Thursday 18 August 2016

لە 'ئیسلام'ی داعشەوە بۆ 'ئیسلام'ی ئاشتی: بونیادنانی دونیابینیەکی مرۆڤدۆست (بەشی دووەم)


نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا باسێکی بنەما سەرەکیەکانی ئیسلامی داعشیمان کرد و گەیشتینە ئەو بەرەنجامەی کە ئەولەویاتی ئەم جۆرە تێڕوانینە دروستکردنی یەکڕەنگیەکی ئاینی و مەزهەبیە. لەم بەشەدا، باس لە پەڕینەوە دەکەین لە ئیسلامە توندڕەوکەی داعش و هاومەشرەبەکانیان بۆ ئیسلامێک کە بەرهەمهێنەری ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی بێت. لە ڕێی وەڵامدانەوەی دوو پرسیارەوە دەچینە ناو کرۆکی ئەم بابەتەوە کە ئەمانەن، ئایا ڕاگوزەریی لە ئیسلامی داعشەوە بۆ ئیسلامی ئاشتی ڕێی تێدەچێت؟ ئایا چۆن هەنگاو بنێین بۆ هێنانەکایەی ئیسلامێکی ئاشتیخواز کە ئیمکانیەتی بەرەو توندڕەوبونی لە سفر نزیک بێت؟


ئایا دەکرێت ڕاگوزەریی بکرێت لە ئیسلامێکی داعشیەوە بۆ ئیسلامێکی هێمن و ئاشتیخواز؟
هەرچەندە ڕەنگە زەحمەت بێت لە ماوەیەکی کەمدا ڕاگوزەریەکی کاریگەر بکرێت، بەڵام خودی ڕاگوزەریی رێی تێدەچێت و موستەحیل نیە. زۆر گرنگە بۆ ڕاگواستن لە بناغە بنەڕەتیەکانی ئیسلامی توندڕەوەوە دەست پێبکەین، واتە دەبێت لە پێشدا بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەڕەتانەی کە ئەم ئیسلامە توندە بەرهەم دەهێنێت و پاشان هەوڵی گۆڕینی بدەین. بە مانایەکی تر، هەتا ئێمە نەزانین توندڕەوی ئیسلامی لە کوێوە دروست دەبێت، ناتوانین بگوازینەوە بۆ ئیسلامی هێمن. زۆر زەحمەتە بناغەی تێڕوانینێکی نوێ بۆ دین و خوا و مرۆڤ بێتەکایەوە، ئەگەر بە ووردی دیراسەی تێڕوانینە باوەکانمان نەکردبێت. ئەوەی لە تێروانینی باودا گرفتی گەورەیە ئەوەیە کە ئیمکانیەتی دروستکردنی داعشی تێدایە و مرۆڤدۆستی تێیدا زەق نیە، بەڵکو لە هەندێ حاڵەتدا مرۆڤ پێگەیەکی زۆر نزمی هەیە تێیدا. مرۆڤ و مرۆڤدۆستی نەبوونەتە بنەڕەتێک لە بنەڕەتەکانی ئەو تێروانینە باوە. دەبێت تێڕوانینی نوێ ئەم گرفتانە تێپەڕێنێت و مرۆڤدۆستی بکاتە سەنتەر و چەقی خۆی. کاتێک دەوترێت مرۆڤدۆستی، ئەوا داننان و مامەڵەی دروست لەگەڵ فرەیی دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی لەو تێروانینە. ئیتر مرۆڤەکان بە جیاوازی ڕەنگ و زمان و کەلتور و بیروڕایانەوە وەک یەک تەماشا دەکرێن. هەرکەسێک تاوانبار بێت دەبێت سزای خۆی وەرگرێت، جا لەهەر تیرە و زمان و دین و مەزهەبێک بێت. لێرەوە بەهای مرۆڤ بەرز دەبێتەوە و مرۆڤکوژی بێ بەها دەکرێت. ئەوە دەقانەی توندوتیژیان لەسەر بونیادنراوە دەکرێت ئاشتیخوازی و هێمنیشیان لەسەر بونیادبنرێت، واتە دەقەکان مادەیەکی خامن بەڵام تێگەیشتنەکانی ئێمە مانا دەدات پێیان.

یەکەم کارێکی گرنگ لێرەدا بکرێت (تەنها بواری باسکردنی ئەم کارەمان هەیە لەم نوسینە دوو بەشیەدا) بریتیە لە دوبارە پێناسەکردنەوەی چەند چەمکێکی بنەڕەتی لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا وەک: ئیسلام و ئیمان و وەلائوبەرا و حوکمی خوا و کوفر و بەندایەتی و چەند  چەمکێکی تر. ئەم چەمکانە کراونەتە بناغە بۆ دروستکردنی یەکڕەنگیەکی ئاینی. هەڵگرانی فیکرەی یەکڕەنگی ئاینی پێیانوایە کە فەرمانێکی خوایی جێبەجێ دەکەن، لە کاتێکدا وەک لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ئاماژەمان پێدا، دروستکردنی یەکڕەنگی دژە بە چەند ئایەتێکی قورئانی. لێرەدا دەتوانین بڵێن یەکڕەنگی ئاینی، بناغەی یەکەم و ئامانجی سەرەکی تێروانینی باو بۆ ئیسلام، نە فەرمانێکی خواییە و نە ئامانجێکی دروستیشە، بە مانەیەکی تر هەر لە بنەڕەتەوە وەها ئامانجێک هەڵەیە. جا ئەگەر بناغەی بینایەک بە هەڵە نەخشەی بۆ بکێشرێت، ئەوا ئەوەشی لەسەری بونیاد دەنرێت هەر هەڵە دەبێت. ئەوەی لەسەر هەڵە بونیادنرابێت هەر هەڵەیە. بەڵام دەکرێت بە پێناسەدانەوە بەو چەمکانەی سەرەوە جارێکی تر سیمایەکی مرۆڤدۆستانە بدەینەوە بە دین و وەک ئامڕازێکی کۆکردنەوەی مرۆڤایەتی لەسەر چەمکەکانی لێبوردەیی و و ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکەین. هەریەک لەو چەمکانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیداوە گرنگی خۆی هەیە لە ئیمکانیەتی potential ی بەرەو توندوتیژی بردنی ئایندا و بۆیەش پێویتسمان بە دوبارە پێناسەکردنەوەیان هەیە. من لێرەدا هەوڵ ئەدەم لە دووبارە پێناسەکردنەوەی یەکێک لەو چەمکانە کە "ئیسلام"ە بکۆڵمەوە و پاشان سەیر بکەین کە دوبارە پێناسەکردنەوەکە چ کاریگەریکی دەبێت لەسەر ئاشتی و فرەیی و پێکەوەژیان.
لە تێروانینی باودا، ئیسلام بریتیە لە شاهێدیدان بەوەی کە خوا تاک و تەنهایە و موحەمەدیش نێردراوی خوایە، نوێژکردن، زەکاتدان، ڕۆژوگرتن، و حەجکردن لە کاتێکدا توانات بەسەریدا بشکێت. ئەمانە بە پایەکانی ئیسلام و پێناسەکەی ناسراون. ئەم پێناسەیە بۆ ئیسلام لە فەرمودەوە وەرگیراوە (سەیری صەحیحی موسلیم و جامیعی تیرمیذی و سونەنی ئەبی داود بکە). ئەوانەی ڕیوایەتی ئەم فەرمودانەیان کردوە زۆرن، بەڵام لە هەندێکیاندا پایەی تری بۆ زیادکراوە و پایەی تری لێ کەمکراوەتەوە. لە صەحیحی ئیبن و خوزەیمەدا سێ پایەی تری بۆ زیادکراوە کە ئەوانیش عەمرە و خۆشۆردن لە لەشپیسی و دەستنوێژگرتنێکی تەواوە. کەچی لە موستەخرەجی ئەبی عوانەدا ئیسلام بریتیە لەوەی ملکەچ بکەیت بۆ خوا و نوێژ بکەیت و حەج ئەنجام بدەیت. لای ئەبو عوانە ئەمە کرۆکی ئیسلامە. بەڵام لێرەدا، با لەم جیاوازیە بگەڕێین لە دیاریکردنی پایەکانی ئیسلامدا لە فەرمودە و پشت ببەستین بە تێڕوانینی باو. گرفتی سەرەکی لەم تێڕوانینە باوەدا دوو شتە:

یەکەم: ئەم پێناسەیە بۆ ئیسلام جیاوازە لە ئەو پێناسەیەی قورئان بۆ ئیسلامی کردوە (دواتر لە چەمکی ئیسلام لە قورئاندا دەکۆڵینەوە).

دووەم: خودی تێڕوانینەکە ئاساییە، واتە ئاساییە کە ئەمانە پێنج پایەی ئیسلام یان پێناسەکەی بن. بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەو بەرەنجامانەیە کە دروست دەبن لە ئاکامی نەبونی ئەم پێنج پایەیە لە مرۆڤەکاندا. لە فەرمودەیەکدا کە لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتوە چارەنوسی ئەوانە دیاریکراوە کە وابەستە نابن بەم پێنج پایەیەی ئیسلامەوە. دەقی فەرمودەکە دەڵێت {أمرت أن أقاتل الناس حتى يشهدوا أن لا إله إلا الله ، وأن محمدا عبده ورسوله ، فإذا شهدوا أن لا إله إلا الله ، وأن محمدا رسول الله ، وصلوا صلاتنا ، واستقبلوا قبلتنا ، وأكلوا ذبيحتنا ، فقد حرمت علينا دماؤهم وأموالهم إلا بحقها} و ئیمامی ئەحمەدیش ئەم ڕیوایەتەی کردوە {إنما أمرت أن أقاتل الناس حتى يقيموا الصلاة ، ويؤتوا الزكاة ، ويشهدوا أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له ، وأن محمدا عبده ورسوله ، فإذا فعلوا ذلك ، فقد اعتصموا وعصموا دماءهم وأموالهم إلا بحقها ، وحسابهم على الله عز وجل}. کورتەی مانای ئەم فەرمودانە ئەوەیە، کە خوا فەرمانی بە پێغەمبەر کردوە کە بجەنگێ لەگەڵ خەڵک تا ئەو کاتەی شایەتومان دەهێنن و نوێژ دەکەن بەو شێوازەی ئێمە دەیکەین و زەکات دەدەن و ڕوودەکەنە قیبلەی ئێمە. هەرکات خەڵکی ئەمانەیان کرد ئەوجا خوێنیان حەرامە بە حەقی خۆی نەبێت. 'نەوەوی' لە شەرحی فەرمودەکەی ناو بوخاریدا بۆچونی وایە کە پێغەمبەری خوا بۆیە رۆژ و حەجی ئاماژە پێنەداوە چونکە ئەو کەسەی بەڕۆژو نابێت سزاکەی بەندکردن و برسیکردنە و حەجیش فەرزێکی لەسەرخۆیە و یەکسەر ئەنجام نادرێت. نەوەوی پێیوایە کە هەرکەسێک ئەو واجباتانە تەرک کات ئەوا جائیزە بکوژرێت و شەڕی دژ بکرێت وەک چۆن ڕێگر و چەتە و زەکات نەدەر و کەسێک ئاو نەدات بە تینویەک و پیاو و ئافرەتی هاوسەرداری زیناکەر و کەسێک جومعەکردنی واز لێهێنابێت و وازی لە دەستنوێژگرتن هێنابێت و کەسێک لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی هەیە بەڵام قەرزەکانی ناداتەوە شەڕیان لەگەل دەکرێت و دەکوژرێن (بگەڕێنەوە بۆ شەرحی ئەم حەدیسە لە ئەربەعینی نەوەویدا). لە (فتح الباري)دا، ئیبنوحەجەری عەسقەلانی بۆچونێکی تری هەیە لە شەرحی ئەم فەرمودەیەدا. ئیبنوحەجەر لەسەر زمانی ئینودەقیقی عید دەنوسێت کە جیاوازی هەیە لە نێوان (قتل و مقاتلة). واتە دەکرێت کەسێک ئەو مەرجانەی ناو فەرمودەکەی تێدابێت موقاتەلەی (شەڕی) لەگەڵ بکەیت بەڵام مەرج نیە قەتل (کوشتن)ی حەڵاڵ بێت. بەڵام ئەم بۆچونەش گرفتی زۆری تێدایە چونکە ئەگەر شەڕ لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە ئەو مەرجانەی فەرمودەکەی تێدانیە ئەوا ئیحتیمالی زۆری هەیە کەسەکە بکوژرێت یان لە شەڕەکەدا ئەو بەرامبەرەکانی بکوژێت. بۆیە هەرچەندە لە ڕووی زمانەوانیەوە جیاوازی هەیە لە نێوان موقاتەلە و قەتلدا، بەڵام لە ڕووی عەمەلیەوە، بەرەنجامەکانی هەردوکیان لە یەکتری نزیکن. پوختەی قسە لەم بارەیەوە ئەوەیە کە بەرەنجامی پەیوەست نەبون بەو پایانەی ئیسلامەوە کە لە تێڕوانینی باودا هەن، خاوەنەکەی توشی مەترسی لەناوچونی ژیانی دەکات. واتە لەم فەرمودەیدا هیچ کەسێک پارێزراو نابێت ئەگەر دینێکی یان بیروباوەڕێکی جیاوازی هەبێت.

پێناسەکردنەوەی چەمکی 'ئیسلام'

بەڵام ئەگەر جارێکی تر پێناسەی ئیسلام بکەینەوە بەو شێوەیەی کە لە قورئاندا هاتوە و مەبەست و مەغزاکانی شیکار بکەین، ئەوا دەکرێت بناغەی ئیسلامێکی ئاشتیخوازی لەسەر دابمەزرێنین. چەمکی ئیسلام لە قورئاندا جیاوازیەکی بنەڕەتی و بەرچاوی هەیە لەو پێناسە باوەی بۆ ئەم چەمکە کراوە و لە شەرحی فەرمودەکاندا ڕونکراوەتەوە. چەند ئایەتیك لە قورئاندا ئاماژە بە مانای ئیسلام و مسوڵمان دەکەن لە قورئاندا. من هەوڵ ئەدەم بەشێک لەو ئایەتانە لێرەدا شیکار بکەم و پاشان کاریگەریی ئەم دوبارە پێناسەکردنەوەیە لەسەر فرەڕەنگی و پێکەوەژیان ڕوون بکەمەوە.

چەمکی ئیسلام و ڕەگە زمانەوانیەکانی لە چەندین شوێنی قورئاندا هاتون. لە کۆی ئەو ئایەتانەی ئاماژە بەوچەمکە دەدەن، من لێکۆڵینەوە لە هەندێکیان دەکەم. بە وردبونەوە لەو ئایەتانەی باسی چەمکی ئیسلام دەکەن دەگەینە ئەو بەرەنجامانەی کە ئیسلام لەقورئاندا بریتیە لە:

1.     ملکەچکردن و ڕازیبون بەوەی کە خوایەکی تەنها و تاک بونی هەیە
2.     ملکەچبون و ڕازیبون بەوەی کە کۆمەڵێک کەس هەبون کە خوا پەیامی پێداناردون تا بەها ئینسانیەکان گرنگی پێبدەن و زیندویان بکەنەوە لە ناو کۆمەڵێک مرۆڤی تردا.

ئەم دوو مەرجە لە هەر گروپێک یان نەتەوەیەک یان تاکێکدا هەبوبێت، قورئان بە (مسلم) مسوڵمان ناوزەدی کردون. کەواتە ئەو گروپ و نەتەوانەی ئەمڕۆ وەک مسوڵمان ناویان دەرکردوە، ئەوانە تاکە گروپ و نەتەوەی مسوڵمان نین، بەڵکو درێژکراوەی چەندین گروپ و نەتەوەی مسوڵمانی پێش خۆیانن. هەرچەندە نوێژ و ڕۆژو و شەعائیرەکانی تری گروپ و نەتەوەکانی تر لە گروپ و نەتەوە مسوڵمانەکانی ئێستا ناچێت، بەڵام هەمویان هەر بە مسوڵمان ناوبراون لە قورئاندا. بۆ ئەوەی دروستی ئەم بۆجونەی خۆم بسەلمێنم ئەوا دەگەڕێمەوە بۆ قورئان و چەندین ئایەت وەک بەڵگە دەهێنمەوە. یەکەمین پێغەمبەر کە نوح (Noah) بوە، لە قورئاندا بە مسوڵمان ناوی هێنراوە (فَإِن تَوَلَّيْتُمْ فَمَا سَأَلْتُكُمْ مِّنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلاَّ عَلَى ٱللَّهِ وَأُمِرْتُ أَنْ أَكُونَ مِنَ ٱلْمُسْلِمِينَ/ یونس-٧٢)، واتە نوح بە گەلەکەی وت (ئەگەر پشتیش لە پەیامەکەم بکەن خۆ من داوای پارەم لێنەکردون، پاداشتی من لای خوایە و فەرمانپێکراوم کە مسوڵمان بم). ئیبراهیم (Abraham) یش هەر وەک مسوڵمان خۆی ناساندوە لە قورئاندا و دوعای کردوە کە نازناوی مسوڵمانی هەبێت (رَبَّنَا وَٱجْعَلْنَا مُسْلِمَيْنِ لَكَ وَمِن ذُرِّيَّتِنَآ أُمَّةً مُّسْلِمَةً لَّكَ وَأَرِنَا مَنَاسِكَنَا وَتُبْ عَلَيْنَآ إِنَّكَ أَنتَ ٱلتَّوَّابُ ٱلرَّحِيمُ/ البقرة-١٢٨)، واتە (خوایە بمانکەیتە کەسانێک ملکەچ و مسوڵمان بۆ تۆ و نەوەکانیشمان مسوڵمان بکەیت و شوێن و ڕێی خۆمان نیشان بدەیت و تەوبەمان لێوەرگریت، بە ڕاستی تۆ تەوبە وەردەگریت و بەبەزەییت). نەک هەر ئەم دوو پێغەمبەرە، بەڵکو زۆرێک لەو کەسایەتیانەی ناو قورئان بە هەمان مانا ئاماژەیان بە مانی مسوڵمان و ئیسلام داوە. لە ئایەتی ١٣٢ ی سورەتی البقرة دا هاتوە کە (وَوَصَّىٰ بِهَآ إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَابَنِيَّ إِنَّ ٱللَّهَ ٱصْطَفَىٰ لَكُمُ ٱلدِّينَ فَلاَ تَمُوتُنَّ إِلاَّ وَأَنْتُم مُّسْلِمُونَ)، واتە (بەم شێوەیە ئیبراهیم و یەعقوب وەسیەتیان بۆ نەوەکانیان کردوە کە خوا دینی بۆ پاڵفتەکردون، بۆیەش تەنها بە مسوڵمانی بمرن). تەنانەت فیرعەونیش پێش خنکانی هاواری دەکرد کە مسوڵمان بوە (حَتَّىٰ إِذَآ أَدْرَكَهُ ٱلْغَرَقُ قَالَ آمَنتُ أَنَّهُ لاۤ إِلِـٰهَ إِلاَّ ٱلَّذِي آمَنَتْ بِهِ بَنوۤاْ إِسْرَائِيلَ وَأَنَاْ مِنَ ٱلْمُسْلِمِينَ/ یونس-٩٠). پێغەمبەر یوسفیش گوێڕایەڵی وەسیەتەکەی باوکی کرد و داوای کرد خوا بە مسوڵمانی بیمرێنێت و بیگەیەنێت بە زنجیرەی پیاوەچاکەکانی پێشو (رَبِّ قَدْ آتَيْتَنِي مِنَ ٱلْمُلْكِ وَعَلَّمْتَنِي مِن تَأْوِيلِ ٱلأَحَادِيثِ فَاطِرَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلأَرْضِ أَنتَ وَلِيِّي فِي ٱلدُّنُيَا وَٱلآخِرَةِ تَوَفَّنِى مُسْلِماً وَأَلْحِقْنِي بِٱلصَّالِحِينَ/ یوسف-١٠١). بەلقیسیش کاتێک بەرفراوانی و بەهێزی دەسەلاتی سولەیمانی بۆ دەردەکەوێت دەڵێت کە پێشتریش مسولمان بون (فَلَمَّا جَآءَتْ قِيلَ أَهَكَذَا عَرْشُكِ قَالَتْ كَأَنَّهُ هُوَ وَأُوتِينَا ٱلْعِلْمَ مِن قَبْلِهَا وَكُنَّا مُسْلِمِينَ/ النمل-٤٢). دوا نمونەشم لەم بارەیەوە باسی عیسایە کاتێک هەست بە بێباوەڕیەک دەکات لە نێوان هاوەڵەکانیدا (فَلَمَّآ أَحَسَّ عِيسَىٰ مِنْهُمُ ٱلْكُفْرَ قَالَ مَنْ أَنصَارِيۤ إِلَى ٱللَّهِ قَالَ ٱلْحَوَارِيُّونَ نَحْنُ أَنْصَارُ ٱللَّهِ آمَنَّا بِٱللَّهِ وَٱشْهَدْ بِأَنَّا مُسْلِمُونَ/ ال عمران-٥٢) بەلام هاوڕێکانی وتیان کە شاهێد بە ئەوا ئێمە مسوڵمانین.

وەک وتمان هەمو ئەم ئایەتانە ئیسلامەتی بە دو مەرجەوە دەبەستن کە لە سەرەروە ئاماژەم پێداون کە بە کورتی بریتین لە ملکەچ بون بۆ بونی خوا و ڕەوانەکردنی پێغەمبەران لەلایەن ئەوەوە. بەڵام ڕەنگە هەندێک ئەو پرسیارە بکەن کە بۆچی لە قورئاندا چەمکی (مؤمن) ئیماندار بەکارهاتوە بەرامبەر بەوانەی باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد هەبوە؟ وە ئایا چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئەم دو چەمکەدا لە ڕوانگەی قورئانەوە؟ بەڵی ڕاستە چەمکی 'مؤمن' و ڕەگە زمانەوانیەکانی چەندین جار لە قورئاندا هاتوە. لە ڕاستیدا جیاوازی سەرەکی نێوان مؤمن و مسلم (ئیماندار و مسوڵمان) ئەوەیە کە ئیماندار مەرجێکی سێهەمی هەیە بەدەر لەو دو مەرجەی کە مسوڵمان هەیەتی ئەویش باوەڕهێنانە بەو پێغەمبەرانەش کە لە دوای یان لە پێش یان هاوکات لەگەڵ پێغەمبەری خۆیانەوە هاتون. واتە بە نیسبەت ئەوانەوە کە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد هێناوە، خۆیان ئیماندارن کەچی مەسیحیەکان مسوڵمانن بەڵام مەسیحیەکان ئیماندار نین چونکە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد نیە. بە نیسبەت مەسیحیەکانەوە خۆیان ئیماندارن بەڵام جولەکەیەک ئیماندار نیە و تەنها مسوڵمانە چونکە باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی عیسا نیە. کەواتە دەکرێت کەسێک مسوڵمان بێت بەڵام ئیماندار نەبێت بەوەی کە باوەڕی بە یەکێک لە پێغەمبەرەکان نیە (دەکرێت چەمکی ئیمان و موئمین لە قورئاندا بە جیا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت).

بەرەنجام
ئەم پێناسەکردنەوەیە بۆ چەمکی ئیسلام و مسوڵمان لە ڕوانگەی قورئانەوە کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر پێکەوژیان و فرەڕەنگی ئاینی و هەنگاوێک دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی یەکڕەنگی ئاینی. چۆن؟ کاتێک یەکێک لە ئێمە بڕوای وایە کە زاراوەی مسوڵمان تەنها تایبەت نیە بەخۆی و گروپ و نەتەوە و گەلەکەی، بەڵکو درێژ دەبێتەوە لە نوحەوە تا موحەمەد، ئەوکات تێڕوانینی بۆ گروپ و نەتەوە و گەلەکانی تر دەگۆڕێت. تێڕوانینەکەی ئەوە دەبێت کە مرۆڤایەتی و ئاینەکانی هەمویان سەرچاوەیان یەکە و لە دوو مەرجە سەرەکیەکەی مسوڵمان بوندا هاوبەشن. ئەم تێڕوانینە هاندەر دەبێت بۆ بینین و جەختکردنەوە سەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئاینەکان و بینینی یەکتر وەک زنجیرەیەکی یەکپارچەی مێژویی. ئەم تێڕوانینە یارمەتیدەریش دەبێت بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاینەکان چونکە پەیڕەوانی ئاینەکانی تر بە دوژمن نابینێت، بەڵکو وەک بەشێک لە پێکهاتەی دەرونی و کۆمەڵایەتی خۆی دەیانبینێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەر دەبێت لەسەر دەرونی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام و بەرەو مامەڵەکردنێکی برایانەیان دەبات لەگەڵ پەیڕەوانی ئاینەکانی تردا.

          

No comments:

Post a Comment