نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
پرسیارێکی گرنگ کە دەبێت حکومەتی هەرێم و
حیزبە کوردستانیە دیارەکان لە خۆیانی بکەن
ئەوەیە کە پلانیان چی دەبێت بۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقی دوای داعش تاوەکو زۆرترین سود
بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن. بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی و
تێڕامانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە دەست قەیرانێکی ئیداری و دارایی سەختەوە
گیری خواردوە و پەیوەندی حیزبە کوردستانیەکانیش لە ئەوپەڕی خراپیدایە (بە تایبەت
پارتی دیموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان). ئەم قەیرانە سەختە و خراپی پەیوەندیەکان
وایکردووە کە کەمتر هەرێمی کوردستان بیپەرژێتە سەر کۆبونەوە و پلاندانان بۆ
فراوانکردنی بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانی کورد لە دوای تەواوبونی شەڕی موسڵ و
دەرکردنی داعش لێی (کە ڕەنگە چەند مانگێکی تر بخایەنێت). نەبونی پلانی تۆکمە و
دیراسەکراو هەم بەزیانی گەورە بۆ کورد تەواو دەبێت و هەم گرنگیدانەنانە بۆ ئەو
هەموو قوربانیەی لەم پێناوەدا دراوە (هەر لە شەهید بونی هەزاران پێشمەرگە و زیانە
مادی و دەرونیەکانی بەر هاوڵاتیانی کوردستان کەوتوە). بێ پلانی و هەنگاونانی
کوێرانە بەرەو داهاتوو، حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردستانیەکان (لەم نوسینەدا لە
مەودوا هەرێمی کوردستان لەبریان بەکار دەهێنم) دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیەکی گەورەی
مێژویی و ئۆباڵی کارەساتەکانیان دەخاتە سەرشان. بۆیەش من لەم بابەتە کورتەدا
ئاماژە بۆ چەند گرفتێک دەکەم کە دێتە پێش هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکەم کە چۆن
دەکرێت هەر یەک لەم بابەتانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت لە دوای دەرکردنی داعش لە
موسڵ. من بە کورتی باس لە دوو پرسی گرنگ دەکەم کە ئەوانیش بەهەرێمکردنی موسڵ و
چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکانن.