت. لەم هکارە دەستبەجێیانەدا دەبیت جیاوازی بکرێت لە نێوان هۆکارە دەرەکی و ناوەکیەکاندا کە کاران لەسەر ئاستی نوخبە و جەماوەر. هۆکارە ناوخۆییەکان لەسەر ئاستی نوخبە بریتین لە سەرکردە خراپەکان و هۆکارە دەرکیەکانیش بریتین لە دراوسێ خراپەکان. هۆکارە ناوخۆکان لەسەر ئاستی جەماوەر بریتین لە گرفتە ناوخۆییەکان و دەرکیەکانیش بریتین لە دراوسێ خراپەکان.
لە کەیسی سریلانکادا، کاریگەریەکانی سەرکردەی خراپ لە هۆکارە هەرەدیارەکان بوو ئەمە لە کاتێکدا کە هۆکاری دەرەکی هیچ کاریگەریەکی نەبوو. ئەو هەڵوێستانەی پڵنگەکانی تامیل وەریانگرتبوو دەربارەی شەرعیەتی پەنابردن بۆ توندوتیژی دژی حکومەتی ناوەندی و ئەوەی کە ماوەی دوو دەیە هەموو دانوستانێکیان لەگەڵ حکومەت ڕەتدەکردەوە و پێیانوابوو کە پێش دانوستانەکان حکومەت دەبێت بە ڕوونی دەبێت دان بە مافی چارەنوسیاندا بنێ و بە ناراستەوخۆش ڕازی بێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆیان لەو بەشەی دورگەی سریلانکادا، ئەمانە جێی نارازیبونی تەواوی حکومەتی مەرکەزی بوون کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ ڕەتیکردبۆوە کە دان بە داواکاریەکانی تامیلدا بنێت و بەردەوام لە بەڵێن و ئیلتیزاماتەکانی خۆیان دەدزیەوە و زۆرجاریش پەنای بۆ توندوتیژی دەبرد تەنانەت دژی مەدەنیەکانیش. هەرچەندە هەندێک هۆکاری ناوخۆیی لەسەر ئاستی جەماوەر بەشداریەکی دیاریان هەبوو لانی کەم لە درێژکردنەوەی ململانێ توندەکاندا (وەک زیندوکردنەوەی بیری ئصولی بوزایی لە سینهال و پاشان ژیانی کولەمەرگانەی گەنجانی تامیل و بێکاربونیان)، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەو بژاردانەی کە سەرکردەکانی هەردوولای ململانێکە پەنایان بۆ برد، جەنگێکی دروستکرد کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ هەموو ئومێدێکی ئاشتی لەباربرد.
ئەم تێڕوانینە بۆ ململانێی ئیسنی و جیاوازیکردن لە نێوان هۆکارە بنەڕەتیەکان و هۆکارە دەستبەجێکاندا، بۆمان ڕوندەکاتەوە بۆچی لە هەندێک کەیسدا هەمان هۆکارە بنەڕەتیەکان بونیان هەیە کە چی شەڕی ناوخۆیی گشتگیر و قورس سەرهەڵنادات. بۆ نمونە، لە کەیسی یۆگۆسلاڤیای پێشودا، دەتوانین بپرسین کە بۆچی سوپای یوگۆسلاڤی کە سڕبیەکان هەیمەنەیان بەسەردا کردبوو شەڕی گەورەی لە سلۆڤینیادا هەڵنەگیرساند؟ ڕەنگە هۆکارێکیان ئەوە بوبێت کە کەمینەی سڕبی لە سلۆڤینیادا ژمارەیان زۆر کەم بوو کە وایکرد سڕبیەکانی سوپای یوگوسلاڤیان حەز بەو شەڕە نەکەن، کەچی لە کڕواتیا و بۆسنە و کۆسۆڤۆدا کە کەمینە سڕبیەکان ژمارەیان زیاتر بوو وە پێیانخۆشبو لە ژێر چاودێری و پاراستنی بەلگرادا بن و خۆشیان بۆ بەرگریی ئامادە کردبوو. بۆسنەش بەدەست هەمان دەردی سەرکردەی خراپ و دراوسێی خراپەوە دەیناڵاند. بەحوکمی شوێنە جوگرافیەکەی بۆسنە کە کەوتبوە نێوان بەرداشی سڕبیا و کڕواتیا و بەهۆی بونی کەمینەی بەهێزی سڕبی و کڕواتی لەسەر خاکی بۆسنەدا، مسوڵمانەکان لە هەر دوو بەرەکەوە لە جەنگدا بون.
کۆتا خال کە دەکرێت بۆ پشتگیریی لەو ئارگومێنتەی کە ڕۆڵی کاریگەر دەداتە نوخبەی سیاسی لە ململانێکاندا باکر بێت بریتیە لە کەیسی مەسەدۆنیا (مەقدۆنیا). مەسەدۆنیا هێندە بە درواسێی خراپ دورەدراوە مەگەر بەس بتوانرێت بەراورد بکرێت بە هەرێمی دەریاچەی گەورە لە ئەفریقا و بە ناوچەی قەوقاس لە ئاسیا. یەکێک لە درواسێکانی تەنانەت ناوی وڵاتەکەشی ڕەتدەکردەوە (یۆنان)، ئەوی تریان تایبەتمەندیە ئیسنی و کەلتوریەکانی ڕەتدەکردەوە (بولگاریا)، و یەکێکیشیان گومانی خستبوە سەر سنورەکانی و تەنانەت سەر بەدەوڵەتبونیشی. هاوکات لەگەڵ ئەم فاکتەرە دەرەکیە لێڵانەدا، فاکتەرە ناوخؤییەکانیش کاریگەری خۆیان دروستدەکرد وەک رێژەی بەرزی بێکاریی و جیاکاری سیاسی و کەلتوری و جوگرافیەکی ئیسنی وا کە لەتبونی دەوڵەتەکەی ئاسان دەکرد. بەڵام سەڕەڕای ئەو کەموکوڕی و هەڵانەی بونە هۆی شەڕێکی ناوخۆیی ئیسنی توندوتیژ لە ساڵی ٢٠٠١ دا، هەر زوو سەرکردە ژیر و خەمخۆرەکان کە لەلایەن ناتۆ (NATO) و یەکێتی ئەورپاوە پشتگیریی دەکران دەرکەوتن و دانوستانیان دەستپێکرد و گەیشتنە  ڕێکەوتنێک هەر لە هاوینی هەمان ساڵدا کە کۆتایی بە شەڕ هێنا و سەرەتایەکی بۆ پرۆسەی چاکسازی دانا.
هەرچەندە ئەو ئیختیارەی سەرکردەکان ڕەنگە ئەو ئەنجامەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بۆچی شەڕی بۆسنە درێژ و زۆرخایەن بوو بە بەراورد لەگەڵ جەنگی مەسەدۆنیادا کە زۆر کورت بوو، بەڵام پرسیارێک بێوەڵام ماوەتەوە لە بابەتی ململانێی ئیسنیدا ئەویش ئەوەیە کە بۆچی هەندێک سەرکردە شەڕ هەڵدەبژێرێت بەسەر ئاشتیدا و رووبەڕوبونەوە هەڵدەبژێرێت نەک ئارامکردنەوە؟ بۆ ئەوەی باش تێبگەین لەو هاندەرەی لە پشت سەرکردە و شوێنکەوتوانیەوە هەیە، ئەوا بە باشی دەزانم باس لە تەفسیرێکی دیاریکراوی بیردۆزی 'ئیختیاری ئاقڵانە' (Rational Choice) بکەین کە ناسراوە بە 'تەنگژەی ئاسایشیی' (Security Dilemma). ئەم بیردۆزە پێیوایە کە تاکەکان هەمیشە ئیختیارێکی ژیرانە دەکەن و کێشانەی سود و زیانەکانی ئەو کارانە دەکەن کە ئەنجامی دەدەن. دەیڤد لەیک (David Lake) و دۆناڵد ڕۆثچیلد (Donald Rothchild)، بۆ نمونە، باس لەوە دەکەن کە 'هۆکارە بنەڕەتیەکانی ململانێی ئیسنی بریتین لە کارلێکردنی ستراتیجی ناو گروپێک و نێوان گروپەکان و لە نێوان ئەم کارلێکە ستراتیجیانەدا سێ تەنگژەی سەرەکی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژیی: شکستی زانیاریەکان،  گرفتی وابەستەبونی ڕاستەقینە، و ئەو هاندەرانەی لە ئارادان بۆ پێشدەستی کردن لە بەکارهێنانی هێزدا'. 
لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی زۆر هەیە کە گرنگی تەنگژەی ئاسایشیی دەرئەخات لە تەفسیرکردنی چۆنیەتی سەرهەڵدانی ململانێ، بەڵام پێویستە بە وریایی لەو بارۆدۆخە بکۆڵینەوە کە تەنگژەی ئاسایشیی تیایدا سەرهەڵئەدات. لێرەدا پێنج لەو بارودۆخانە ئاماژە پێدەدەین کە بەرهەمهێنەری ژینگەیەکی پڕ ترسن و ململانێی توند بەرهەم دەهێنن کە ئەمانەن: هەرەسهێنانی حکومەت، دابڕانی جوگرافیانەی کەمینەیەک لە هەمبەر گروپێکی گەورەتردا، گۆڕان لە هاوسەنگی هێزی سیاسی نێوان گروپەکان، گۆڕان لە دەستگەیشتن و کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ئابوریەکاندا، و جوڵاندانی بەزۆر یان ئیختیاریی سوپا پارتیزانەکان. دەتوانین خاڵیکی تریش بخەینە سەر ئەم خاڵانە کە ئەویش ڕوودانی گۆڕانکاریە لە پشتگیریی دەرەکی یان گۆڕانی هاوسەنگی نێوان پشتگیرە دەرەکیە دژ بەیەکەکانە.
لەگەڵ هەرەسهێنان و پارچەپارچەبونی یەکێتی سۆڤیەتدا، کەمینە ئیسنیەکانی ژێردەسەڵاتی کۆمارەکانی سۆڤیەت ترسێکی زۆریان لێ نیشت چونکە مۆسکۆ ڕێگر بوو لەوەی ئەوان لەلایەن نوخبەکانی ئەو کۆمارانەوە کە تیایدا کەمینە بون بچەوسێنرێنەوە. ئەرمەنیەکانی هەرێمی ناگۆرنۆکەرەباخی ئازەربایجان هەرزوو لە لە ساڵی ١٩٨٨ دا وایانبینی کە مانەوەی فیزیکی و کەلتوریان لەوەدایە  کە لە ئازەربایجان جیاببنەوە. بەهەمان شێوە، ئەبخازیەکان و خەڵکی ئۆسیتیای باشور پێیانباشبو  لەگەڵ ڕوسیا بمێننەوە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت. گەرچی نەیانتوانی بەتەواوی ئەمە بەدەست بهێنن بەڵام توانیان لە ژێر پارێزگاریی هێزە ئاشتیپارێزەکانی ڕوسیادا هەردوک ناوچەی ئاماژەپێدراو دەستبەسەردا بگرن. ئەم کەیسانە چەند خاڵێکی گرنگمان بۆ وێنە دەکێشێت. یەکەم، دەوڵەتی پشتگیر (Patron state) مەرج نیە هەمان شوناسی ئیسنی هەبێت لەگەڵ ئەو گروپانەی کە دەیانپارێزن یان پەستانی سیاسیان (Lobbying) لە پێناو پاراستنیاندا بەگەڕخستوە. دووەم، ئەو دەوڵەتە پشتگیرانەی کە یەکلایانەنانە تەدەخول دەکەن و ناگەڕێن بەدوای چارەیەکی تەوافوقیدا لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کێشەی تێدا دروستبوە،  ئەوا زەحمەتە بتوانن چارەسەرێکی هەمیشەیی کێشەکە بکەن. ململانێکانی ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشور و ناگۆڕنوکەرباخ تەنها سڕ کراون و گیریانخواردوە، بەڵام درەنگ بێت یان زوو دەبێت چارەسەر بکرێن.
بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بیرۆکەی تەنگژەی ئاسایشیی لە کرۆکیی تەفسیرە سەبەبیەکانی (Causal explanations) ململانێی ئیسنیدایە. ستراتیجانە دەستپێخەریکردن لە بەکارهێنانی توندوتیژیدا بەشێوەیەکی گشتی لە حاڵەتی سەرهەڵدانی شڵەژاویدا (Anarchy) نادڵنیایی گروپە ئیسنیەکان دەربارەی داهاتویان زیاتر دەکات. بەڵام ئەم ترسانە مەرج نیە ببنە هۆی سەرهەڵدانی ململانێی توندوتیژ. بەمانەیەکی تر، هیچ تەنگژەیەکی ئاسایشی کە لە ئارادایە مەرج نیە بە شێوەیەکی خودکارانە (Automatism) ململانێی توندوتیژ بەرهەم بهێنێت. جا بۆ ئەوەی پەیوەندیەک لە نێوان تەنگژەیەکی ئاسایشی و هاتنەئارای ململانێی توندتیژ دابمەزرێنین، زۆر بەسودە کە لەو بڕیارانە بڕوانین کە تاکەکان دەیدەن لەهەمبەر تەنگژەیەکی ئاسایشیی دیاریکراودا، دەبێت لەو جەماوەرە بڕوانین کە نوخبەکانی هاندەدات بەرەو ئاڕاستەیەکی دیاریکراو، دەبێت لەو سەرکردانە بڕوانین کە پلانێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرن و شوێنکەوتوانێکیش کە ئارەزوماندانە بەرەو ڕێڕەوێکی تایبەت دەبرێن.
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانین کڕۆکی تەنگژەی ئاسایشیی پێڕونبکەینەوە ئەوەیە کە هەر زیادبونێک لە ئاسایشی کەسێک، گروپێک، یان دەوڵەتێکدا وەک هەڕەشەیەک یان کەمکردنەوەی ئاسایشی ئاکتەرێكی تر دەبینرێت. بۆ نمونە، ئەگەر من دارێکی بەیسبۆڵم پێبێت بۆ ئەوەی موڵکێکی خۆمی پێبپارێزم لە دزەکان، ئەوە ئاسایشی جەستەیی دزەکان دەخاتە مەترسیەوە و ئەمەش دەبێتە هاندەرێک بۆ دزەکە کە ئەویش چەکێکی هاوشێوە یان بەهێزتری پێبێت، و ئەمەش ئاسایشی من کەمتر دەکاتەوە لە کاتی بەرگریکردنم لە موڵکەکەم و ئەمەش ڕەنگە ببێتەهۆی ئەوەی کە منیش چەکێک هەڵبگرم. ئەم داینامیکە بە هەمان شێوە بۆ گروپ و دەوڵەتانیش کاردەکات، بەڵام بە ئاستی جیاواز. ئەو تاک و گروپ و دەوڵەتانە خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە بڕوایەکی بەهێزیان هەیە لە بارودۆخێ بێسەروبەرەییدا (Anarchical) هەر یەکێکیان دەبێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت و تەنها پشت بەخۆی ببەستێت. ڕەنگە من متمانەم بە پۆلیس نەبێت کە بمپارێزێت لە دزەکان، گروپە ئیسنیەکانیش متمانەیان بەوە نیە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت هێندە بێلایەن و کاریگەر بن کە پیادەی یاسا و نیزام بکەن، دەوڵەتانیش باوەڕێکی کەمیان هەیە بەوەی هێزی ڕێکخراوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرگریان لێبکات لە درواسێ شەڕانیەکان. ئەم پشبەستنە بە خۆ لە پاراستنی ئاسایشدا، نەک هەر هاندەرە بۆ پێشبڕکێکردن لە خۆ پڕچەککردندا، بەڵکو هاندەرەیشە بۆ پێشدەستیکردن لە بەکارهێنانی توندوتیژیدا. چی بکەم ئەگەر بەرامبەرەکەم لە داهاتودا بووە خاوەنی چەکێک کە هێندە بەهێز و گرانبەها بێت کە من نەتوانم کێبڕکێی لەگەڵدا بکەم؟ ئەی باشتر نیە کە من هێرش بکەمە سەری لە کاتێکدا لە ئێستادا تا ڕادەیەک من بەهێزترم و بەمەش هەموو ئەگەرێکی هێرشکردنی ئەو لە داهاتودا لەباربەرم کە ڕەنگە لە کاتی بێئاگابون و لاموبالاتیدا بیکاتە سەرم؟
بە شوێنکەوتنی ئەم لۆجیکی یەکبەدوایەکداهاتنە (Consequentiality) لە شێوە بەربڵاوەکەی بەهێزبونی ململانێی ئیسنی تێدەگەین. ئەوەی تەنگژەی ئاسایشیی ئیسنی لە تەنگژەی ئاسایشیی ناودەوڵەتی ترادیشناڵ جیادەکاتەوە ئەوەیە کە تەنگژەی ئاسایشیی ئیسنی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەڕوانێتە زاراوەی ئاسایش. بەمشێوەیەش، تەنگژەی ئاسایشیی ئیسنی ئاسایشی جەستەیی (مانەوەی جەستەیی ئەندامانی گروپێک) و سیاسی ( ئازادبون لە دەست ڕژێمێک کە ئەندامانی ئەو گروپانە لە بەشداریی سیاسیی مانابەخش بێبەش دەکات) و ئابوری و کۆمەڵایەتی (ئازادبون لە دەست رژێمێک کە فورسەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموان دابین ناکەن) و کەلتوری (ئازادبون لە بەزۆر ئاوێتەکردنی گروپێک لە گروپێکی تردا) و ژینگەیی (ئازادبون لە تێکدانی ژینگە و کەمی سەرچاوەکان) دەگرێتەوە. بەم شێوەیەش، کاتێک سربەکان دەستیاندایە چەک لە کڕواتیا و بۆسنەدا، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو کە ترسی ئەوەیان هەبوو کە ئەو ئیمتیازاتانەی پێشویان کە بەسەر ئەوانی ترەوە هەیانبوو لە دەستبدەن و  ڕوبەڕوی گرفتی ئاسایشیی جەستەیی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وکەلتوریی ببنەوە. سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی لە هەریەک لە سریلانکا و بۆسنەی ساڵانی هەشتاکان لەبەر هەمان لۆجیک بوو کە دەسەڵاتدارانی ئەم دەوڵەتە پێیانوابوو کە پێش ئەوەی جوداخوازەکان لەوە بەهیزتر ببن و ترسی زیاتر دروستبکەن بۆیان خەڵکی تر پەیوەندیان پێوەبکەن، دەبێت سەرکوتبکرێن. سەڕەڕای ئەمەش، هۆکارێکی تر ئەوەیە کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت پێشێنەیەکی یەکلاکەرەوانەی گرنگ دروستبکەن، بەبێ سەرکوتکردنی موتەمەریدەکانی تەیموری ڕۆژهەڵات و یان ئاچێ، و چیچان و کۆسۆڤۆ و بایفرا، ڕەنگە خەڵکانی تریش هەمان ڕێچکەی ئەمانیان بگرتایە و نەتیجەش ڕەنگە دەوڵەت پارچەپارچە بوایە. بە مانایەکی تر، لە تێڕوانینی حکومەتەوە، ئاسایشی فیزیکی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە مەترسیدایە، بۆیە وا ڕەفتار دەکات.
هەرچەندە گومانی تێدانیە کە تەنگژەی ئاسایشیی ئامڕازێکی زۆر بەسودە لە تەفسیرکردنی سەرهەڵدانی توندتوتیژی لە ململانێی ئیسنیدا، بەڵام گرنگە ئاگامان لەوە بێت کە دوو تەنگژەی ستراتیجی هەن کە ڕۆڵیان هەیە بەرەوتوندی هەڵکشانی ململانێی ئیسنیدا. بەدەر لە تەنگژەی ئاسایشیی، شکستی زانیاری (information failure) [واتە گروپە ئیسنیەکان ئاگایان لە نیەت و پلانی یەکتر نیە و هەریەک کار لەسەر نیەت و پلانەکانی خۆی دەکات] و گرفتی پەیوەستبونی ڕاستەقینە (credible commitment) زۆر گرنگن لە تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی سەرکردەکان دەتوانن شوێنکەوتوەکانیان کۆبکەنەوە و تا ئەو ئاستەش ڕادیکاڵیان بکەن کە دەستپێشکەر بن لە بەکارهێنانی توندوتیژی بێ جیاوازیکردن لە نێوان ئەندامانی گروپێکی ئیسنیدا. بۆ ئەوەی سەرکردەکان لە کۆکردنەوە و ڕادیکاڵکردنی شوێنکەوتوانیاندا سەرکەوتو بن، پێویستە شوێنکەوتوان بروایان بە بونی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە هەبێت لەسەر ئاسایشیان، بەو شێوەیەی کە سەرکردەکان باسیدەکەن. بە مانایەکی تر، دەبێت هێندە 'بەڵگەی باوەڕپێکراو' هەبێت دەربارەی نیەتی گروپەکانی تر بە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانیان و بەشداری جدی و چالاکانە لە ئەنجامدانی کاری توندوتیژی. بەڵام زەحمەتە ئەم بەڵگە باوەرپێکراوانە لە سیاقێکی دیاریکراودا بەبێ یارمەتی گروپەکانی تر دروستبکرێت و بۆ ئەمەش نمونەی جەنگەکانی یۆگۆسلاڤیا بەڵگەیەکی ڕونن. ئەگەر 'تودجمان'ی سەرۆکی کرواتیا تەبەنی سیمبولەکانی کرواتیای فاشیستی و ناسیۆنالیستیی زیانبەخشی نەکردایە و داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کڕواتیای نەکردایە، ئەوا ئەو سربیانەی لە ناو کرواتیادا دەژیان متمانەیان بە دامەزراوەکانی یۆگۆسلاڤیا دەبوو کە بیانپارێزێت، یاخود لانی کەم ئەو ئاشتیەی بەردەوام بکردایە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە نێوان گروپە ئیسنیەکاندا لە ئارادا بوو. لە ناگۆرنۆ-کەرەباخ، ئەرمەنیەکان ترسیان هەبو ڕوبەڕوی جێنۆساید ببنەوە (هەر بەو شێوە ترسناکەی کە لە مێژویاندا توشی جێنۆساید ببون لە کاتی بەرەو کۆتایی ڕۆشتنی دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا) و ئازەربایجانیەکانیش ترسیان لە یەکپارچەیی دەوڵەتەکەیان و تەنانەت لە مانەوەی دەوڵەتەکەشیان هەبوو. بە نیسبەت ئەرمەنی و ئازەریەکانەوە، دەستگرتن بەسەر ناگۆرنۆ-کەرەباخدا ببوە سیمبول و بنەمای مانەوەیان. بەوەی کە هەردوو لا ئاگایان لە نیەتەکانی یەکتر نەبوو و هەرلایەکیشیان دەبوایە گرفتەکانی خۆی بە تەنیا چارە بکردایە لە دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت، ئەو ترس لە توندوتیژی ئیسنی گۆڕا بەوەی هەریەک لە ڕێگەیەوە بتوانێت تەنەبوئەکانی خۆی بهێنێتەدیی.
سێهەم تەنگژەی ستراتیجی بریتیە لە گرفتەکانی وابەستەبونی ڕاستەقینە و جێی بڕوا. لێرەدا دەتوانین نمونەی ئێرلەندای باکور بهێنینەوە لە ساڵی ١٩٨٨ وە. لە ڕێکەوتنەکەی ئەو ساڵەدا، حکومەتی ئێرلەندی و حکومەتی بەریتانیی، تەنها پارتێکی سەرەکی ئێرلەندای باکور نەبێت، بڕیاریاندا وابەستە بن بە سیستەمێکی نوێی حکومەتەوە کە تیایدا ئەو پارتە سیاسیە لۆکاڵیانەی نوێنەرایەتی هەردوو جڤاتەکەیان دەکرد دەسەلاتی بەرفراوانیان دوور لە کاریگەری حکومەت لە لەندەن. لەبەر ئەو پەیوەندیانەی یەکێک لە لایەنەکان (ناسیۆنالیستەکان، کاسۆلیکیەکانیشیان پێدەوترا) بە کۆماری ئێرلەنداوە هەیبوو، چەند دامەزراوەیەک بونیادنران بۆ هاوکاریی چڕوپڕ لە نێوان حکومەتی ئێرلەندای باکور و هاوتاکەی لە کۆماری ئێرلەندا. ڕێکەتن مانای تەنازولکردنی بەرچاویی هەردوو لا بوو. یونیەنیستەکان کە هەمیشە سووربون لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندیەکانی نیوان بەریتانیای گەورە و و ئێرلەندای باکور، ڕازیبون بە هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا (Power-sharing) لەگەڵ ناسیۆنالیست و کۆماریەکاندا کە ئەوانیش تەنازولیان کردبوو لە داواکەیان بۆ یەکگرتنی بێمەرجی ئێرلەندای باکور لەگەڵ کۆماری ئێرلەندادا و دانیان بەوەدا نابوو کە ئەمە تەنها دەتوانێت لە ڕێی ڕیفراندۆمێکەوە ئەنجام بدرێت  کە تیایدا زۆرینە دەنگ بۆ یەکگرتنەکە بدەن. دوای ئەو شەڕە ٣٠ ساڵەیەی ئەنجامیاندا و کوژرانی زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس هەردوولا تەفسیری جیاوازیان هەبوو بۆ ڕێکەوتنەکە. بۆ یونیەنیستەکان هاوبەشیکردنی دەسەڵات لەگەڵ ناسیۆنالیست و کۆماریەکاندا ئەو نرخە بوو کە دەبوو لەبریی هێنانەکایەی ئاشتی و دامالینی چەک لە هەموو گروپە میلیشیاییەکان بدرایە بەتایبەت  IRA (سوپای کۆماریی ئێرلەندیی). بەپێی ڕێکەوتنەکە  هەموو پارتەکان هەوڵی تەواویی خۆیان دەدەن کە لەماوەی نێوان ٢ ساڵدا لە دوای ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکەوە چەکەکانیان بەتەواوەتی دابماڵن. بەڵام هەر تەفسیڕێکی یونیەنیستەکان بۆ ڕێکەوتنەکە و بەشدارینەکردن لە حکومەتی هاوبەشدا  لەگەڵ شین فەین (Sinn Féin)، کە باڵێکی نزیک لە سوپای کۆماریی ئێرلەندا بون، لەبەر ئەوە بوو کە یونیەنیستەکان ترسیان هەبوو لەوەی کە کۆماریەکان جدی نەبن لە داماڵینی چەکەکانیاندا. کەچی، هەر ئەمە لەلایەن کۆماریەکانەوە وەک بەڵگەیەکی روون دەبینرا کە یونیەنیستەکان پابەند نین بە ڕێکەوتنەکەوە بە تایبەت ئەو بەشەی باس لە پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش دەکات و پێشیانوابوو کە یونیەیستەکان بابەتی چەک داماڵین تەنها وەک بەهانەیەک بەکار دەهێنن بۆ پابەست نەبون بە رێکەوتنەکەوە (٤).

تێبینیەکان:
1.       ئەم وەرگێڕانە بۆ چاپتەری ٣ی کتێبی (Ethnic Conflict: a Global Perspective) ی پرۆفیسۆر ستێفان ووڵف کراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ نوسیوێتی و لە ساڵی ٢٠١٠ دووبارە چاپکراوەتەوە. چاپتەرەکە بە ناونیشانی (What causes ethnic conflict?)، واتە چی ململانێی ئیسنی دروست دەکات؟ لەم وەرگێڕانەدا، وەرگێر پابەند بووە بە وەرگێڕانی هەموو پاراگرافەکانی ناو چاپتەرەکە بەڵکو پوختەیەکی چاپتەرەکەی وەرگێڕاوە.
2.       دوورگەکانی بۆگنڤیل (Bougainville) و دورگەکانی سۆلمۆن (Solomon) دەکەونە باکوری ئوسترالیا و بەشێکن لە دەوڵەتی پاپوا نیو گینی (Papua New Guinea).
3.       مەبەست لە ئیسنی یان ئیسنیەت (ethnicity) هەر جیاوازیەکە لە نیوان گروپەکاندا جا لەسەر بنەمای دین یان زمان یان مەزهەب بێت.

4.       ئەم بابەتە لێرەدا کۆتایی دێت وا دەردەکەوێت کە ‌هێشتا تەواو نەبووە. چونکە بابەتەکە وەرگێرانە و منیش هەندێک لە پەرەگرافەکانیم وەرگێڕاوە ئەوا ڕێگەم بەخۆم نەدا بەرەنجامەکان بنوسم و پێم باشبوو بەم شێوەیە بەجێی بهێڵم. 

No comments:

Post a Comment