لاپەڕەی سەرەکی

Monday, 5 September 2016

حیزبەکان سەرچاوەی سەرەکی نەهامەتیمانن

نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا
ئێستا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قوڵدا تێپەڕ دەبێت کە ڕەهەندی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. لە ڕوی ئابوریەوە، حکومەت توانای دابینکردنی بژێوی خەڵکی نیە. نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەزیادکردنی ڕێژەی باج لەسەر خەڵک، باری سەرشانی زیاتر قورسکردون. پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لەو کەرتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەباشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیانەوە لەکارکەوتون. لەم ڕوەوە ئێستا حکومەت زیاتر بارە بەسەرشانی هاوڵاتیانەوە نەک خەمڕەوێن. لە ڕوی شوناسیی سیاسیەوە، کوردستان دابەشکراوە  بەسەر چەند ئایدۆلۆجیایەکی جیاوازدا،  بەمەش جیاوازیەکان قوڵتر بونەتەوە و مامەڵە لەگەڵیاندا قورستر بوە. هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر ئایدۆلۆجیای ئیسلامی و عەلمانیدا و بەسەر گۆڕانخواز و دژەگۆڕاندا و بەسەر چەند حیزبێکدا. ئەمە بەدەر لەو دابەشبونەش کە هەیە لە نێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی تر، یان لە بونی چەند ئاین و ئاینزایەکی تر. لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە، ڕێژەی لێکهەڵوەشانی خێزان و کوشتن و فڕاندن و کپکردنی ئازادیەکان لەچاو پێشودا زیادیکردوە. ئێستا لە جاران زیاتر ترس لەسەر ژیانی دەنگە ناڕەزاکان هەیە.


هەمو ئەمانەی باسکران قەیرانن و بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیان گرتوە، بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە کە کێ بەرپرسە لە هاتنەکایەی ئەم دۆخە؟ ڕەنگە گەلێک فاکتەر دەستیان هەبێت لە هێنانەکایەی ئەم قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و شوناسیەدا، بەڵام بە بۆچونی من حیزبە سیاسیەکانی هەرێم فاکتەرێکی بنەڕەتین.

حیزبە سیاسیەکانی هەرێم فاکتەری سەرەکین چونکە:
یەکەم:  ئەوەی ئێستا هاوڵاتیانی دابەشکردوە بۆ ئیسلامی و عەلمانی و بۆ گەندەڵ و دژە گەندەڵ ..هتد، حیزبە سیاسیەکانن. لە ئەدەبیاتی حیزبە ئیسلامیەکان و لە گوتاریاندا بەردەوام باس لەوە دەکەن کە دەبێت بەرەیەکی ئیسلامی دروست بکرێت تا بە شێوەیەکی کاریگەر بتوانن ڕوبەڕوی بەرەی "عەلمانی"ەکان ببنەوە. لەناو ئەدەبیاتی "عەلمانیەکان"یشدا بەردەوام باس لە مەترسی ئیسلامیەکان دەکرێت لەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت لە گوتاری هەندێکیاندا کار دەگاتە ئەوەی داوای بنەبڕکردنی و قەدەغەکردنی کاری سیاسیان لێبکرێت.  ئیستا لە نێوان جەماوەری پارتی و گۆڕان لەلایەک و گۆڕان و یەکێتی و لەلایەکی تر و هەروەها لە نێوان یەکێتی و پارتیش جورێک لە دوژمنایەتی و بەکەم سەیری یەکترکردن هەیە..لای جەماوەری گۆڕان هەر کەسێک دواکەوتو وعەقڵی چەقبەستو نەبێت نابێتە ئەندامی پارتی. ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕان هەمو ئەندامێکی پارتی بە بەرپرس دەزانن لە دروستبونی گەندەڵی و هێنانەکایەی کێشەی مادی و مەعنەوی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم. کەچی لەولاشەوە ئەندامانی پارتی ئەندامانی گۆڕان بە گێرەشێوێن و بێ بەرنامە و نەزانی سیاسی ناوزەد دەکەن. گرفتەکە ئەوە نیە کە دوو حیزب یان زیاتر هەبێت لە هەرێمدا کە کێبڕکێ بکەن بۆ دەسەڵات، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە کە کێبرکێکەیان چوەتە قۆناغێکی مەترسیدار بە شێوەیەک کە بەتەواوەتی گەنجانی هەردولای لەیەکتر هانداوە تا ئەو ئاستەی کە لە ساناترین قەیراندا، گەورەترین کێشە دروست بکەن. ئەمە تەنها گۆران و پارتی  نین کە ئەم جۆرە لە ناسازی سیاسیان دروستکردوە، بەلکو حیزبەکانی تریش کەم و زۆر پشکیان هەیە لە هاندانی گەنج و لاوەکانی ئەندام و لایەنگریان تا بەچاوێکی سوکەوە سەیری ئەوانی تر بکەن. لە نیو ئیسلامیەکاندا شەڕێکی سارد هەیە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵ و یەکگرتو و کۆمەل و بزوتنەوەی ئیسلامیدا و هەمان شەڕیش لە نێوان گۆڕان و یەکێتی و ئەوانیش لەگەڵ ئیسلامیەکاندا هەیە.
دووەم: قەیرانێکی ئابوری سەخت بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتوە. مامۆستا ناتوانێت کرێی خانوەکەی و مەسرەفی ماڵ و منداڵی بکات. چین و توێژە موچەخۆرەکانی تریش باروگوزەرانیان لە مامۆستا باشتر نیە. بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، خەڵکی بە ئەستەم بژێوی ژیانی بۆ پەیدا دەکرێت. کەچی هەر لەژێر سایەی ئەم سیاسەتانەدا، کۆمەڵێک مشەخۆر دروستبون کە دەستیان بەسەر سامانی هەرێمدا گرتوە و رۆژ بەڕۆژ داهاتیان زیاد دەکات. پوختەی بارودۆخەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە سایەی سیاسیەکانیدا، چینی مامناوەند بەرەو لەناوچون دەڕوات. خەڵک یان زۆر هەژارن، کە زۆرینەی ڕەهای هاوڵاتیانن، یان زۆر دەوڵەمەندن، کە کەمینەیەکی هاوڵاتیانن. بە گشتی، ئەم دەوڵەمەندانە یان خۆیان سیاسین یان لەژێر سایەی حیزبێکی سیاسیدا بونە خاوەنی سامانەکەیان. چینی مامناوەند کە موچەخۆران دەگرێتەوە بەرەو هەژاریەکی بێ ئەنداز ڕۆشتون. بەرپرسی یەکەمی ئەم قەیرانانە حیزبە سیاسیەکانن، هەریەکەیان بەپێی دەسەڵات و پێ ڕاکێشانی خۆی. بەڵام لەناو ئەم حیزبانەدا، پارتی و یەکێتی بەرپرسی یەکەمی هاتنەکایەی ئەم قەیرانە ئابوریەن. چاوگێڕانەوەیەکی خێرا بە مێژوی دوای ڕاپەڕینی ئەم دوو لایەنە سیاسیەدا، بە ئاسانی دەمانگەیەنێتە ئەم بەرەنجامەی کە سیاسەتی ئەوان کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاندوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە تەنها ئەو دوو لایەنە بەرپرس بن، بەڵکو لایەنەکانی تریش پشکی خۆیان هەیە.
سێهەم: چەندین قەیرانی تریش هەن کە بەرهەمی چەند ساڵەی حوکم و دەسەڵاتی حیزبە سیاسیەکانی هەرێمن لەوانە بەربڵاوی گەندەڵی و نەبونی دامەزارەی سیاسی شەفاف و کارا و سوکایەتیکردن بە ئازادیە گشتیەکان و قۆرخکردنی ئابوری هەرێم و ..هتد.


بەرەنجام دەبێت هاوڵاتیانی هەرێم هۆشیارانەتر لەم حیزبانە تێبگەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. هاوڵاتی بەهای خۆی بەبەرزتر لە حیزبی سیاسی ببینێت. دەبێت هاوڵاتیان حیزب بکەنە خزمەتکار نەک ئاغا و سەردار.

No comments:

Post a Comment