لاپەڕەی سەرەکی

Friday, 30 December 2016

هەرێمی کوردستان لە دوای داعش: موسڵ و ناوچە جێناکۆکەکان

نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا


پرسیارێکی گرنگ کە دەبێت حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردستانیە دیارەکان  لە خۆیانی بکەن ئەوەیە کە پلانیان چی دەبێت بۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقی دوای داعش تاوەکو زۆرترین سود بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن. بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی و تێڕامانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە دەست قەیرانێکی ئیداری و دارایی سەختەوە گیری خواردوە و پەیوەندی حیزبە کوردستانیەکانیش لە ئەوپەڕی خراپیدایە (بە تایبەت پارتی دیموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان). ئەم قەیرانە سەختە و خراپی پەیوەندیەکان وایکردووە کە کەمتر هەرێمی کوردستان بیپەرژێتە سەر کۆبونەوە و پلاندانان بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانی کورد لە دوای تەواوبونی شەڕی موسڵ و دەرکردنی داعش لێی (کە ڕەنگە چەند مانگێکی تر بخایەنێت). نەبونی پلانی تۆکمە و دیراسەکراو هەم بەزیانی گەورە بۆ کورد تەواو دەبێت و هەم گرنگیدانەنانە بۆ ئەو هەموو قوربانیەی لەم پێناوەدا دراوە (هەر لە شەهید بونی هەزاران پێشمەرگە و زیانە مادی و دەرونیەکانی بەر هاوڵاتیانی کوردستان کەوتوە). بێ پلانی و هەنگاونانی کوێرانە بەرەو داهاتوو، حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردستانیەکان (لەم نوسینەدا لە مەودوا هەرێمی کوردستان لەبریان بەکار دەهێنم) دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژویی و ئۆباڵی کارەساتەکانیان دەخاتە سەرشان. بۆیەش من لەم بابەتە کورتەدا ئاماژە بۆ چەند گرفتێک دەکەم کە دێتە پێش هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکەم کە چۆن دەکرێت هەر یەک لەم بابەتانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت لە دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ. من بە کورتی باس لە دوو پرسی گرنگ دەکەم کە ئەوانیش بەهەرێمکردنی موسڵ و چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکانن.

بەهەرێمکردنی موسڵ

تا ئێستا کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ڕوئیایان ڕوون نیە بەرامبەر بە دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا. زۆر بە کەمیش ئەو ئەکادیمیانەی تایبەتمەندن لە زانستە سیاسیەکاندا توانیویانە بە قوڵی و بێلایەنی دەربارەی ئەم پرسە بنوسن. لە سالی ٢٠٠٨ بەدواوە چەند جارێك لە عێراقدا هەوڵدراوە یەکێک لە پارێزگاکان بکرێتە هەرێم. بۆ نمونە پارێزگای بەسرە کە زۆرینەی شیعەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا هەوڵێکی بە هەرێمبونی تاقیکردەوە بەڵام لەبەر چەندین هۆکاری سیاسی شکستی هێنا. پارێزگای سەلاحەدین کە زۆرینەی عەرەبی سونەن لە ساڵی ٢٠١١ دا هەوڵێکی هاوشێوەی دا، بەڵام ئەویش بە شکست کۆتاییهات. ئەوەی جێی تیڕامانە کە کوتلە کوردیەکانی پەرلەمانی عێراق و حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکیان دەربارەی شکستهێنانی ئەم پرسە دەرنەبڕیوە.
دروستکردنی هەرێمی موسڵ کارێکی دەستوریە. بە پێی دەستوری عێراق (مادەی ١١٥) هەموو پارێزگایەک بۆی هەیە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسیە باڵادەستەکانی عێراق ڕێکنەکەون لەسەر بەهەرێمکردنی شارەکە ئەوا زۆر زەحمەتە پرۆژەکە سەربگرێت. لە ئێستادا عەرەبی سونە (کوتلە سونیەکان بە گشتی) پشتگیری بەهەرێمکردنی موسل دەکەن، بەڵام عەرەبی شیعە (کوتلە سیاسیە شیعەکان بە گشتی) پێیانباشە کە موسڵ بگەڕێتەوە باری پێشوی (پێش هاتنی داعش) و وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت (١). کوتلە کوردیەکان و حکومەتی هەرێم تا ئێستا بێدەنگن و هیچ پلانێکیان نیە بۆ داهاتوی موسڵ و ئەمەش دووجار بە ئاشکرا لە لایەن مەسعود بارزانیەوە ئاماژەی پێدراوە (٢). پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کورد دەبێت پشتگیری لە بونیادنانی هەرێمی موسڵ بکات یان نا؟ لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم بە کورتی و بەچڕی باس لەم بابەتە بکەم.
لە نوسینێکی تردا ئاماژەم داوە بە گرنگی بەهەرێمکردنی موسڵ بۆ هەرێمی کوردستان (٣). لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە دەکرێت هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوت سەیری بکات ئەوەیە کە هەرێمی موسڵ دەبێتە زۆنێکی ڕێگر لە هێزە توندڕەوەکان. هەروەها زیادبونی هەرێمێکی تر بۆ عێراق بەهێزبونی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر حکومەتی بەغداد. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە لەڕووی ئابوریەوە هەردوو هەرێمی کوردستان و موسڵ دەتوانن سود لە یەکتری ببینن و بە تایبەت لە هاوردەکردنی شمەک لە ئێران و تورکیاوە بۆ موسڵ کە دەبێت بە هەرێمی کوردستاندا تێپەر ببێت. هەرچەندە دەکرێت بەهەرێمکردنی موسڵ هەندێک لایەنی نێگەتیڤی هەبێت، بەڵام لەم کاتەدا لایەنە ئیجابیەکان گەورەترن، بۆیەش دەبێت حیزبە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێم پشتگیری بەهەرێمکردنی موسڵ بکەن. بەڵام چۆن و کەی ئەم پشتگیریە پێویستە؟
گفتوگۆکان دەربارەی پرسی بەهەرێمکردنی موسڵ لە دوای دەرکردنی داعش دەست پێدەکەن و لایەنەکان (عەرەبی سونە و شیعە) بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش دەبن. بە شێوەیەکی گشتی، بەشێکی زۆری هێزە سیاسیە سونیەکان کاردەکەن بۆ دروستکردنی هەرێمێک لە موسڵدا کە پێیانوایە تیایدا دەبنە زۆرینە. هەرچەندە ئەم هێزانەش لەناوخۆیاندا ناکۆک دەبن لەسەر چۆنیەتی داڕشتنەوەی یەکە ئیداریەکانی ناو موسڵ، بەڵام بەشێکی زۆریان قەناعەتیان بەوە دەبێت کە هەرێمی موسڵ عەرەبی سونە لە ستەمی حکومەتی زۆرینە شیعە دەپارێزێت. بەڵام لایەنە سیاسیەکانی عەرەبی شیعە دەیانەوێت باری سیاسی و ئیداری موسڵ وەک پێش داگیرکاری داعشی لێبکرێتەوە، واتە موسڵ وەک پارێزگایەک لە چوارچێوەی عێراقدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. لە نێوان ئەم دوو بۆچونە دوور لەیەکەدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێرێت بەوەی هەوڵی ڕازیکردنی لایەنە سیاسیە شیعەکان بدات بەوەی دژایەتی دروستکردنی هەرێمی موسڵ نەکەن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا دانوستان لەگەڵ سونەکان دەست پێبکات و ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکات لەسەر کۆمەڵێک بابەت، وەک چارەنوسی کورد لە هەرێمی موسڵ و چارەنوسی ئەو ناوچە جێناکۆکانەی لە نێوان هەرێمی موسڵ و هەرێمی کوردستاندا دەبن.
ئەوەی بابەتی بەهەرێمبونی موسڵی قورسکردوە ئەوەیە کە دەبێت لایەنە سیاسیە عێراقیەکان ڕێکەوتنی لەسەر بکەن. بەبێ ڕێکەوتنی لایەنە سیاسیەکان ناکرێت بەهەرێمکردنی موسڵ سەربگرێت، هەرچەندە لە ڕووی دەستوریشەوە بێ کێشەیە. کیشەیەکی تریش ئەوەیە کە لایەنە سیاسیە شیعەکان ئەزمونێکی تاڕادەیەک شکستخواردویان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیەش ڕەنگە ئاسان نەبێت ڕازی ببن بە دروستکردنی هەرێمێکی تر. ئەوان وای دەبینن کە هەرێمی موسڵ، وەک هەرێمی کوردستان، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم عێراقێکی مەرکەزیدا کە تیایدا سیستەمی سیاسی لەسەر بناغەی زۆرینە و کەمینە کار دەکات. کێشەیەکی لەبەردەم ڕەزامەندی لایەنە شیعەکاندا ئەوەیە کە ئەوان ڕەنگە وای ببینن کە هەرێمی موسڵ زیاتر لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەسەلاتە ئابوری و ئیداریەکانیەوە پێڕادەکێشێت. لە هەموو ئەمانە گەورەتر کە ڕەنگە مەترسی دروست بکات بۆ سەر عێراقێکی مەرکەزی ئەوەیە دروستکردنی هەرێمی موسڵ ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی پارێزگاکانی تری وەک سەلاحەدین و ئەنبار و بەسرە و کەربەلا و نەجەف و هەندێک پارێزگای تر داوای هەرێمی سەربەخۆ بکەن و بەمەش مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دروست ببێت.
بەڵام، لەلایەکی تریشەوە، بە پارێزگا هێشتنەوەی موسڵیش چەندین مەترسی گەورە دروستدەکات کە لە گرنگترینیان دووبارە بەهێزبونەوەی گروپە تیرۆریستیەکان و تێکچون و شڵەژانی زیاتری سەقامگیریی سیاسیە لە موسڵ و ناوچەکەدا. لە ڕاستیدا بەهێزبونی داعش و داگیرکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق (زیاتر لە %٣٠ خاکەکەی) بەرەنجامی کۆمەڵێک چەوسانەوە و تەهمیشکردن و بەشداری پێنەکردنی عەرەبی سونە بوو لە بەڕێوەبردنی ووڵات و لە دەرکردنی بڕیاری سیاسی و دیزاینی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. داگیرکردنی موسڵ هێندە تۆڵەی موسڵیەکان لە دەسەڵاتی سیاسی عێراق بوو، هێندە بەهێزی داعش نەبوو (٤). زۆر پێش سەرهەڵدانی داعش و بەهێزبون و پێداکوتانی، لە ناوچە سونی نشینەکان زەمینە لەباربوو بۆ دروستبونی داعش چونکە عەرەبی سونە هەر لە دامەزراندنی مەجلیسی حوکمەوە لە ٢٠٠٣ ەوە هەستیان بە وەلانانی سیاسی دەکرد. ئەم هەستی وەلانانە نەک نەتوانرا ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە لایەن ئەمریکا و هێزە شیعیە باڵا دەستەکانەوە بەڵکو درێژەی پێدراو و زیاتریشی کرد. لە کۆتایی ٢٠١٢ وە و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک عەرەبی سونە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد بۆ ئەوە چەرمەسەریی و وەدەرنانیان کۆتایی بێت، بەڵام دوبارە سەرکوتکران و بەزۆر بڵاوە بە خۆپیشاندانەکانیان کراو چەندین کەسیان بونە قوربانی (٥). لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە سەرکردە سیاسیەکانیان یان دەستگیکران و یان دەربەدەرکران و لێرەشەوە زەمینەکە تەواو لەبار و شیاو بوو بۆ بەهێزبونی داعش و لاوازبونی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی. بەم شێوەیە دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە بەهەرێمکردنی موسڵ تاکە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی دوبارە ڕێ لە سەرهەڵدانی هێزی تیرۆریستی تر بگیرێت و وەلانانی سیاسی سونەکانی موسڵ کۆتایی بێت. بۆیەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەم ئارگومێنتانە بەکار بهێنێت بۆ ڕازیکردنی لایەنە سیاسیەکانی عەرەبی شیعە بە دورستکرنی هەرێمێک بۆ دانیشتوانی موسڵ کە زۆرینەیان عەرەبی سونەن.

ناوچە جێناکۆکەکان

یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو پێشهاتانەی کە ڕووبەروی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە لە دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ یەکلاییکردنەوە چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکانە. بەپێی دەستوری عێراقی دەبوایە تا ٣١/١٢/٢٠٠٧ چارەنوسی ئەو ناوچانە بەپێی ئەو هەنگاوانەی لە مادەی ١٤٠ دا دیاریکراون یەکلایی بکرانایەتەوە، بەڵام تا ئێستا تەنانەت یەکێک لە قۆناغەکانیش تەواو نەبووە کە ئەویش 'ئاساییکردنەوەیە'. ئاسایکردنەوە واتە گێڕانەوەی ماف بۆ ئەو کەسانەی بە بەهانەیەکی سیاسی یان قەومی لە خاک و موڵکی خۆیان وەدەرنراون یان لە کارەکانیان دەرکراون و گەڕانەوەیان بۆ سەر موڵکەکانیان لەو ناوچانەدا کە بە جێناکۆک ناودەبرێن و سەندنەوەی ئەو خاک و موڵکانەیە کە بەناحەق دروان بە کەسانێک کە لەدەرەوەی ئەو ناوچانە هێندراون و گێڕانەوەیان بۆ زێدی یەکەمی خۆیان. دوای تێپەڕینی نزیکەی ٩ ساڵ بەسەر دواوادەی جێبەجێکردنی مادەکەدا، تا ئێستا کەمێک لە مامەڵەکان بەئەنجام گەیشتون. لە چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ خالید شوانی دا لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەوەی وت کە ئەگەر کارەکانی ئاسایکردنەوە بەم شێوەیە بڕوات ئەوا بە ٣٠ ساڵی تریش کارەکانی قۆناغی یەکەم تەواو نابێت. بەپێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراقی، هەرکات قۆناغی یەکەم کۆتایی هات ئەو کات قۆناغی دووەم و سێهەم دەست پێدەکەن. قۆناغی دووەم بریتیە لە سەرژمێرکردنی دانیشتوانی کەرکوک و پاش سەرژمێریش بە ڕیفراندۆمێک بڕیار لەسەر چارەنوسی ئیداری و سیاسی ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەدرێت. سەرژمێری و ڕیفراندۆم لە مادەی ١٤٠ دەستوری عێراقیدا چەندین گرفتی گەورەیان تێدایە کە لێرەدا ناتوانین ئاماژەی پێبدەین، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەی ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەکات کە ئێستا بە دیفاکتۆ لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان؟
 لە ئێستادا ناوچەیەکی فراوان لە کەرکوک و موسڵ دیالا و هەندێک پارێزگای تر کە بەجێناکۆک دەناسرێن لە ژێردەسەلآتی هەرێمی کوردستاندایە. لە پێش دەرکەوتنی داعش ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا بون. لەگەڵ دەرکەوتنی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراقیدا، ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی داعش و حکومەتی عێراقیش توانای سەندنەوەیانی نەبوو. بونی  داعش لەو ناوچانە مەترسیەکی ڕاستەقینەی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردبوو، بۆیەش یەکێتی و پارتی هەریەک لە زۆنی خۆیەوە و بەیارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵکرد. بارزانی لە لێدوانێکیدا لە دوای کۆنتڕۆلکردنەوەی ئەو ناوچانەوە ڕایگەیاند کە مادەی ١٤٠ مردووە و هەرێمی کوردستان هەرگیز دوای ئەو قوربانیانەی داوێتی دەست لەو ناوچانە هەڵناگرێت (٦). ئەوەی کە لە ڕێکەوتنە سەربازیەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیدا هاتوە دەربارەی پرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ ئەوەیە کە هەرێم تەنها لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە دوای ١٧/١٠/٢٠١٦ ەوە کەوتونەتە ژێر دەستی، نەک ناوچەکانی پێش ئەو بەروارە. لە ڕاستیدا، ئەمە وەک دانپێدانانێکە نادیار وایە بەوەی کە ئەو ناوچانە بە ئەمری واقیع چونەتە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەوە، بەڵام هێشتا ناکرێت بوترێت کە هەرێم توانیوێتی دڵنیایی هەبێت لە چارەنوسی ئەو ناوچانە، بە تایبەت لە دوای دەرکردنی داعش لە موسڵ و ناوچەکانی تری عێراقدا. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەی کە ئایا هەرێمی کوردستان چۆن دڵنیا بێتەوە لە چارەنوسی ئەو ناوچانە و چۆن دڵنیاییش بداتە دانیشتوانی کەرکوک و شوێنەکانی تر؟
دەبێت هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دوای داعشدا لەسەر دوو ئاست مامەڵە و دانوستان لەسەر چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان بکات. ئاستی یەکەم بریتیە لە دانوستانکردن لەگەڵ حکومەتی مەرکەز و ئاستی دووهەمیش بریتیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی کەرکوک بە هەمو پێکهاتەکانیەوە دەربارەی داهاتوی سیاسی و ئیداری کەرکوک. لێرەدا بەکورتی باس لەهەر یەکێک لەو ئاستانە دەکەم. لە ئاستی دانوستانکردن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیدا هەرێمی کوردستان دەبێت باش ئاگاداری ئەوە بێت کە ئەگەر لە ئێستاشدا بەهۆی شەڕی داعشەوە حکومەت لاواز بێت، ئەوا دوای شەڕی داعش هێزەکانی خۆی کۆدەکاتەوە و سەرکەوتنیش بەسەر داعشدا ورەیەکی زیاتر و گەورەتر دەداتە سەرکردایەتی ئەو هێزانە. دەکرێت هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە بەرژەوەندی زیاتر لەگەڵ پێکهاتە و لایەن سیاسیەکانی عەرەبی سونەدا دروست بکات، بە تایبەت ئەو لایەنانەیان کە پرۆژەی دروستکردنی هەرێمی موسڵیان هەیە. ئەو لایەنانە پێویستیان بە کورد هەیە بۆ ئەوەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی موسڵ سەربگرێت و ئەمەش دەکرێت ببێتە ئەو خاڵەی کە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیەکانی خۆی دەربارەی چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکانی لەسەر بونیاد دەنێت. دەکرێت دانوستانی بێ ڕتوش دەربارەی ئەم پرسە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا دەست پێبکرێت و قەناعەت بەلایەنە سەرەکیەکانی عێراقیش بکرێت کە ناکرێت لەوە زیاتر چاوەڕوانی تەواوی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکرێت، بەڵکو لە داهاتویەکی نزیکدا بە ئامادەبونی نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  باس لە ئەنجامدانی سەرژمێری و ڕیفراندۆم بکرێت. ئامادەبونی لایەنە نیودەوڵەتیەکان وەکو چاودێر متمانەی سەرژمێری و ڕیفراندۆم لای هەمو لایەنەکان زیاتر دەکات.  
ئەوەی کە یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانەی ئاڵۆزترکردوە، بە تایبەت کەرکوک، بونی سەرچاوەیەکی دەگمەنی وەک نەوتە. نەوتی کەرکوک سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی عێراق بووە لە سەرەتای دروستبونیەوە هەتا ئێستا. یەدەگی نەوتی کەرکوکیش بە زیاتر ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت کە ١/٣ ی نەوتی عێراق دەخەمڵێنرێت (٧). هەربۆیەش ئاسان نیە حکومەتی عێراق بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ناوچە جێناکۆکانە ببێت. لە ئەگەری سەربەخۆبونی هەرێمی کوردستانیشدا، یەکێک لە گرفتە گەورەکانی نێوان هەرێم و عێراق مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ داهاتوی ئەو ناوچانەدا. لە جیهاندا چەند شار یان شارۆچکە کێشەی بەرچاویان دروستکردووە. بۆ نمونە شارۆچکەی ئابیێی Abyei یەکێکە لەو نمونانەی کە بۆتە هۆی کێشەی بەردەوامی نێوان هەردوو دەوڵەتی سودان و سودانی باشور. بۆیەش دەکرێت لە ئێستاوە دانوستانی چڕوپڕ و ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا دەست پێبکات بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی سەرچاوە دەگمەنەکانی ئەو ناوچانە. دەکرێت باس لەوە بکرێت کە لە ئەگەری سەربەخۆبونی کوردستاندا بۆ ماوەیەک و بەڕێکەوتنێکی سیاسی و بە ئامادەبونی لایەنە نێودەوڵەتیەکان بەپێی فۆرمولەیەک بەشێک لە داهاتی کەرکوک بدرێتە بەغداد لەبری دانپێدانان بەسەربەخۆیی کوردستاندا.
هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ئاستێکی تریش، بەدەر لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، مامەڵەی بەرپرسیارانە بکات کە ئەویش دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی پارێزگای کەرکوکە. هاوشان لەگەڵ ئاستی یەکەم، ئاستی دوهەمیش گرنگیەکی تایبەتی هەیە. لە ئێستادا چارەنوسی پارێزگای کەرکوک چەند بژاردەیەکی سەرەکی لەبەردەمدایە کە ئەمانەن:
1-    مانەوە وەک پارێزگایەکی سەر بە حکومەتی عێراقی
2-    هاتنە سەر هەرێمی کوردستان
3-    بون بە هەرێمێکی سەربەخۆ
لە ئێستادا ئەگەری سێهەم کەمتر رێی تێدەچێت چونکە لایەنی زاڵ لە کەرکوکدا (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بۆچونێکی سلبی لەسەر بەهەرێمکردنی کەرکوک هەیە و لایەنە سیاسیە کوردیەکانی تریش هەمان بۆچونی یەکێتیان هەیە. ناوچە کوردیەکانی پارێزگای کەرکوک ئێستا بە فەرمی لەژێردەستی حکومەتی عێراقدان لە ڕووی دابینکردنی بودجە و موچەی کارمەندانەوە، بەڵام بە نافەرمی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی هێزە سیاسیە کوردیەکاندایە. تەنانەت پارێزگاری کەرکوک بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد ڕێکەوتنی فرۆشتنی نەوتی کەرکوکی لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا مۆر کردوە. چارەنوسی کەرکوک زیاتر لە نێوان بژاردەی یەکەم و دووەمدا یەکلا دەبێتەوە. ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش وەک حاڵی ئێستای بە فەرمی سەر بە عێراق بێت، بەڵام دوای ئەوە ئەگەری هاتنە سەر هەرێمی کوردستانی زیاتر دەبێت. بەڵام دوو گرفتی سەرەکی هەیە کە لە ئەگەری هاتنە سەر هەرێمی کوردستاندا توشی هەرێم دەبێت:
یەکەم: مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکاندا بە شێوەیەک نەبووە کە ئەو دوو پێکهاتەیە خۆشحاڵ بن و ڕێگر نەبن لەوەی کەرکوک بێتە سەر هەرێم.
دووەم: هەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕوون نیە چۆن لە ڕووی ئیداریەوە مامەڵە لەگەڵ کەرکوکدا دەکات، وەک پاڕێزگاکانی تر یان وەک حاڵەتێکی تایبەت.
پێکهاتەی ئیسنی کەرکوک لەگەڵ شارەکانی تردا جیاوازە و مێژوی سیاسی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانیشی وا دەکات کە لە ئەگەری هاتنە سەر هەرێمدا کەرکوک وەک پارێزگاکانی تر سەیر نەکرێت بەڵکو لە ڕووی ئیداریەوە دەسەڵاتێکی زیاتریان پێبدرێت و شێوازی بەرێوەبردنی پارێزگاکەش بە تەوافوق بێت لە نێوان پێکهاتەکانیدا. بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان بە حکومەت و حیزبە دیارەکانەوە لایان ڕوون نیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەرکوک بکەن، بەڵکو ئەوەی لایان گرنگە ئەوەیە کە کەرکوک بهێننە سەر هەرێمی کوردستان.

پوختە:

لە ڕاستیدا نوسین دەربارەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات لە دوای دەرهێنانی موسڵ لە دەستی داعش زۆری دەوێت، بەڵام لە بابەتێکی وەها کورتدا هەر هێندە دەنوسرێت. ئێمە تەنها باسمان لە چۆنیەتی مامەڵەی هەرێم و دانوستان کرد لەسەر موسڵی دوای داعش و چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام دەکرێت باس لە چارەنوسی هەرێمی کوردستان خۆشی بکرێت لە بون بە دەوڵەت یان مانەوە لە سایەی فیدڕاڵیەتی عێراقدا. بەڵکو لە داهاتویەکی نزیکدا دەرفەتی نوسینی لێکۆڵینەوەیەکی کورتم هەبێت دەربارەی ئەم پرسە.

سەرچاوەکان:

1.       Panahi, B. (2016) عمليات الموصل وتعدد القوی المشاركة فيها. Available at: http://www.albadee.net/53335/%D8%B9%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%88%D8%B5%D9%84-%D9%88%D8%AA%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%DB%8C-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D9%81%D9%8A/  (Accessed: 27 December 2016).
2.       Masoud Barzani (2016) Hevpeyvîna li gel CNN (Christiane Amanpour). Available at: https://www.youtube.com/watch?v=i6mX0jXKdXI  (Accessed: 27 December 2016).
4.       Al-Dagher, Munqith (2014), How Iraqi Sunnis really feel about the Islamic State, The Washington Post,  available online  https://www.washingtonpost.com/blogs/monkey-cage/wp/2015/03/24/how-iraqi-sunnis-really-feel-about-the-islamic-state/  (accessed 23.11.2015).
5.       Middle east online: Iraq protesters win first demand: Release of 3, 000 prisoners: (2013) Available at: http://www.middle-east-online.com/english/?id=56773 (Accessed: 27 December 2016).
6.       بارزانی: مادەی 140 جێبەجێكرا‌و كۆتایی پێهات (2014) Available at: http://kirkuknow.com/kurdish/?p=37326 (Accessed: 27 December 2016).
7.       Ansary, K.A. and Stanley, B. (2016) Kurds tighten grip on north Iraq oil fields with Kirkuk deal. Available at: https://www.bloomberg.com/news/articles/2016-03-03/kurds-tighten-grip-on-north-iraq-oil-fields-with-kirkuk-deal (Accessed: 27 December 2016).



No comments:

Post a Comment