لاپەڕەی سەرەکی

Saturday, 12 August 2017

پاش ڕیفراندۆم: مەترسی و بەربەستەکان

لە ئێستادا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە ٢٥/٩/٢٠١٧ یەکێکە لە گەرمترین باسوخواسەکان و هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەڵام ئەوەی کە کەمترین باسی لێدەکرێت ئەوەیە کە ئەی هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم چین؟ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت. دەبێت حیزبە سیاسیەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، توانیبێتیان هەموو ئەو ئیحتیمال و ئەگەرانەیان لێکدابێتەوە کە دەکرێت لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دروست ببن. ئەم دوو حیزبە لە هەرێمی کوردستان هەم خاوەنی بیرۆکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن لەم کات و ساتە دیاریکراوەدا و هەم خاوەنی هێزی پێشمەرگە و سامان و داهاتی هەرێمی کوردستانن، بۆیەش بەرپرسیارێتی مێژویی و ئەخلاقی بەرەنجامەکانی هەنگاوێکی گەورەی وەک ڕیفراندۆم زیاتر لە ئەستۆی ئەوانە. ئەم دوو لایەنە سیاسیە دەبێت گوێ لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا بگرن و ڕاوێژیان پێبکەن (جا ئەمانە کەسانی بیانیی بن یان کورد گرنگ نیە). من لەم نوسینەدا، هەوڵ ئەدەم بەشێک لەو ئەگەرانە بخەمەڕوو کە دەکرێت لە ئەنجامی وەڵامی ئەم پرسیارەوە دروست ببن. 

بە پێی ئەو چاوپێکەوتنەی کە مەسعود بارزانی لەگەڵ گۆڤاری فۆریەن پۆلیسی (Foreign Policy) (١) ئەنجامیداوە، ئەو ڕیفراندۆمەی کە بڕیارە ئەنجامبدرێت بۆ سەربەخۆبونی کوردستانە، واتە لە فۆرمی دەنگداندا یەک پرسیار دەکرێت کە ئەویش ئەوەیە کە 'ئایا لەگەڵ سەربەخۆبونی هەرێمی کوردستاندایت' و دەنگدەریش دوو بژارەی هەیە کە ئەوانیش بەڵێ و نەخێرن. لێرەدا دەمەوێت باز بدەم بەسەر ئەو ئەگەرەی کە رەنگە نەتوانرێت ڕیفراندۆم لە بەرواری دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدریت بەهۆی ئەو خیلافە سیاسیانەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا هەن یان بە هەر هۆکارێکی تری ناوخۆیی و هەرێمیی یان نێودەولەتی. دەمەوێت سێ گریمانە بکەم پێش وەلامدانەوە و باسکردن لەو پرسیارەی سەرەوە. گریمانەی یەکەم ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەرچۆنێک بێت و هەر شتێک بێتە ڕێیان، گوێنادەنێ و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن. دووەم گریمانە ئەوەیە کە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گریمانەی سێهەمیش ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی هەرێمی کوردستان (لە ٪٧٥ بەرەو سەرەوە) دەنگ بە بەڵی دەدەن بۆ سەربەخۆبونی هەرێمی کوردستان. دوای ئەم سێ گریمانەیە پرسیار دەکەم کە هەنگاوەکانی دوای ئەم ڕیفراندۆمە چین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت ئەو کاردانەوە و واقیعە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیانە بخوێنینەوە کە ڕیفراندۆم دروستیکردون. لە ڕووی ناوخۆییەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گرفتە سیاسی و ئابوریەکانی کوردستان هێندە گەورەن کە زەحمەتە بەبێ چارەسەرکردنیان، بتوانین بڵێین کە زەمینە ساز و لەبارە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. لە ئێستادا، جەمسەرگیریی (Polarisation) نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکرات گەیشتۆتە ئاستێکی وا لە بێمتمانەیی سیاسی کە زەحمەتە بتوانرێت لە ماوەی ئەم ٣ مانگەی پێش ڕیفراندۆمدا چارەسەر بکرێن. ئەم بارگرژی و بێمتمانەییە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش لەسەر پرسی سەربەخۆیی. لە ڕاستیدا ناکرێت، هێزێکی سیاسی وەک بزوتنەوەی گۆڕان بکرێتە دەرەوەی ئەو واقیعە سیاسیەی کە بۆ سەربەخۆبونی هەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆمەوە دێتە پیش. بەشێک لەم جەمسەرگیریە لە بەرەنجامی سیاسەتی پیرۆزکردنی سیاسیەکانەوە هاتۆتە کایە، چەندێک ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر مانەوەی دکتۆر یوسف سادق وەک سەرۆکی پەرلەمان، هێندە زیاتر پارتی دیموکرات سورە لەسەر مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لە دەرەوەی وادەی یاسایی خۆی. ئەم دوو لایەنە سیاسیە کاریگەرەی کوردستان ئەجێندای سیاسیشیان تەواو دژ بەیەکە و هەمیشە دەیانەوێت لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە پەرلەمانی لێوە پەککەوت. لە ئێستادا، لایەنگرانی ئەم دوو لایەنە هێندە ئایدۆلۆجیستانە گەشەیانکردووە کە لە هەر تەنگژەیەکدا یەکسەر پەلاماری یەکدەدەن و یەکتر بە خائین و دژ بە میللەت تۆمەتبار دەکەن. بەبێ دەستهەڵگرتن لە بەپیرۆزکردنی سیاسیەکان و یەکنەخستنی ئەجێندای سیاسی ئەم دوو لایەنە، زەحمەتە هەوڵەکانی دوای ڕیفراندۆم بتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.
لە لایەکی ترەوە، باری ئابوریی هەرێمی کوردستان هێندە داڕماوە کە خەڵکی توشی بێئومێدیەکی گەورە کردووە. سەرانی ئەم پارتە سیاسیە خاوەن سامان و داهاتە زۆرانە، زەحمەتە ئاگایان لەوە بێت کە مەینەتیەکانی خەڵک گەیشتۆتە بینەقاقا و ئیتر لەوە زیاتر تەحەمول ناکرێت. لە ئێستادا، هەر موچەخۆرێک ئەگەر ڕۆژانە دوو کاری نەبێت زەحمەتە بتوانێت کرێی خانوەکەی و ژیانێکی بەکەرامەت بۆ خۆیی و خێزانەکەی دابین بکات. لە هەموو ئەمانەش مەترسیدارتر ئەو وەڵامەی بارزانیە بۆ پرسیارێکی فۆریەن پۆلیسی دەربارەی مەترسیەکانی ڕیفراندۆم لە دوای ئەنجامدانی. بارزانی دەڵێت کە مردن لە برسا (لە پێناو دەوڵەتدا) باشترە لەوەی لە ژێر سایەی داگیرکاری و چەوساندنەوەی ئەوانی تردا بین. گرفتی سەرەکیش ئەوەیە کە حکومەت لە ئێستادا لە توانایدا هەیە کە باری ئابوری بەرەو باشتر ببات و ڕێژەی پاشەکەوتی موچە، لانی کەم لەسەر پلە نزم و مامناوەندەکان، زۆر کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە نانێت. بەدەر لە زیادبونی نرخی نەوت و زیادکردنی باج لەسەر خەڵک و زیادبونی داهاتەکانی تر، حکومەت، دور و نزیک، باس لە دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە و بەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەبەرهێنیەکان ناکات. ئەمە گومانی خەڵکی بەرامبەر حکومەت و حیزبە دەسەلاتدارەکان زیاد کردوە و بەبێ ڕەواندنەوەی ئەم گومانانەش زەحمەتە زەمینەی لەبار بۆ ڕیفراندۆم لە ئارادا بێت. بۆ خەڵکی ئاسایی و ڕەشوڕووت، نان لە پێش دەوڵەتەوەیە، ئەو چی بکات لە ڕیفراندۆم و دەوڵەت لە کاتێکدا سکی برسیە و قوتی مناڵەکانی پێدابین ناکرێت و ناتوانێت کرێی خانوەکەی بدات. کەواتە، بەبێ کەمکردنەوەی بێمتمانەیی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەبێ باشترکردنی باردۆخی داڕماوی دارایی و کەمکردنەوە یان لابردنی پاشەکەوتی سەر مووچە زۆر زەحمەتە هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم مەبەستەکانی خۆیان بپێکن.
لە ڕووی ناوخۆییەوە، لەسەر ئاستی کاردانەوەکانی ئێستای دەوڵەتی عێراقیش، بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا نیە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆمیش دەبێت. لە ئێستادا هەردوو سەرکردەی حیزبی دەعوە (حیدر العبادي سەرۆک وەزیران و نوري المالکي سەرۆک وەزیرانی پێشوو) ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە کارێکی نەگونجاو دەزانن و (عمار الحکیم) سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی هەمان کاردانەوەی هەبوو و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بە نەرێنی داناوە و دەلێت کە پێشتر باسی سەربەخۆییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نەکردووە. بەشێکی تریش لە سەرکردەکانی عێراق هەمان بیروبۆچونیان هەیە دەربارەی ڕیفراندۆم (٢).
لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش کاردانەوەکان بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان زۆر لەبار نین. دەوڵەتی تورکیا، هەر زوو ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە و بە کارێکی نابەرپرسیارانەی لەقەڵەمدا (٣). هەردوو سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختیان لەسەر ئەم هەڵوێستە کردۆتەوە، پێنجشەمەی ڕابردوش موراد چاوش ئوغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند کە بەم زوانە میوانداریی بارزانی دەکەن بۆ تورکیا بۆ باسوخواس لە ڕیفراندۆم گەیاندنی هەڵوێستی نەرێنی تورکیا لەم بارەیەوە (٤). ئێرانیش هەلوێستی نەرێنی خۆی دەربارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا ڕاگەیاندوە و دژی هەر هەنگاوێکە بۆ لەتلەتبونی عێراق (٥). بەپێی هەواڵێکی 'ڕووداو نێت' یش قاسم سولەیمانی لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیدا، دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووبارە کردۆتەوە (٦) و دەڵێت بۆ هەر هەوڵێک لە دژی یەکپارچەیی عێراق بەربەست دروست دەکەین.
کاردانەوە نێودەوڵەتیەکانیش زۆر کەمیان ئەرێنین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر زوو هەلوێستی خۆی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنیی یەکپارچەیی خاکی عێراق و داواشی لە سەرکردەکانی هەرێم و عێراق کرد کە بکەونە گفتوگۆی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەلێت کە ئەوان لە مافە شەرعیەکانی کورد تێدەگەن بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم کاتەدا لە ئامانجە سەرەکیەکان دوورمان دەخاتەوە کە تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی تیرۆرە لە ناوچەکەدا (٧). هەلوێستی ئەڵمانیا و ڕوسیاش زۆر لە هەڵوێستەکەی ئەمریکا دوور نیە. هەموو ئەمانەی ئاماژەمان پێدا لە هەڵوێستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەڵگەی ئەوەن کە لە ئێستادا زەمینە لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەمەش هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم قورستر دەکەن. بەڵام دەکرێت لێرەدا بپرسین ئەی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە تایبەت پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی) چ چارەسەرێکیان پێیە بۆ ئەم دۆخە سیاسیەی کە زەمینەی سازدانی ڕیفراندۆم و هەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆمیشی ئاڵۆز کردووە؟
ئەوەی تا ئێستا ڕاگەیەندراوە لە کۆبونەوەکەی بارزانی و حیزبەکان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم، تەنها ئەوەیە کە چەند لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی لە پێش و لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەردانی لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەولەتیەکان بکەن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ڕەهەندەکانی. من پێموایە کە ئەگەر ئەمە تاکە چارەسەری پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دوای ڕیفراندۆم، ئەوە نیشانەی لاوازیی دبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات لە ماوەی پێشودا. هەرچەندێک پێشتر چەند جار لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕادەگەیەندرا کە دەربارەی سەربەخۆیی قسەیان لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا کردووە و ئەوەیان دەوت کە هەڵوێستی ئەو لایەنانە نە ئیجابیە و نەسلبی، بەڵام کاردانەوەکانی ئەم هێزانە بەرامبەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەوە دەردەخات کە ئەوەی بۆ جەماوەر خراوەتە ڕوو نادروست بووە. لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم بە نیاز بن تەنها لە ڕێی دروستکردنی کۆمیتەیەکی گفتوگۆوە قەناعەت بە لایەنی عێراقی و لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی بکەن کە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانیان بەلاوە ئاسایی بێت، ئەوا لە جۆرێک لە خەیاڵدا دەژین. گفتوگۆکانی دوای ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی هێندە ئالۆز دەبن کە لە بابەتێکی هەستیار و گەورەی وەک یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتی جیاکردنەوەی سنور و تەنانەت ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان بۆ باشور و دەیان بابەتی تری هەستیارەوە دەیگرێتەوە تاوەکو بابەتی دابەشکردنی فەرمانبەران و کارەبا و پاسپۆرت و دراو دەیان بابەتی تر. ئەمە ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا حکومەتی عێراقی ئامادەی گفتوگۆکردن بێت دەربارەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و لەتلەتکردنی خاکی عێراق. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی زەحمەتە حکومەتی عێراقی بە ئاسانی ملبدات بۆ گفتوگۆ دەربارەی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؟
بارزانی لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندوە کە یەکەم لایەن کە دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵی لە دوای ڕیفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی دەبێت. لە ڕاستیدا، منیش پێموایە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد و ڕێکەوتن لە گەڵیان بۆ سەربەخۆیی هەرێم سەلامەتترین ڕێگایە، بەڵام درێژتری و سەختترینیشە. بۆچی سەلامەتترین و سەختترینە؟
گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ حکومەتی بەغداد سەلامەتترین ڕێگەیە چونکە ئەگەر عێراق بگەیەنرێتە ئەو قەناعەتەی کە دان بە سەربەخۆیی هەرێم و لەتبونی عێراقدا بنێت، ئەوا لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان ناچار دەبن دان بە سەربەخۆیی و سیادەی هەرێمدا بنێن. ئەگەر هەر دەوڵەتێکی هەرێمی یان نێودەوڵەتیش دان بەسەربەخۆیی هەرێمدا نەنێت، ئەوا هیچ گرفتێکی بەرچاوی ئابوری و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست نابێت. ئەو کات دەوڵەتی کوردستان دەتوانێت سەرچاوە سروشتیەکانی لە ڕێگەی عێراقەوە ڕەوانەی بازاڕەکان بکات بە ڕێکەوتنی هاوبەش لەگەڵ بەغداد. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی کە حکومەتی عێراق دان بەسەربەخۆیی هەرێمدا بنێت زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکە نەک واقیع، لانی کەم بۆ چەند ساڵێکی داهاتوو (ڕەنگە دەیەیەک گفتوگۆکان درێژە بکێشن). ئەوەی لە واقیعەوە نزیکە ئەوەیە کە ئێجگار سەخت و دژوارە حکومەتی عێراق دان بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا بنێت. ئەوەی وا دەکات من ئەم تێڕوانینەم هەبێت چەندین هۆکارن، کە من ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم، بە کورتی.
یەکەم، حیزبە نەتەوەپەرست و  ئاینیەکانی سونە و شیعە ڕێگە بە خۆیان نادەن گفتوگۆی جدی لەسەر سەربەخۆیی هەرێم بکەن، چونکە لای ئەوان ئەمە لەتبونی عێراقە. هەموو داننانێک بە لەتبونی عێراقدا، دەبێتە هۆی شکستی ئەو لایەنە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا و چەندێک لایەنە سیاسیەکان خۆیان وەک نەتەوەپەرستێکی عەرەب دەربخەن ئەوا زیاتر دەنگ دەهێنن. هەرچەندێک ئەگەر بە بیرکاریانە لێکبدرێتەوە، حیزب و کەسایەتیە شیعەکان دەبوایە پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیان بکردایە چونکە لە عێراقی دوای کوردا دەبنە زۆرینەی ڕەها، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوان خۆیان بە دەسەڵاتدار و خاوەنی هەموو عێراق دەزانن، ئەوا نایانەوێت دان بە لەتبونی عێراقدا بنێن.
دووەم، ئەوەی وا دەکات ئەم حیزبە عێراقیانە بە شیعە و سونەوە نەتوانن گفتوگۆ لەسەر لەتبونی عێراق بکەن چەند هۆکارێکە. یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانە کاریگەریی هێزە هەرێمیەکانە لەسەریان. ئێران هەژمونی تەواوی لەسەر هێزە شیعەکان هەیە و ناشیەوێت کورد دەوڵەت دروست بکات چونکە ئەم دەوڵەتە هەم دەبێتە هاندەر بۆ گەشەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان و هەم داواکاری کوردانی ئێرانیش بۆ سەربەخۆیی یان پەیوەندیکردن بە دەوڵەتی کوردستان پەرە دەسێنێت. ئێران دەتوانێت لە ڕێی هەژمونی خۆیەوە ڕێگر بێت لە هەر گفتوگۆیەکی جدی لەسەر دروستبونی دەوڵەتی کوردستان. بە هەمان هۆکار و هەژمونیش، تورکیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هێزە سونیەکان هەیە و ڕێگر دەبێت لە دروستبونی دەوڵەتێکی کوردیی، ئەمە بەدەر لە هەژمونی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بەسەر هێزە سونیەکانەوە و ڕێگرتن لە دروستبونی دەوڵەتی کوردستان بە بەهانەی ئەوەی نایانەوێت ئیسرائیلێکی تر لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت.
سێهەم، کێشەی ناوچە دەوڵەمەند و پڕ نەوتەکەی کەرکویش یەکێک بووە لە ڕێگرە مێژویەکانی باشتربونی پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی عێراق و هێزە کوردیەکان، بۆ نمونە هۆکارێکی سەرەکی شکستی ئۆتۆنۆمی ئازاری ١٩٧٠ بابەتی خاوەنداری کەرکوک بوو. پارێزگای کەرکوک خاوەنی یەدەگێکی نەوتی سەلمێندراوی گەورەیە کە ئاسان نیە هیچ حکومەتێکی عێراقی ئامادە بێت بیداتە بە دەوڵەتێک کە هەم سەروەتەکەی بۆ خۆی بەرێت و هەم خاکەکەشی لەتلەت بکات.  
چوارەم، لە ڕووی شوناسی قەومیەوە، هەریەک لە پێکهاتەکانی کەرکوک شارەکە بە موڵکی خۆیان دەزانن. کورد دەوڵەت بەبێ کەرکوک دروست ناکات، عەرەبیش ئامادە نیە دەستی لێ هەڵبگرێت و تورکمانیش بە پشتگیریی تورکیا باس لە دروستکردنی هەرێمێکی تورکمانی دەکەن کە کەرکوک بەشێک دەبێت لێی. ئەم ململانێی شوناسەڤ(خاوەنداریی کەرکوک) زۆر مەترسیدارە و ئەگەری زۆرە سەربکێشێت بۆ شکستی هەر دانوستانێک کە پێشتر ئەنجامدرابێت. کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی، کێشەی شوناس و کێشەی سامان و داهاتی نەوتە، بونی ئەم دوو فاکتەرە لە یەک هاوکێشەدا لە یەک شوێن و کاتدا، ئەگەر جەنگێکی خوێناوی بەرهەم نەهێنێت، ئەوا دانوستانەکان زۆر قورس و دژوار دەکەن. هەر هێندەی هەرێمی کوردستان بە ئەمری واقیع دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، ناکاتە ئەوەی عەرەبەکانی عێراقیش بە شیعە و سونەوە بە ئاسانی دەستی لێ هەڵبگرن، بە تایبەت کە ئێستا هێزەکانی حەشدی شەعبی دەسەڵاتیان هەیە لە دەروبەری ئەو ناوچە جێناکۆکانەدا. ‌هێزەکانی حەشدی شەعبی میلیشیان و فرمان لە سەرکردە شیعە نانیزامیەکانەوە وەردەگرن، نەک حکومەتی عێراقی و ئەمەش وا دەکات کە ئەم هێزانە مەترسیەکی بەردەوام بن بۆ شکستپێهێنانی هەر دانوستانێک لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەمانە تەنها چەند هۆکارێک بون کە دانوستانەکانی دوای ڕیفراندۆمی نێوان هەرێم و بەغداد زۆر قورس و ئەستەم دەکەن. بۆیە من وایدەبینم، بەڵێ دانوستان لەگەڵ بەغداد سەلامەتترین ڕێگەیە بەڵام سەختترین و درێژترینە. ئەوەش کە جێی نیگەرانیە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک دوو عەرابی سەرەکی ڕیفراندۆم، زەحمەتە توانیبێتیان خوێندنەوەیەکی وورد و دوربین و واقیعی و دوور لە عاتیفە و خەیاڵ بکەن بۆ باردۆخی سیاسی و ئابوری دوای ڕیفراندۆم. بۆیەش، هەرچەندە جێی داخە، بەڵام من ڕۆژەکانی دوای ڕیفراندۆم بە سەختتر و دژوارتر دەبینم بۆ هەرێمی کوردستان وەک لەم ڕۆژانەی ئێستامان بەم هەموو قەیرانەشەوە. بە هیوای ئەوەی من هەڵەبم و ئەوان ڕاست.



سەرچاوەکان:
1-    بڕوانە سایتی فۆرەن پۆلیسی بۆ خوێندنەوەی تەواوی چاوپێکەوتنەکە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە   http://foreignpolicy.com/2017/06/15/masoud-barzani-why-its-time-for-kurdish-independence/
2-    بڕوانە سایتی ڕووداو لەسەر ئەم لینکە http://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/11062017
5-    بڕوانە سایتی دەیلی سەباحی تورکی https://www.dailysabah.com/diplomacy/2017/06/10/iran-joins-turkey-iraq-in-opposing-krg-independence-vote
6-    بڕوانە سایتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوداو http://www.rudaw.net/english/kurdistan/110420174

No comments:

Post a Comment