Wednesday 10 August 2016

لە 'ئیسلام'ی داعشەوە بۆ 'ئیسلام'ی ئاشتی: بونیادنانی دونیابینیەکی مرۆڤدۆست (بەشی یەکەم)


نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا

کردەوەکانی داعش، هەر لە کوشتن و سوتاندنی نەیاران و جیاوازی نەکردن لە نێوان مناڵ و ئافرەت و بێ چەک و چەکدار و هەڕەشەی داگیرکردنی جیهان..هتد، جێی ناڕەزایی زۆرینەی مسوڵمانانە (بە جیاوازی بۆچون و مەزهەبیانەوە). کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاینداران و مولحیدەکانیش هەریەک بە شێوازی جیاوازی خۆیان دژایەتی ڕەفتارەکانی داعشیان کردووە بەنامرۆڤانە لە قەلەمیانداوە. ئەوەی ڕوونە لە ئەکادیمیادا ئەوەیە کە هەر ڕەفتارێکی مرۆڤ و یان گروپێک بەقوڵی وابەستەیە بەو تێڕوانین و دونیابینیەی هەیانە لە هەمبەر دەق و مرۆڤ و خوا..هتد. کەواتە لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەپرسین، ئایا ڕەفتارەکانی داعش هەڵقوڵاوی چ دونیابینیەکە؟ ئایا ڕەگەکانی هاوچەرخن یان کۆنن؟ ئایا چۆن دەکرێت دین ئەو کەمینە داعشیە دروست نەکات؟ ئایا دەکرێت تێڕوانینی و دونیابینیەکی وامان بۆ دین هەبێت کە ئیمکانیەتی بەرەو داعش چوون لە نێوان خەڵکی دینداردا بەرەو ئاستێکی زۆر نزم بەرێت؟

لە ڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین ووردە پرسیاری ترەوە، دەمانەوێت هەنگاوی سەرەتایی بنێین لە ڕێی دونیابینیەکی نوێدا کە توندوتیژی لە ئایندا وەدەرنێ و مرۆڤدۆستی شوێنی بگرێتەوە.
دونیابینی داعش

دونیابینی داعش لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەق وخوا و مرۆڤدا بونیادنراوە. لە ڕووی ئۆنتۆلۆجیەوە، داعش وا دەبنێت کە سەرچاوەیەک هەیە بۆ ئەوەی کۆی ژیانی مرۆڤ لە هەموو کات و شوێنێکدا ڕێکبخات (ئەویش قورئان سونەتن) بە گەڕانەوە بۆ بۆچونی سێ جیلی پێشینی یەکەم، وە ئەوەی کە گوزارەوە لەو ژیانی ئەو سێ نەوەیەدا ترۆپکی بەهاکانی ئیسلامەو ناکرێت کەم و زۆر لێی لابدرێت. لە ڕووی ئێپستمۆلۆجیەوە، داعش وای دەبینێت کە ڕاستی (حەق) لە بۆچون و دونیابینی ئەودایە و هەر گروپێک بەدەر لەم دونیابینیەی ئەو بێت بە گومڕایی لە حەقلادان دادەنرێت. لای داعش، بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە ڕیزی دواوەن بەبەراورد بە ئەولەویاتەکانی تریان وەک جێبەجێکردنی فەرمانی خوا و پەیوەستبون بە بۆچونی پێشین. لای ئەمان دەبێت جیاوازیە دینیەکان لە ناوببرێن و یەکڕەنگی دینی دامەزراو لەسەر دونیابینی ئەوان شوێنی بگرێتەوە، وە هەر دژایەتیەکی ئەم دونیابینیە دەرچوونە لە حەق و هەموو دەرچونێکیش لە حەق گومڕاییە و هەموو گومڕاییەکیش لە ئاگرادیە. لەم دونیابینیەی ئەواندا، ئاساییە دروستکردنی یەکڕەنگیی دینی لە ڕێی هێرشکردن و کوشتن و بڕینەوە بێت، لای ئەمان کوشتنی مرۆڤ لە پیناو یەکڕەنگی دینیدا شوێنکەوتنی ئەمری خوایە و جێگەی شانازیە و بکوژ بۆ بەهەشتە و کوژراویش بۆ دۆزەخ.

لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەی بناغەکانی ئەم دونیابینیەی داعش چیە و لەسەر چی بونیادیان ناوە؟ بناغەی سەرەکی ئەم دونیابینی و تێڕوانینیەی داعش بریتیە لەمامەڵەکردن لەگەڵ دەق (ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن قورئان و سونەت) لە دەرەوەی سیاقی دەق خۆیی و بەپارچەپارچەکراویی و بەبێ لێکدانەوەی ئامانجی بنەڕەتی هاتنی دین. ئەوان تێڕوانینیان وایە کە خوا دەقی ناردووە و دەبێت پەێڕەو بکرێت پێبەپێ و هەنگاو بە هەنگاو. پێشیانوایە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دەق یەکسانە بە دین خۆی. داعش بڕوای بە پارچەپارچەی دەقەکانە و بڕوای بەوە نیە ئامانجێک لە پشت هاتنی دین و دروستکردنی ئادەمیزادەوە هەبێت غەیری وابەستە بوون بە شەعائیرە دینیەکان بە تێگەیشتنی خۆیان. ئامانجی دین لای ئەوان ئەوەیە کە دەبێت پەیڕەو بکرێت و خوا بپەرسترێت و ئەمانەش دەبێت بسەپێنرێن. لە سەپاندنی دەقدا گونجان و کەلتور و ئاستی ڕۆشنبیری بەرامبەر گرنگ نیە چونکە دین بۆ هەموانە و ئەحکامەکانی بەسەر هەمواندا دەبێت بسەپێنرێت و لەمەشدا نابێت چاوپۆشی لەکەس بکرێت. ئەوان دەڵێن ئەوان ڕزگار بون و ئەوانی تریش هەموی گومڕا، گومڕاش دەبێت بکوژرێت ئەگەر نەیاتە ڕیزی یەکڕەنگیەکەی ئەوان. لای داعش پەیامی دین بەم شێوەیە:

خواپەیامسەپاندنی پەیام
خوا= دروستکەری مرۆڤە و دەزانێت چ پەیامێک بۆ مرۆڤ باشە
پەیام= تێگەیشتنی ئەوان بۆ پەیام

سەپاندن=بەکارهێنانی توندوتیژی و زۆرکردنە 

ئەو دەقانەی داعش پشتی پێ دەبەستێت بۆ بونیادنانی دونیابینیەکەی خۆی قورئان و فەرمودەیە بە تێگەیشتنە ڕوکەش و سادەکەی خۆیان. لای داعش بەهای فەرمودە لە قورئان کەمتر نیە بۆ ئەوەی دونیابینی خۆتی لەسەر بونیاد بنێیت چونکە ئەویش ڕوونکەرەوەی قورئانە. ئەوان وای دەبینن قورئان ناڕوونە و پێویستی بە فەرمودەیە تا بیناسێنێت. ئەم دوو سەرچاوەیە لای ئەوان زەمان و مەکان کاریگەریی بۆ سەر ماناکانیان نیە. باشترین تێگەیشتنیش بۆ ئەم دوو سەرچاوەیە سێ نەوەی یەکەمی ئیسلامە و ناکرێت قسە لە ئاستی قسە و تەئویلەکانی ئەواندا بۆ دەق بکرێت. لای ئەوان، ئیسلام لە ڕێی جێبەجێکردنی ئەحکامەوە عیزەت و گەورەیی خۆی دەردەخات. ئەحکام دەبێت بسەپێنرێت، دز دەستی دەبڕێت و ئافرەتی زیناکار و پیاوی زیناکار ڕەجم دەکرێن و عەرەقخۆر جەلدەی لێدەرێت و نوێژنەکەر دوای ٣ جار ئاگادارکردنەوە دەکوژرێت و...هتد. ئامانجی دین و مەبەستی سەرەکی بریتیە لە دابەزاندان و جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە بەبێ دوودڵی. ڕەنگە خوێنەر لێرەدا ئەو پرسیارەی بە مێشکدا بێت کە ئایا ئەو بنەمایانەی بونەتە سەرچاوەی تێڕوانینی داعش هەمان بنەماکانی تێڕوانینی مسولمانانی تر نین؟ بە مانایەکی تر، خۆ مسوڵمانانیش بەگشتی، ئەهلی سونە بەتایبەتی، پشت دەبەستن بە قورئان و سونە و جێبەجێکردنی ئەحکامی دینی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و لای ئەوانیش ئەو سێ نەوەیەیی یەکەم باشترین ڕەنگدانەوەی ئیسلام بوون؟ ئایا هەر مسوڵمانان نەبوون کە بەرامبەر بەیەک هەمان ڕەفتارەکانی داعشی ئێستایان بەکارهێناوە؟





ئێمە لێرەدا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە سەرچاوەی ڕەفتارەکانی داعش ڕەگی لە مێژووی ئیسلامی و ئەدەبیاتی نوسراوی مسوڵماناندا هەیە. ئەم جۆرە لە تێڕوانینن بۆ دەق و خودا و مرۆڤ ئیمکانیەتی potential ی ئەوەی تێدایە کە توندڕەوی هاوشێوەی داعش بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئیمکانیەتی ئەوەشی تێدایە کە نمونەیەکی تا ڕادەیەک میانڕەو بەرهەم بهێنێت ئەگەر یەک پێکهێنەری فیکرە داعشیەکە لابەرین کە ئەویش، "سەپاندن" ە. ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە سەڕەرای بونی هەمان بناغەی تێڕوانین بۆ دەق و خودا و مرۆڤ، کەچی داعش کەمینەیەکی کەمە و مسولمانی بێباوەڕ بە توندوتیژیەکانی داعش زۆرینەن. هەندێک دەق لە قورئان و فەرمودەدا هەن کە داعشیەکان کردویانەتە سەرچاوەی تێڕوانینیە توندەکانی خۆیان، و هەندێک دەقی تری قورئان و فەرمودەش هەن کە بونەتە سەرچاوەی میانڕەوی زۆرینە. واتە لێرەدا مەسەلەک بریتیە لە جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک ئایەت و فەرمودە زەقکردنەوەیان یان کاڵکردنەوەیان. ئەوەی شیاوی ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەوانەی هەڵدەستن بە زەقکردنەوەی ئەو دەقانەی هانی توندوتیژی دەدەن زیاتر ئەو تاک و گروپە سیاسیانەن کە ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەلات. ئەوانەی دەقی هاندەر بۆ توندوتیژی زەقدەکەنەوە زیاتر سیاسیەکانن. دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە هێڵکاریەکی سادە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە بکێشین:

هێڵکاریەکە ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە ئەم جۆرە تێڕوانینە باوەی  دەق ئیمکانیەتی ئەوەی تێدایە کە گروپ و تاکە وابەستەکان بەرەو هەر ئاڕاستەیەک ببات. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئایا سیاسیەکان دەیانەوێت کام ئاڕستە هەلبژێرن. بۆ نمونە، بزوتنەوەی ئیسلامی ئێستا و بزوتنەوەی ئیسلامی ساڵی نەوەدەکان جیاوازیان زۆرە لەم ڕووەوە. لە کاتێکدا پێشتر بزوتنەوە زۆر توندوتیژ بوو لە مامەڵەی لەگەڵ ئەو حیزبانەی ناویان نابوون عەلمانی، ئێستا هەمان بزوتنەوە دۆستی هەمان ئەو حیزبانەیە کە سەردەمانێک بۆ خوێنی یەک تینو بوون.
ئەم تێروانینە چەند گرفێکی سەرەکی هەیە:

1.    لەگەڵ ئەوەدا کە دەکرێت ئەم گروپ و کەسانە بەرەو ئاشتیخوازی هەنگاو بنێن، بەڵام ترسێکی جدی لە ئارادایە کە ئەم هەنگاوەیان کاتی بێت و لە حاڵەتی لاوازیاندا بێت. هەندێک لە بزاڤە ئیسلامیەکان وای دەبیننن کە لە قۆناغی لاوازیدا دەکرێت موجامەلەی سیاسی لایەنەکانی بەرامبەر بکرێت، بەڵام لە حاڵەتی تەمکیندا (دەسەڵاتداریدا) دەبێت مامەڵەت لەگەڵیاندا بگۆڕیت و تێڕوانینی خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت.

2.    گرفتێکی تر ئەوەیە کە من ناوم ناوە گرفتی 'ئیمکانیەت-Potential'. مەترسی ئەم تێڕوانینە لەوەدایە کە ئیمکانیەتی چوون بەرەو توندڕەویی تێدایە. واتە بە دووری مەبینە کەسێک یان گروپێک لە پیناو جێبەجێکردنی حوکمێکدا دەست بداتە کاری توندوتیژی.

3.    گرفتێکی تری سەرەکی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە پێیوایە کە دروستکردنی یەکڕەنگی دینی داواکاریەکی خوداییە، بۆیەش هەڵگرانی ئەم تێروانینە لە توندڕەوان و میانڕەوانیش هەر لە هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجە بەڵام هەریەک بە ئیمکانیات و ئامڕازەکانی بەردەستی.

لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بۆچی و چ توخمێک لەم تێڕوانینەدا زۆر مەترسیدارە؟ ئەوەی کە بەشێکی زۆری هەڵگرانی ئەم تێڕوانینە کۆدەکاتەوە بە هەردوو ئاڕاستەکەیەوە ئەوەیە کە دەیانەوێت یەکڕەنگی دروست بکەن و فرەڕەنگی ئاینی نەهێڵن. مەترسیەکە ئەوەیە کە باوەڕنەبوون بە فرەڕەنگی مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی و قڕکردنی جیاوازیەکان هەیە. ئەوانەی لە مێژوودا هەوڵی قڕکردنی ئەوانی تریان داوە گرفتی سەرەکیان ئەوەبوە کە لە بنەڕەتدا پێیانوابووە کە ئەوان لەوانی تر باڵاترن و بۆیەش یان دەبێت ئەوانی تریش بێنە ئاستی باڵای ئەوان یان دەبێت بەقڕکردن وەڵامیان بدرێتەوە. بوونی وەها تێڕوانینێک دەیکاتە ئەرک بەسەر هەمووانەوە کە وێڵی دوای تێروانینێک بن کە باوەڕی بەفرەیی و فڕرەنگی هەبێت، تێروانینێک کە مرۆڤدۆستی بکاتە بنەڕەتی کارکردنی نەک یەکڕەنگی و یەکباوەڕیی. تەنها بە هەوڵدان بۆ بونیادنانی ئەم تێروانینە نوێیە دەتوانین پەیامی پشت ئاین تێبگەین و مرڤدۆستی بکەینە مۆرکی زاڵی ناو ئەم تێروانینە نوێیە.

گرفتی سەرەکی ئەم تێڕوانینە باوە ئەوەیە کە دژە لەگەڵ پەیامە گشتیەکانی قورئاندا. تەنها یەک نمونە دەهێنمەوە. قورئان کاتێک باسی فرەڕەنگی دەکات، دەیکاتە حەتمەیەتێکی ژیان (وَلَوْ شَآءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ ٱلنَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلاَ يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ/ هود ١١٨). واتە ئەگەر خوا ویستی لەسەر بوایە خەڵکی هەمووی دەکردە یەک نەتەوە، بەڵام ئەوەتا تا ئێستاش هەر جیاوازن. لە ئایەتێکی تردا هاتووە (وَلَوْ شَآءَ ٱللَّهُ لَجَعَلَهُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَـٰكِن يُدْخِلُ مَن يَشَآءُ فِي رَحْمَتِهِ وَٱلظَّالِمُونَ مَا لَهُمْ مِّن وَلِيٍّ وَلاَ نَصِيرٍ/ الشوری-٨). واتە، ئەگەر خوا ویستی لێبوایە ئەوا دەیکردنە یەک نەتەوە، بەڵام کێی ویست لێبێت دەیخاتە سایەی ڕەحمەتی خۆیی و ستەمکارانیش سەرپەرشتیار و پشتگیریان نیە). لە چەندین ئایەتی تریشدا جەخت لەسەر حەتمیەتی فرەڕەنگی کراوەتەوە، بۆ نمونە ئایەتی ٩٣ی سورەتی النحل و سورەتی الزخرف ئایەتەکانی ٣٣ و ٦٠. بۆیەش هەر باوەڕ و تێڕوانینێک بناغەی خۆی لەسەر بڕوا هێنان بە فرەڕەنگی ئاینی دانەمەزراندبێت دژە بە بنەماکانی قورئان.

گرفتێکی تری گەورەی ئەم تێڕوانینە باوە ئەوەیە کە زۆر بەکەمی ئەو چەمکانەی تێدا چەسپێنراوە کە دەبنە هۆی خۆشگوزەارنی مرۆڤایەتی، وە هێندەی دروشم و شەعائیرە دینیەکان زەقکراونەتەوە هێندەی ئەوە چەمکە ئینسانیەکان ونکراوە. بۆ نمونە کاتێک بە مسوڵمانێکی خاوەن تێڕوانینی باو دەڵێی پایەکانی ئیسلام کامانەن ڕاستەوخۆ دروشمە باوەکانت پێ دەڵێت (نوێژ و ڕۆژ و حەج و زەکات)، لە کاتێکدا ئەمانە تەنها ئامڕازێک بوون بۆ بەهێزکردنی باوەڕی مسوڵمانان بە چەند چەمکێکی تری ئینسانی و ئەمەش بەڕونی لە قورئاندا بەدەر دەکەوێت. بۆ نمونە نوێژ بەپێی دەقی قورئانی وەسیلەیەکە بۆ خۆدورخستنەوە لە کارێک کە کۆمەڵگا بە شیاوی نازانێت و لێی رازی نیە و هاندەرێکیشە بۆ چاکەکردن لەگەڵ خەڵکانی تردا. واتە نوێژ وەسیلەیەکە تا پێت بڵێت کە تۆ پێویستە لەگەڵ خەلکانی تردا باش و بەڕەوشت بیت چونکە تۆش و ئەوانیش بەندەن و کڕنوش بۆ هەمان خوا دەبەن و کەستان لە کەستان گەورەتر نیە، مەگەر بەوەی زیاتر لەگەڵ خەڵکیدا باش بن. واتە کاتێک نوێژ وەک وەسیلەیەک ناتوانێت بەم کارەی خۆی هەستێت ئیتر دەبێتە کۆمەڵە جوڵەیەکی وەرزشی و خویەکی ڕۆژانە. لەگەڵ ئەمەشدا چەندین چەمک، کە بەدیهێنانیان ئامانجی سەرەکی هەموو دینەکانە، ونکراوە و گرنگیەکی زۆر کەمی پێدراوە لە فیقه و ئەدەبیاتی ئیسلامیدا. لەگەڵ ئەوەی قورئان، بۆ نمونە، وەدیهێنانی داپەرەوەریی بە فەرمانێکی ئیلاهی دادەنێت کەچی هێندەی قسە و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکانی دەستنوێژ شکاندن کراوە، نیو هێندە چەمکی دادپەرەوەریی لێکۆڵینەوەی لێنەکراوە لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا.

گرنگە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە بۆچی ئەو چەمکە ئینسانیانەی کە لە قورئاندا هەبوون و پێغەمبەرانیش هەوڵیان بۆ چەسپاندنیدا ونکران و کاریان لەسەر نەکرا، وە لە جێی ئەوان هەندێ وەسیلە و چەمکی تر زەقکرانەوە؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لێکۆڵینەوەی زیاتری بوێت، بەڵام بە کورتی من دوو خاڵ بە بنەڕەتی دەبینم:

1.    دەسەڵاتی سیاسی بە کۆمەڵیک ئەزمەی قوڵدا تێپەڕی لە دوای مردنی پێغەمبەر، هەر لە شەڕی ناوخۆ و کوشتار و جیاوازی لەبابەتی خەلافەت و هتد. بەڵام کاریگەرترین قەیرانی دەسەڵاتی دوای پێغەمبەر بریتی بوو لە دەستگرتنی ئەمەویەکان بەسەر دەسەڵاتدا. لێرەوە دەسەڵات چووە دەستی بنەماڵەیەک. سیاسیەکانی بنەماڵەی ئەمەوی زیرەکبون لەوەدا کە خەڵکیان سەرقاڵی کۆمەڵێک بابەتی عەقیدەیی و فیقهی کرد لە پێناو درێژەدان بە حوکمی خۆیان. هەر گرنگیدانێک بە چەمکەکانی دادپەروەری و مرۆڤدۆستی لە زیانی ئەمەویەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکانی دوای ئەوانیش تەواو دەبوو، بۆیەش بەردەوام جەخت لەسەر دروشمە پەرستشیەکان دەکرا و چەمکە بنەڕەتیەکانی دین فەرامۆش دەکران.

2.    کەلتوری عەرەبی حیجاز و جەزیرەی عەرەبی لە دوای وەفاتی پێغەمبەر هێندەی لەباردا نەبوو گەشە بە چەمکە بنەڕەتیەکانی وەک داپەرەوری و یەکسانی مرۆڤەکان بدات چوانکە پەرەپێدانی ئەم جۆرە چەمکانە کەسانی ئینتلێکچواڵ و ژینگەیەکی هاوکاری دەوێت. خۆ ئەگەر تاک و تەرا کەسانێک سەری هەڵدابێت کە باسیان لەم چەمکانە کردبێت ئەوا هەندێک جار بێزراو بوون لەناو خەڵکیدا و فیکرەکانیان بە نامۆ و قێزەون لە قەڵەم دراون.

لە بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا باسی یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی ئەو تێڕوانینە نوێیە دەکەم کە دەبێت شوێنی تێڕوانینە باوەکە بگرێتەوە، کە ئەویش دوبارە پێناسەکردنەوەی چەمکەکانە. من تەنها یەکێک لەو چەمکانە پێناسە دەکەمەوە کە ئەویش چەمکی 'ئیسلام'ە.

No comments:

Post a Comment